وەزارەتی تەندروستی هەرێم روونكردنەوەیەکی لەبارەی كشانەوەی دەرمانێكی شەكرە لە بازاڕەكاندا بڵاوکردەوە

تەندروستی هەرێم روونكردنەوەیەکی لەبارەی كشانەوەی دەرمانێكی شەكرە لە بازاڕەكاندا بڵاوکردەوە و دەڵێت" ھاوڵاتیان ئاگادار دەكەینەوە، ئەم جۆرەی دەرمانی مێتفورمین'ە رانەگرن و بەردەوامبن لەسەر بەكارھێنانی".

 

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە رایگەیاندووە" دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریكی (FDA) ھوشیاری دەداتە نەخۆش و پسپوڕانی تەندروستی لە ھەبوونی ماددەی (NDMA) سەرووی رێژەی پەسەندكراو لەناو دەرمانی (Metformin) كە لەوانەیە ببێتە ھۆكاری شێرپەنجە".

 

ئاماژەی بەوەشداوە، ھاوڵاتیان ئاگادار دەكەینەوە كە ئەم ئاگاداركردنەوە تەنیا بۆ جۆرێكی شێوەی دەرمانسازی (dosage form)ـی دەرمانی مێتفورمین‌'ە كە پێی دەگووترێت (extended release) و ھەروەھا ھۆشداریەكە تایبەتە بە دەرمانی مێتفورمین'ی چەند كارگەیەكی بەرھەمھێنان، بەڵام ھەمان دەرمان لە جۆری شێوەی دەرمانسازی (immediate release) ماددەی شێرپەنجەیی (NDMA) تێدا دەرنەكەوتووە كە باوترین جۆری شێوەی دەرمانسازی دەرمانی مێتفورمینە كە بەكاردێت.
 
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھاوڵاتیان ئاگادار دەكەینەوە، ئەم جۆرەی دەرمانی مێتفورمین'ە رانەگرن و بەردەوامبن لەسەر بەكارھێنانی تاكو پزیشكی پسپۆڕ یان دەرمانسازی پسپۆڕ جێگرەوەی دەرمانەكە بۆیان دیاریدەكات، چونكە جێگای مەترسییە بۆ نەخۆشی شەكرەی جۆری دووەم (type 2 diabetes) دەرمانەكە رابگرێت پێش ئەوەی راوێژ بە دكتۆری پسپۆڕ بكات.



AM:09:55:12/01/2021