فەرموون؛ ئیسلامییەکان بۆ دەرەوە..!

توانا ئه‌مین
لە ڕووداوە ناخۆش و خوێناوییەکانی ئەم دواییەی کوردستاندا کەس بەقەد ئیسلامییەکان بێدەنگ نەبوو، ئێستا ئەم هەرێمەی ئێمە وەک شەمەندەفەرێکی وێڵ بە تونێلێکی تاریک و خوێناویدا دەڕوات، جەنگ دژی تیرۆر، بۆتە ڕاستییەکی بەرجەستە، بووە بە شەڕێک تەنیا لە پێناو مانەوەی خۆتدا وەک سوبێکتێک، وەک ژیانی ڕووت، تەنیا لە پێناو زیندوو مانەوە، لە پێناو هەناسە هەڵکێشان.
لە حاڵێکی پەشیوی وەهادا کە هاونیشتیمانیانی کوردستان لە سەعدییە و جەلەولا و بە درێژایی سنوری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و بەم دواییەش لە شەنگال بەدەستی هێزێکی بەربەری وەک داعش دەکوژرێن.. کەس نەیپرسی؛ ئەم ئیسلامیانەی ئێمە بۆ حەرفێکیان لەسەر ئەم داگیرکارییە نەگوت، ئەوە بۆ لە شینی (غەززە)یان نەکەوتن!
لە بەرانبەر ئەو شەڕەی بەرۆکی کوردی گرتووە؛ لە باشترین حاڵەتدا ئیسلامییەکان لە 'بینەرە بەڕێزەکان' بوون و هەڵوێستی ڕوونیان نەبووە و نیانە. ئەگەر تەنیا دوو حیزبی گەورەی ئیسلامی وەک (یەکگرتوو و کۆمەڵ) بە نموونە وەربگرین، کە بەشدارن لە حکومەت و 16 کورسی پارلەمان و وەزارەت و وەزیر و بریکار و بەڕێوبەری گشتی و ...هتد هەیە، سەرت لەو هەموو سکوتە ڕەهایەیان دەسوڕمێت!
ئیسلامییەکانی ئێمە؛ هێزن و مینۆتۆرێت نین، لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی کوردستاندا؛ لە سلێمانی یەکگرتوو (63هەزارو 682) دەنگ و کۆمەڵ (47هەزارو 549) دەنگ، لە هەولێر یەکگرتوو (41هەزارو 728) دەنگ و کۆمەڵ (58هەزارو 420) دەنگ، لە دهۆک یەکگرتوو (62هەزارو 147) دەنگ و کۆمەڵ (4هەزارو 221)دەنگی بەدەست هێناوە. سەرجەمی هەمووی؛ هەردوو لایان لە لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا: [269هەزارو 652] دەنگیان بەدەست هێناوە.
ئەگەر وا دابنێین %50ی ئەم دەنگدەرانە ژن بوون و لە ئێستای بارودۆخی کوردستاندا لە باشوور؛ ژن ناتوانێت بە شێوەیەکی دایرێکت و کارا و مەیدانیانە بچێتە بەرەکانی شەڕ، بەڵام خۆ هێشتا نیوەکەی تری ئەم ژمارەیە کە [134هەزارو 826] کەسە، پیاون و لەسەرو تەمەنی ١٨ساڵییەوەن.. کوا ئەم سوپا گەورە و بێشومارە لە خەڵک..؟؟؟؟!!!!
لە یاسای بودجەی حیزبەکاندا -کە خوێندنەوەی یەکەمی لە پارلەماندا بۆ کراوە- بۆ هەر کورسییەکی پارلەمان (60 میلیۆن) دینار دانراو -ئەمە جگە لەوەی کورسییەکانی دوو خولی ڕابردوو وەک پێوەرێک لەبەرچاو گیراوە- و بەم شێوەیەش و بە پێی ئەم یاسایە؛ ئەم دوو حیزبە بۆ هەرمانگێک؛ مافی بردنی [1 میلیار و 920 میلیۆن دینار]یان لە بودجەی گشتی خەڵک هەیە..!!
ئێستا ئەگەر ئیسلامییەکان لە خێروبێری ئەم وڵاتەدا بەشدارن، دەبێ لە ناخۆشی و نەهامەتیشیدا بەشداربن، بە پێچەوانەوە کە لە ئێستادا کوڕی فەقیر و هەژار دەکوژێت و پارتی کادرەکانی خوارەی ناچار بە بەشداری کردنی شەڕ دەکات، یەکێتی هێزێکی زۆری خستۆتە جەنگەکەوە، گۆڕان پاسەوانە کەمەکانی بارەگاکانی خۆشی ناردوو بۆ شەڕەکە، کوردانی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات، بەشداری دەکەن. ئیتر ناکرێت (یەکگرتوو و کۆمەڵ)ی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا، لە ماڵەکانی خۆیاندا -کە لە سایەی ڕژانی خوێنی عیلمانییەکاندا بۆتە جێگایەکی ئارام بۆیان- دانیشن و هیچ نەڵێن و هیچ نەکەن، چونکە ئەم هەڵوێستەیان لە مێژوودا،قورس ده‌که‌وێت له‌سه‌ریان.


13/08/2014



وتارەکانی تری نوسەر