فیشەک و تاجەگوڵینە

ئیبراهیم عه‌باس

نیوەڕۆیەکی گەرم، دوای سێ رۆژ لە بە خاک سپاردنی کاک نەوشیروان مستەفا، شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی بەسەرۆکایەتی کاک نێچیرڤان بارزانی لە هەولێرەوە گەیشتنە سلێمانی و لە رووداوێکی چاوەڕوان نەکراودا، تاجە گوڵینەیان خستە سەر گۆڕی یەکێک لە رابەرەکانی مێژووی کوردستان.

چیرۆکی ئەم تاجەگوڵینەو گۆڕینەوەی فیشەک بە گوڵ، شایانی ئاوڕدانەوەیەو دەکرێت شیکاری بۆ بکرێت وەکو زۆر ویستگەی تری مێژووی ئێمەی کورد، مێژوویەک کە هەر حزبەو وەکو قوماشی کراس بە بەری خۆیان بڕیوویانەو بەشی هەرە زۆریشی شێواوە، لەو شێواویەش ئەم ناهەقیە گەورەیە دروست بووە کە ئێستا خەڵکی کورد بەدەست بەشێک لەسەرکردەکانی کورد دەیچێژن.

دەزانم پارتی دەیەوێت وای وێنا بکات، بۆیە کاک نێچیرڤان بارزانیان کردۆتە سەرۆکی شاندەکە، چونکە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەو کاری راگرتنی باڵانس لە نێوان لایەنەکانە، بەڵام ئەمە هەرگیز راست نییەو مەسەلەکە گەورەبوونی کاک نەوشیروان مستەفایە کە لە گۆڕیشدا ناچاری کردن فیشەک بە گوڵ بگۆڕنەوەو ئەمجارە لەجیاتی ناردنی زێڕەڤانی و فیشەکەکانی دەست و شانیان، کە شوباتی ٢٠١١ ئەم سەرکردەی پارتی، ناردنییە سەر گردی زەرگەتە، خۆی چووە سەر گڵکۆی کاک نەوشیروان و تاجە گوڵینەی خستە سەر گۆڕەکەی.

چیرۆکی ناردنی هێزو پیاوی چەک بەدەست بۆ سەر ناوچەکانی سلێمانی، بارزانییەکان دایان هێناو بوونە هۆکاری یەکەم دووبەرەکی لە مێژووی تازەی کورددا، ئەو دووبەرەکییەی مەلا مستەفا بارزانی باوک، لە ١٩٦٤ عوبەیدوڵای کوڕە گەورەی کردە سەرۆکی هێزێک و پیاوە رۆشنبیرو خوێندەوارو خەباتکارەکارەکانی کوردیان لە ناوچەیەکی نزیک سلێمانییەوە ئاودیوی سنووری ئێران و شاری هەمەدان کرد. هێزێک کە بووە هۆکاری یەکەم خوێنڕژانی کورد بە دەستی کورد لە بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردو شۆڕشی ئەیلولدا.

قۆناغەکانی دووبارەبوونەوەی ئەم مێژووە زۆرن و هەموو جارەکانیش بارزانییەکان هێرشکارو لایەناکانی تریش قوربانین، کە لە چەند ویستگەیەک هێرشەکان مەبەستە سەرەکییەکانیان خودی نەوشیروان مستەفا بووە و هیچ دوورە نەبوو لە شوباتی ٢٠١١ گەر یەکێتی فریا نەکوتبایە، هاوشیوەی کوشتنی بەناهەقی حوسین ئاغای سورچی لە هاوینی ١٩٩٥ دا، خودی نەوشروان مستەفا نەبووایە قوربانی.

گەر کاک نەوشیروان شانازیی ئەوەی پێ بڕا، هەروەک چۆن هاوشێوەی شەقدان لە خویندو خۆشییەکانی ژیانی، خزمەتی گەلەکەی هەڵبژارد و لە ٢٠٠٩ ەوە بزوتنەوەیەکی بێ چەکی دوور لە توندوتیژی دامەزراند، بێگومان دوای سەردانەکەی کاک نێچیرڤان بارزانی شانازییەکی تری لە مێژوودا تۆمار کرد، کە بە گەورەتربوونی دوای لە دونیا دەرچوونی، فیشەکەکانی دەستی بارزانییەکانی بۆ تاجە گوڵینە گۆڕییەوە، ئەو فیشەکانەی زۆری پێدەنازن، بەڵام هیچ قۆناغێک بەقەدەر تاجە گوڵینەکە بۆ ئەوان مایەی شانازی نییە.

25/05/2017



وتارەکانی تری نوسەر