ئەرکەکانی لۆبی تورک لە هەرێمی کوردستان

ئیبراهیم عه‌باس
مەرجەعیەتێک کە هەر دەسەڵاتدارێکی تورک بۆ روانین بۆ هەرێمی کوردستان بۆی بگەڕێنەوە، ئەو خۆ بە خاوەن زانینەیە کە عوسمانییەکان بۆ چوار سەدە خاوەنی ویلایەتی موسڵ بوون، کە هەولێر لە چەقی ئەو ویلایەتە بوو. هەر بۆیە بەدرێژایی دەوڵەتی کەمالی لە بیستەکانی سەدەی رابردوو، تا ئەو ساتەوەختە، نەیانتوانییووە دەستبەرداری ئەو عەقڵیەتەبن، بەجۆرێک هەر سیاسییەکی تورک لە کەمترین روانیدا، هەرێمی کوردستان وەکو حەوشەی پشتی خانووی خۆیان دەبیننن و ئەو روانگانەیان ناشارنەوە.

دەکرێت ئەمە وەکو واقیع تەماشا بکرێت و بۆ تورک ئاسان نییە دەستبەرداری ئەو عەقڵیەتە بن، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە، ئەو ئاراستە سیاسییە کە لە کوردستان کار بۆ ئەجندای تورکی دەکات، بە جۆرێک بە هەموو جۆرە سەردەستییەکی تورک رازین، بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزن، تەنها بۆ ئەوەی پێگە سیاسی و ئابوورییەکانی بنەماڵەیەکانیان پارێزراوبێت.
کارکتەری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت لەم ناوەندادا چەقی قورسیای لۆبی تورکی لەسەرە بەجۆرێک:
یەکەم/ لەلایەک خۆی کار بۆ لۆبی تورکی دەکات بۆ ئەوەی وا وێنای بکات گەر تورکیا لە ناوچەکە بەهێزنەبێت دۆخی ناوچەکە خراپتر لەوە ئێستا دەشێوێت، هەر بۆیە بەدەر لە دابینکردنی بەرژەوەندییە ئەمنی و هەوڵگری و سەربازی و ئابووری و سیاسییەکانی تورکیا لەسەر حسابی خەڵکی هەرێمی کوردستان و کوردانی باکوورو رۆژئاوای کوردستان، لەسەر ئاستی دونیای دەرەوەش بەهۆی ئامادەگی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و ساخکردنەوەی نەوت لەرێگای بەندەری جیهان، تورکیا زۆر جار سوود لە کەسایەتی نێچیرڤان بارزانی دەبینێت.

دووەم/ لەلایەکی تریش لۆبی تورک لەسەر ئاستی سیاسی و راگەیاندن بە پشتیوانی زانیاری و ماددی نێچیرڤان بارزانی، کار لە وڵاتانی خۆرئاوا دەکەن بۆ ئەوەی پەکەکە بەمەترسییەکی گەورە لەسەر ئاستی ناوچەکەو دونیا بناسێنن و بە دوونیای دەرەوش بڵێن گەر مەسعود بارزانی سەرۆک و مەرجەعی هەرێمی کوردستان نەبێت، ئەو هەرێمە دەکەوێتە ژێر چنگی ئێران.

گەورەکردنی ئەو پرسانەو ئەو پارە زۆر و مۆڵەی لەم پرسەدا بەهەدەر دەرێت، کە بەشی هەرە زۆری لەسەر حسابی هەرێمی کوردستانە، زیرەکی لۆبی تورک دەردەخات بە سود بینین لە کارەکتەری نێچیرڤان بارزانی. بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆ ئەو زاتە؟ و چۆن؟
١/ دوای راپەرین مەسعود بارزانی بۆ ئەوەی رۆڵێک بە نێچیرڤان بارزانی بدات، رەوانەی بادینانی کرد، کە دواتر لە ١٩٩٣ مەکتەبێکی سیاسی لە ئەوێ بۆ دامەزراند. شەرەکانی پەکەکە و پێشمەرگە بە هاوبەشی سوپاو جەندرمەی توورک لەو دەڤەرە، بەزوویی نێچیرڤانی خستە خزمەتی ئەجندای تورک لەو دەڤەرە. واتە ئەو پەیوەندییە بەهێزییەی نێچیرڤان لەگەڵ تورکیا قوڵایی مێژوویی هەیە.
٢/  دابەشکاری رۆڵ لەناو بنەماڵەی بارزانی و خیلافەکاینان، دەروازەی گرنگ بوون بۆ تورکەکان کە نێچیرڤان بارزانی بەلای خۆیاندا کێش بکەن.
٣/ باگراوندی مێژووی ماڵی بارزانی لە داشکاندن بەلای دەوڵەتە داگیرکارەکان لە حەمەرەزاوە بۆ بەعس و سەدام و حافز ئەسەد و حکەمەتەکانی تورکیا، گەمەی دەست گەیشتن بە سەرۆک وەزیرانی و خستنە ئەجندای لۆبی تورکی ئاسان کرد.
٤/ بەدەر لەهەموو ئەوانە دەسکراوەیی نێچیرڤان بارزانی بەهۆی ئەو پارە زۆرەی هەر لە ١٩٩١ ەوە لە رێگای ئیبراهیم خەلیل و دواتر بۆ هەموو پنتە ئابوورییەکان و سەرئەنجام نەوت و بوارەکانی تری وزە، دەستی کەوت، رێگای تورکەکانی ئاسان کرد بۆ ئەجنداکانیان، چونکە یەکەم و سەرەکی ترین کاری لۆبیکردن پارەیە.

تا هەرێمی کوردستان لەم دۆخەدا بێت، تا عەقڵی سیاسی کار لەسەر سرینەوەو لەناو بردنی یەکتری بکات، بێگومان تورکەکان خاوەن ماڵی هەرێمی کوردستان دەبن و لۆبییەکەیان نەک کوردستان دەخاتە خزمەتی خۆی، هەرکات بشخوازن مەترسی دەبن بۆ سەر باکوور و رۆژئاوای کوردستان. بۆ ئەوەش نێچیرڤان بارزانی هەر هەماهنگ نابێت، بەڵکو رێگای دووریان بۆ نزیک و دەرگا داخرواکانیان بۆ دەخاتە سەر پشت

08/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر