جلخوارەکان

زمناکۆ ئیسماعیل
کاتێک سوپای عوسمانی لەسەرجەم ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا هێزی کۆ دەکردەوە بۆ رێکخستنی سوارەکانی حەمیدییە، تا لەو رێگایەوە پەلاماری ئەرمەن و ئێزیدی و عەلەویی و لەمە نەتەوەکانی ژێر رکێفی خۆی بدات، کەمینەیەکی کورد بەشێکی ئەو سوپایەیان پێکدەهێنا، عوسمانییەکان هێرشی خۆیان بۆسەر ئێزێدی و دواتر ئەرمەنەکان دەستپێکرد، بەهۆی گرتنەبەری سیاسەتی بنەبڕکردنی ئێزیدی و ئەرمەنەکان، کەخۆی دەبینییەوە لە کوشتوبڕو تۆقاندن و دەرپەڕاندن لەزێدی خۆیان، هەرزو هەواڵی سەرکەوتنەکانی سوارەکانی حەمیدییە لەنێو گەلانی ژێر دەسەڵاتیدا بڵاو بویەوە، ئەمەش بو بەهۆکاری ئەوەی کە خەڵکانێک حەز بکەن بچنە نێو سوپای سوارەکانی حەمیدییەو لەو رێچکەشەوە خزمەت بەسیاسەتی کوشتوبڕو تۆقاندن لەژێر پاساوی جیهاددا بکەن، بەرامبەر بەوانەش لە سلێمانی و ناوچەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان، خەڵکانی رۆشنبیر و مرۆڤدۆست و زاناو ناودارانی ئەو دەمە، دەنگی ناڕەزاییان بەرامبەر بەو کوردانە بەرز دەکردەوە کەدەچونە نێو سوارەکانی حەمیدییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی گەلەکەمان ژێر دەستەبو، بەشێکی ناڕەزاییەکان بریتی بو لە تانەدان لەو کەسانەی کە لەسوارەکانی حەمیدییەدا بون، گەورەترین تانە و ناوەناتۆرەش کە وەک شکاندن و روشاندنی شەخسییەتی ئەو جۆرە کەسانە بەکار دەهات، وشەی جلخوارەکان بو کە بەمانای چەتە و جاش و خیانەتکار و رێگر بەکار دەهات.

ئێستا و لەپاش سەد ساڵ تێپەڕبون بەسەر جینۆسایدی ئەرمەنەکان، جلخوارەکان سەریان هەڵداوەتەوەو ئەوان پەیڕەوی سیاسەتی تورک دەکەن، ئێمە بەم رۆژگارە هاوارمانە و خوازیاری سەرکەوتنی لیستی هەدەپەین لە هەڵبژاردنە پەڕلەمانییەکەی تورکیا، کەچی جلخوارەکان دژایەتی ئەو لیستە دەکەن و قسە و بوهتانی نابەجێ بەڕوی کەسە دیارەکانی ئەو لیستەدا دەکەن. 

ئێمە دەڵێین "ئەکەپە هاوکاری تیرۆریستانی داعش دەکات و ساتەوەختی هەوڵدانی داعش بۆ داگیرکردنی کۆبانێ، بە تەنها سنوری تورکیا بەڕوی ئەو رێکخراوەدا کراوەبو، ئەوان چەک و تفاق و مرۆڤی قوڕمیشکراو بەتیرۆریان بۆ دەخستنە ئەو دیو سنورەکانەوە". کەچی جلخوارەکان هەردەڵێن "ئەکەپە سەروەرمانە و هەدەپە نوێنەری هەمو کورد نییە، بەڵکو دانراوو نوێنەری پەکەکە یە، وەک ئەوەی پەکەکە کورد نەبێت". 

ئێمە بەڵگەی هاوکاری ئەکەپە بۆ داعش دەخەینەڕو کەلە هەینی پێشو لە رۆژنامەی جمهورییەتی تورکیا بڵاوکرایەوە، بەڵام جلخوارەکان دەڵێن "ئەردۆگان ئاشتی بۆ تورکیا بەرقەرارکردوەو هەر ئەو مافی کورد دەبچڕێت". ئەم جۆرە پشتگیرییانە ئەگەر خیانەتکردن نەبێت ئاخۆ چی بێت؟!

بەپێی بەڵگەکانی رۆژنامەی جمهورییەتی تورکیا، میتی تورکی لەژێر رێنمونی سەرانی ئەکەپە، چەکی ناردوە بۆ داعش و بەرەی نوسرە، ئەو رۆژنامەیە لەیەکێک لەگرتە ڤیدۆییەکانیشدا کە لەماڵپەڕی تایبەت بەخۆی بڵاوی کردەوە، دەستبەسەر هەزار گولە هاوەن و هەزار گولە تۆپ و ٥٠ هەزار فیشەکی کڵاشینکۆف و ٣٠ هەزار فیشەکی گەورەی دۆشکەو بیکەیسی و ٥٠٠ گولە ئاڕبیجیدا گیراوە. ئێستا ئێوە دەڵێن چی، ئەردۆگان و ئەکەپە کورد پەروەرن و دەنگدان بەوان ئەرکی نیشتیمانیییە و هەدەپەش نوێنەری کورد نییە؟! یاخود ئێوە جلخوار و بەرژەوەندیخوازن و چاوتان راستی وێنەکان نابینێت؟!. 

لەو روانگەشەوە دەنگدان بە ئەکەپە و بانگەشەکردن بۆ ئەو لیستە و هاوکاریکردنی ژێر بەژێری ماددی و مەعنەوی لەلایەن حیزب و سیاسییە کوردییەکان و دەنگکڕین بۆیان، خیانەتکردنەو لەئێستاوە ناوی جلخوارەکانتان بەسەردا دەسەپێنین.




09/06/2015



وتارەکانی تری نوسەر