چنار سەعد راستی گوت، بەڵام هەر هەڵەیە

زمناکۆ ئیسماعیل

(هەرکەسێک لەنێوان منداڵەکانیدا بەئازادی نان دابەشنەکات، گەورەی ماڵ نییە) نیکۆس کازانتزاکێس

کارەساتی شەنگال و ماڵوێرانبون و کوشتوبڕی ئێزیدییەکان دەستکەوت نییە، بەڵکو بەرنامەیەکی سیاسی داڕێژراوە، کە چەندان ووڵاتی زلهێزی ناوچەکەو جیهان و چەندان گروپی مافیایی و کۆمپانیاو حیزبی هەرێمی و رێکخراوی گەورەی لەپشتە، دەکرێت لەداهاتودا لێتوێژینەوەکان ئەو راستییە بخەنە بەرباس، تاوەکو بزانرێ کەکێ و چۆن و بۆچی ئەو کارەساتە بەسەر ئێزیدییەکاندا هات، لەبەرژەوەندی چ هێز و ووڵات و حیزب و رێکخراوو کۆمپانیایەکدا بوو، جگە لەوەش قوربانییەکانی ئەو کارەساتە، کەرەستەی سیاسەتی حیزبی نییە، بەڵکو مافخوراوترین مرۆڤی سەر زەمینن و دەبێت هەموان ئەو مافەیان بۆ بسێنینەوە، باشترین بژاردە ئەوەیە کە ئاراستەی کارکردنەکان لەسەر ئەو کەیسە بەحیزبی نەکرێت، بەڵکو دەبێت لەئاستی مرۆیی کاری بۆ بکرێت و بکرێت بە دۆسییەی مرۆیی نەک سیاسەتی حیزبی.
لەو ڕوانگەوە ئەو تێڕوانینەی چنار سەعد بۆ قوربانیانی ئێزیدییەکان، کەوەک دەستکەوت تەماشای کەیسی ئێزیدییەکان دەکات، هەمان تێڕوانینی ئەو بەرپرسە حیزبیانە دەهێنێتەوە یادمان، کە لەنەوەدەکانی ڕابردودا قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەیان وەک دەستکەوت دەبینی، لەنێو ئەو جۆرە بەرپرسانەدا هەبو تەمەنای ئەوەی دەخواست، ئەو کارەساتەی بەسەر هەڵەبجەدا هاتوە، بەسەر چەند ناوچەیەکی دیکەدا بێت، لەڕوانگەی ئەواندا، گرنگ نییە چەند قوربانی لێدەکەوێتەوە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە چەند ووڵات و چەند زلهێزی دونیا رادەچڵەکێنێت و چ کۆمەڵگایەکی دونیا لەرێگای میدیاوە ئەو کارەساتە دەبیستن و ووێنەکانی دەبینن، هەڵبەتە تێڕوانینی ئەو جۆرە بەرپرسانە، لەو روانگەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە کیمیابارانی هەڵەبجەیان کردبوە دەستکەوتی حیزبی بۆ خۆیان، لەو سەردەمی گرانی و نەبونییە کەیسی قوربانییەکانیان کردبو بەدەغیلە بۆ پەیداکردنی قوتی حیزبەکانیان، وەک دەمانبینی و دەمانبیست، دەیان شاندی سیاسی لەسەر ئاستی دونیا سەردانی هەڵەبجەی دەکرد، هیچ سودی بە هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان نەدەگەیاند، بەڵکو بەتەنها سودی بۆ حیزب و بەرپرس و خەڵکانی مشەخۆری حیزبی هەبو.

لەڕوانگەی سیاسییەوە راستە کە هەڵەبجە بوو بە هۆکارێک بۆ گەیاندنی کەیسی کورد بە دونیا، بەڵام لەڕوی مرۆییەوە ئەو رستەیەی کە قوربانی دەکات بەدەستکەوت، تێڕوانینێکی فاشیستانەیە، ئەم جۆرە تێڕوانینە ئەقڵیەتیکی مشەخۆر بەڕێوەی دەبات، لەو جۆرە ئەقڵیەتەیە، کە هەمو شتێکی دەوروبەری خۆی، بۆ پاوانخوازی و بۆ پتەوکردنی کورسییەکەی ژێر سەرۆک و دەوڵەمەندکردنی گیرڤانی حیزبەکەی و جوان نیشاندانی بیرو دیدگای خۆی دەخاتە گەڕ.

هەڵبەتە هەڵەبجە وەک قوربانی مایەوەو ئێستاشی لەگەڵ بێت لەئاستی ناوبانگە گەورەکەیدا هیچی بۆ نەکراوە، جگە لەوەی کە هاونیشتیمانیانی ئەو شارە ماوەیەکی زۆر بەدەست نەبونی و هەژاری و نەخۆشی و کەمی خزمەتگوزاری سەرەتای و بەهاناوە نەچونی پێویستی قوربانییەکانی گیرۆدەبوە، ئەوەی لەیادی بەرپرسەکانی هەرێمی کوردستاندا نەبو، بەجینۆساید ناساندنی کەیسی هەڵەبجە بوو.
ئێستاش کە کەیسی ئێزیدییەکان لەلێواری ئەوەدایە بەجینۆساید بناسێنرێت یاخود نا، خەڵکانی وەک چنار سەعد زۆرن کە قوربانییەکان بە تەنافی ناوبانگ و بە عەلاگەی رۆشنبیربون و کرانەوەدا هەڵدەواسن، بەر لەوەی بێمە سەر باسکردنی ئەم جۆرە دەستکەوتە و تێڕوانین لەقوربانییەکان وەک دەستکەوت، دەمەوێت ئەوە بخەمەڕو، کە ئێستا نا ئێستا زووە، بەڵام دو ساڵی داهاتوو، قوربانیانی ئێزیدییەکان دەبن بە دەغیلەی حیزبی و بەدوکانی کاسبی، وەک چۆن حیزب لەپێناوی پارەدا، نەوت و زەوی و زاری هەرێمی کوردستانی هەرزانفرۆشکردو، ماندوبونەکانی پێشمەرگەو خوێنی شەهیدان و هەڵەبجەو کۆڕەو ئەنفالی کرد بەبازرگانی و پارەی پێپەیداکردن.

ئاوهاش کەیسی ئێزیدییەکان دەکات بە مارکێت بەمەبەستی پەیداکردنی پارە بۆ بەرپرس و رەفیق حیزبییەکانیان، بۆ ئەوەی خەونی بەمارکێتکردنی کەیسی ئێزیدییەکان لەسەری بەرپرسە حیزبی و حوکمییەکان بکەین بەخەیاڵ و نەهێڵین چیتر قوربانی ئەو کەیسە وەک دەستکەوت تەماشا بکەن، دەبێت کار بکەین بۆ پاراستن و بونیاتنانی ژیانی ئێزیدییەکان.

پاراستن و بونیاتنان پێویستیان بە پەروەردەییە، پێویستیان بە شیعارو پیا هەڵدان نییە، پاراستن و بونیاتنان چەمکی فەلسەفین و دەبێت لەڕوی ئەکادیمیەوە کار بۆ هاوسەنگکردنیان بکرێت، نەک بکرێنە ئامرازی  هۆنراوەو بەپیاهەڵدانەوە بگوترێت، کارەساتی ئێزیدییەکان ئەوانی لەکۆمەڵگای داخراوەوە گۆڕی بۆ کۆمەڵگای کراوەو رۆشنبیر، هەڵبەتە چنار سەعد لەوەدا هەڵەیکرد کە خاڵی باشی جینۆسایدی ئێزیدییەکان، ئەوانی لەکۆمەڵگای داخراودا گۆڕی بۆ کۆمەڵگای کراوە، بەڵام لەڕوی سیاسییەوە خاڵی لاوازو ووێنای حوکمداری ٢٥ ساڵەی حیزبەکەی نیشانی هەمواندا، کە لەماوەی دەسەڵاتداری پارتی دیموکراتی کوردستان لەو ناوچەیە، جگە لەداخران و ژێر دەستەی بۆ کەمە نەتەوەکانی ژێر حوکمڕانی خۆی هیچی دیکەی لێسەوز نەبوە، ئەو ووتانەی خاتو چنار، دانپیادانانێکی ناڕاستەوخۆی سیاسییە، لەو جۆرە دانپیانانەیە کە شێوازێکی ناراستەوخۆ بەبەراوبەرەکەی دەڵێت، ئەو زانیارییە بەتۆ دەبەخشم، واتە ئەو وتانەی چنار سەعد بەخشینی زانیارییە بە کۆی گشتی خەڵک لەسەر زاری بەرپرسێکی حیزبیەوەو پێمان دەڵێت "ئێزیدییەکان بەپلانی حیزبی و سیاسی چەپێنراون و داخراون".

لەهەمانکاتدا ئەو دەستکەوتەی خاتو چنار ئاماژەی پێدەکات، لەسەر دەستی هێزە کوردستانییەکان نەهاتۆتە ئاراوە، بەڵکو ئەوە پەیامی قوڵە بۆ حکومەتی هەرێم و سەرجەم حیزبەکانی باشوری کوردستان، ئەو پەیامە لەپێش هەمویانەوە روی پارتی دیموکراتی کوردستان دەگرێتەوە، کە چیدی ئێزیدییەکان متمانەیان بەهیچ هێزێکی هەرێمی کوردستان نییە بەرگرییان لێبکات، ئەوان پەنایان بردۆتە بەرخۆپارێزی، چیدیکە ئامادەنین بکرێنە پۆڕی خوراوو بدرینە دەم گورگ، دەبو چنار سەعد وەک کۆمەڵناسێک ئەم مەسجەی بخوێندایەتەوە، بۆ ئەوەی دڵی بەو دەستکەوتە خۆش نەبوایە کە لەخەیاڵدانی خۆیدا دروستی کردوە، ئێزیدییەکان خۆیان هێزیان هەیە، لەدەرەوەی هەرێم لۆبی سیاسی و بازرگانی و پیاوی خوێندەوار و دونیا دیدەیان هەیە، بە دەیان میدیا و سەدان میدیاکار ئامادەن بیانکەنە کەرەستەی میدیای و نەهامەتییەکانیان نیشانی هەمو جیهان بدەن، ئێزیدییەکان لەبری کەناڵێک سەدان کەناڵی گەورەی دونیا چاوی لەسەریانە، لەبری سەفیرێک، دەیانی وەک نادییە مورادیان ئامادە کراوە بۆ ئەوەی قونسوڵ و سەفارەتەکانی دونیا بگەڕێن و جیهان بە هەمو رەنگ و دین و شێوە زمانەکانەوە لەکارەساتەکەی خۆیان ئاگادار بکەن، لەنێو خۆی هەرێمیش خاوەنی رەسەنایەتی زەوین لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لەهەمانکاتدا ئەوان تاوانێکی وەها قێزەونیان بەراوبەر کراوە، کە هەمو تاکێکی کورد بە سەرجەم هێزو حیزبەکان و سەرجەم دین و مەزهەب و کەمە نەتەوەو تەنانەت خێڵ و عەشرەتەکانیش ئامادەن چەکی بەرگری بۆ پاراستنی ئەوان بکەنە شانیان، ئیدی ئەو کەیسە پێویستی بەوە نییە بکرێتە دەستکەوت و قوربانییەکانیشی بکرێنە کەرەستەی سیاسی.

دیوێکی دیکەی ئەو تێڕوانینەی چنار سەعد، ناردنی پەیامە بۆ حیزبەکەی، کە چیتر ئێزیدییەکان لەکۆنترۆڵی پارتیدا نەماون، ئەوان ئیتر لەکۆنترۆڵی نەیارەکانی پارتیدان، لێرەدا کە دەڵێم نەیار مەبەستم پەیەدەیە وەک حیزبو  یەپەگە و یەپەژەش وەک هێزی سەربازی و بەرخودگەری ناوچەکە، ئەوەتا نەتەوە یەکگرتوەکان لە راپۆرتە ٤٠ لاپەڕەییەکەی کە لەسەر جینۆسایدی ئێزیدییەکان نوسیویەتی، ئاماژە بەوە دەکات کە یەپەگە و یەپەژە وەک فریاد رەسی ئێزیدییەکان، بون بەهۆکاری رزگارکردنی سەد هەزار کەس لە پاش روداوەکەی ٣ ئابی ٢٠١٤، من وەک نوسەری ئەم بابەتە و وەک فۆتۆگرافەری رۆژنامەوانی لەگەڵ ئەو تیمە سەربازییەی یەپەگە و یەپەژە بەشداری ئەو رزگارگەرییە بوم و دەزانم لە نێوان رۆژئاواو باشور چ هێزێکیان نواند و چ قارەمانێتێیەکیان پێشکەشی ئێزیدییەکان و مرۆڤایەتیکرد.
لەهەمانکاتدا ئەو راپۆرتەی ئامادەکرابو بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئێزیدییەکان، باس لەهەڵهاتنی پێشمەرگە دەکات کە مەبەستی لێێ ئەو هێزانەیە کە حوکمداری ئیداری و سیاسی و سەربازی ناوچەی ئێزیدیایەتی دەکەن.

لێرەشدا چنار سەعد هەستی بەوەکردوە کە چیتر ناوچەی ئێزیدییەکان لەژێر دەستی حیزبەکەی ئەودا نەماوە، ئیدی دیدگای ئێزیدییەکان و بەرخودانی ئەوان و بونیاتنانی ژیانی ئەوان بەو هێزە دەستپێردرێت کە دەبێتە پارێزەری راستەقینەیان، ئەو هێزەش لەنێو خۆی ئێزیدییەکان سەری دەرکردوە، ئەگەر کەیسی ئێزیدییەکان بەجینۆساید بناسێنرێت، ئەوا ئەو هێزەی ئێزیدییەکان کە بە یەپەشە ناسراوە، رەوایەتی (شەرعیەت)ی پێدەدرێت و دەبێتە پارێزگاری ئێزیدییەکان.

کەئەوەش رەنگە بۆ داهاتو ببێتە مەترسی لەسەر سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو ناوچەیە، لەهەمانکاتدا دەبێتە هۆکارێک بۆ لاوازبونی پارتی دیموکرات لەڕوی سەربازی و سیاسی و ئیداری و ئابوری.

کەڕەنگە لەو ڕوانگەوە شەنگال و ناوچەی ئێزیدییەکان ببێتە کانتۆن یان ئیدارەیەکی سەربەخۆی لامەرکەزی، کەئەمەش بەهەمو جۆرێک لەلای پارتی دیموکرات مایەی قەبوڵ نییە، بۆیە دەبێت ئەوە بزانین کە دەربرینەکانی چنار سەعد لەخۆوە نییە، بەڵکو پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بەقوڵی کاریان لەسەر ئەو تێڕوانینە کردوە، کە ئیتر ئێزیدییەکان لە کۆنتڕۆڵیان دەرچون و ئەوانیش ئەوەیان پێ هەزم ناکرێت کە هێزێکی دیکەی چەکدار لە هەرێمدا هەبێت هەڵگری فەلسەفەی خۆبونیاتنەرو بەرخودگەر بێت.



24/06/2016



وتارەکانی تری نوسەر