پارتی چی گووت ؟

محەمەد گەزۆ

چاوپێكەوتنەكەی پەرلەمانتاری گۆڕان سروە عبدالواحید لەم دوایانەدا دەرهەق بە بژێوی و دۆخی ژیانی پێشەمەرگەو شەهیدان و كۆی موچە خۆران بوو بە دەرگایەك بۆ پارتی تاكو لێیەوە كۆمەڵێك ئاماژە بنرێت بۆ دۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و تەواوی لایەنە سیاسیەكانی ناو گۆڕەپانەكە ,كە دەكرێت هەر وا بە سانای بەسەریدا گوزەرنەكەین و كەمێك سترێس بخەینە سەر ئەو ئاماژانە و باسیان لێوە بكەین بەوەی پارتی لە ڕێگای ئەو ئاماژانەوە چی گووت؟,ئەگینا ئەو پەرلەمانتارە هەرچیەكی گوتبێت و چۆن گەیشتبێـت بە بینەرو بیسەر ناكاتە ئەوەی ئەم هەموو هەڵایەی بەدوا دابێت, كە كاری ئێمە نیە باس لە باش و خراپی لێدوانەكەی بكەین ,بەڵكو ئێمە باس لەو ئاماژانە دەكەین كە پارتی وەك حزبێكی سیاسی هەرێم و عێراق پەیامی سیاسی و سەربازی لە رێگای وەها بیانوویەكەوە ئاراستەكرد كە لەدۆخێكی وەها ئاڵۆزی ناوخۆیی و دەرەكی پارتیدا ئەستەم بوو بە بێ‌ بیانوویەك ئەو ئاماژانە بدات كە لە خوارەوە باسیان دەكەین :-

یەكەم / لەچەند دۆسیەی ڕابردوودا لە بغداد دەركەوت پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەش و دۆخی دیموكراسی و لە زەمینەی دیموكراسیدا دەیدۆڕێنێت بە نمونە لادانی سوپاسالاری عێراق ولادانی جێگری سەرۆك وەزیران و لابردنی وەزیری دارایی و دواتریش تێپەڕاندنی بودجەی عێراق بە بێ‌ ڕەزامەندی حكومەتەكەی و حزبەكەی دەلالەتن لەوەی ئەم حزبە كەوتۆتە تەنگەژەیەكی سیاسی ئەوتۆەوە كە ئەگەر زۆرە باڵانسی هێزی سیاسی بەلای ئەوانەدا بشكێـتەوە كە لەبەرامبەر پارتیدا هاوپەیمانیەتیان بەستووە ,سەرئەنجامیش لەگەمە دیموكراسی و یاساییەكانی وەك ئەوەی باسمان لێوەكرد پارتی بچوك دەبێتەوەو پلەیەك لەو ئاستەی دێتە خوارەوە كە بۆی دروستكراوەو پێوەی دەنازێت, بەجۆرێك ئێستا لە دەرەوەی هەرێم و بەتایبەتیش لە ناوەند پارتی ئەو سەنگەی نەما كە جاران دەیتوانی زۆر هاوكێشە شیكار بكات و شیكاری پێ‌ بكەن بەڵكو پارتی بەم چەند هەڵوێستەی هەیبوو لە ڕابردوودا لەبەرامبەر دۆسیە حزبیەكانی خۆی بەناوی نەتەوەو نیشتیمانەوە دواجار خرایەوە قەبارەی خۆیی و ئێستا بەپێی توانای خۆی قسەی هەیە لە كایە سیاسی و دیموكراسی و سەربازیەكان ,هەربۆیە هەڵای وتەكانی سروە عبدالواحید جۆرێك لە نیشاندانی هێزبوو بە هەموو ئەو لایەنانەی كەوا لە بەرەی بەرامبەر ئەودان و ئێستا ئەویان خستۆتە شوێنی خۆی و ئەگەر هەیە بچوكتریش بێتەوە, بۆیە نمایشی سەربازی و بەتایبەتیش پێشەوایەتی ئەو نمایشە كە كوڕی سەرۆكی پارتیە ئەوەمان پێدەڵێت ئەو چەند هەزار سەربازەی ئەوان لە ئەگەری لێدان لە پێگەو سیاسەتی ئەو حزبە ئامادەن پەناببرێتە بەر بەكارهێنانی هێز لە ناوخۆدا و چۆڵكردنی سنورەكان بە پێشمەرگەو بەگژادچوونەوەی هەموو ئەو حزب و لایەنانەی دەیانەوێت پارتی بخەنەوە قاڵبی خۆی .

دووەم/ گەڕی سەردانەكانی پارتی بۆ لای لایەنە سیاسی یەكان و بەتایبەت پێش سەردانكردنی پارتی بۆ لای دوو هێزەكەی تری بەرامبەری یەكێتی و گۆڕان, بەوەی پارتی لە ڕووی دەسپێشخەریەوە ئەوەی كرد بەڵام هیچ پرۆژەیەكی لە دەستدا نیە بۆ لای لایەنەكان ,بەمەش دەكرێت بڵێین دوای زیاتر لە ساڵێك پارتی ئامادەیە لەسەر داوای سەرۆكی حزبەكەی سەردان بكات و گوێ‌ بگرێت, بەڵام لە پاڵ ئەمەشدا نمایشە سەربازیەكە گوتی شكستی ئەو دەسپێشخەریەش بەلامانەوە گرنگ نیە بەڵكو ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەوەیە هێزو پارەی پایتەخت و  دەسەڵاتی ئەو سنورە لەدەستی خۆماندایە و كەی ویستمان لەبری چالاكی مەدەنی چالاكی سەربازی دەكەین ولەدەستمان دێت و ئێوەش لەو سنورە میوانن و ئەگەریش مل نەدەن بۆ پرۆژە و بەرنامەكانی پارتی ئەوە ئێمە خاوەن هێزی خۆمان و سنوری خۆمانین .

سێیەم / ئەم نمایشە سەربازیەی پارتی بۆ ئاراستەكردنی بە شێكی زۆری خەڵكی خۆی و دەرەوەی ڕێكخستنەكانی خۆیەتی , بەوەی لەو بیانووەوە كەدەستی كەوتووە بە خەڵك و ئەندام و لابەنگرانی خۆی بڵێت پێشمەرگەی هی پارتی و حكومەتەكەیەتی و هەموو سەروەری و دەستكەوتەكانیشی بەهی خۆمان دەزانین و دەبێت پارێزگاری لێ‌ بكەین, ئەگەر چی لە واقعدا وانیە و خەڵكیش ئەو متمانەیەی پێی نیە بەڵام بەم رێگاو نمایشەی ئەوەی بە ئەندام و لایەنگرانی گوت ئێمە پێش هەموو حزب و لایەنێكی تر كوردپەروەرو كوردترین.

چوارەم / پارتی بەم نمایشە سەربازیەی و لە پایتەختدا ئاماژەیكرد بەوەی گوایە ئەوان لەگەڵ سەروەری یاسادان و دەیانەوێت كەیسی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان لە ڕێگای داداگاوە یەكلا بكەنەوە و ئەمەشیان لە ڕێگای میدیا و نمایشەكەوە بە كونسوڵخانەكان و نوێنەرانی ولاتان و ڕێكخراوە جیهانیەكانی ناو هەولێر ڕاگەیاند ئەگەرچی دیارە پارتی لەبەرامبەر یاسا و سەروەری یاسا  چی كردووەو چەندین پێشلكاری هەیە,دەبێت ئەوەش بزانین بە پێی فەرمانی سەربازی ئەم هەموو سەربازە كۆكراوەتەوە ئەگینا بۆچی پارتی نەیتوانی لە ڕێگای خەڵكی مەدەنی و ڕێكخراوەكانی خۆی و دام و دەزگا مەدەنیە حزبیەكانی خۆی ئەوە بكات و پەنای بردە بەر جوڵاندنی پێشمەرگە بۆناو شەقام  كە دەكرێت بڵێین ئەمەش پێشلكردنی دیسپلینە سەربازیەكانە بەوەی نابێت هێزی سەربازی بۆ مەرامی تاك و حزب بەكاربهێنرێ‌.

پێنجەم/ نمایشەكە بۆ داپۆشینی فەزای هەرێم بوو بەوەی كە پارتی دەیەوێت كەیسەكانی تیرۆر و كاردانەوەكانی كۆنفرانسی گازو نەوتی هەرێم لە بەریتانیا و تێپەراندنی بودجەی ناوەند لە بیر خەڵك بباتەوە , زومی كامێراو ڕاگەیاندنەكان لەسەر ئەو دۆسیانە دوربخاتەوە و بیخاتە خزمەت كارێكەوە كە بۆ پارتی نمایشی هێزو توانای خۆیەتی, نەك لاوازی و سەرئەنجامیش لە بەلاڕێدابردنی كۆمەڵگای كوردی سەركەوتوو بوو بەوەی زۆرینەی خەڵكی سەرقاڵ كرد بە نمایشەكەوكاردانەوەكانی.

شەشەم/ نمایشی سەربازی لە پایتەخت بەرامبەر بە خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانی, ئەمەش وەك ئەوەی پارتی توانای ئەوەی هەیە شەقامی خۆی لەبری خۆپیشاندان و فەوزا و تێكدانی ئاسایشی شار بگۆڕێت ( بە وتەی پارتی) بە سەرباز و هێزی ئەمنی , لەوێشەوە بە و خەڵكانە بلێت كە نیازیان وایە گردبوونەوە و چالاكی خۆپیشاندان بكەن نەتوانن دەستبدەنە وەها چالاكی یەك, چونكە ئێرە حكومڕانیەكی ترە و هێز هەیە و ڕێگەش بەكەس نادرێت شەقام بۆ مەرامی تر بەكاربهێنێ‌ ئەگەر پارتی لە پشتی نەبێت.
لە چەندین لاوە دەكرێت خوێندنەوە بۆ نمایشە سەربازیەكەی پارتی بكرێت كە لەهەولێر كردی, چونكە ئەم نمایشە جۆرێك لە سیناریۆی حزبی بوو,خەڵكیش باش دەزانێت ئەگەر پێشوو پارتی خۆپیشاندەران و هەڵویستەكانی دەڤەری بایكۆتی بە سیاسی وەصف كردبێت ئەوا ئەویش بەم كارەی نەك حزبایەتی كرد بەڵكو بە حزبایەتی كردنەكەی جارێكی تر سەلماندی ئەم حزبە توانای كێبركێی دیموكراسی نیە و چەقی بەستووە و هەموو موزایەدەكانیشی وەك سەراب لەناو دەچن و ڕووی ڕاستەقینەی دەردەكەوێت,ئەگینا بەكارهێنانی هێزی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان و بە هەڵگرتنی شیعارو وتەی نەشیاوی ئەوتۆ كە  شێوە ناوزڕاندن بوو جگە لە لێدان لە سەروەری یاسا و دیموكراسی هیچ خوێندنەوەیەكی تر هەڵناگرێـت .
 


16/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر