ئارنۆڵدیش دەبێ بە سەرۆک

ئاوات عەلی
چەند تێبینییەک بۆ هاوڕێ ڕۆژنامەنوسەکان و شیکەرەوە سیاسییەکان لەسەر ئەو یارییەی ئەلکترۆنیی و کارتۆنانەی باس لە ڕوودانی جەنگ و پشبینییەکانی داهاتوو دەکات. ئەمە یەکەم جار نییە کە هەندێک لە هاوڕێ ڕۆژنامەنوسەکان دەکەونە ئەو هەڵەیەوە یان باوەڕ بەو جۆرە پێشبینیانە دەکەن و خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکەن. لە کاتێکدا ئەمانە پشبینی ئاسایی یە و لەسەر ڕووداوەکانی ڕابردوو بنیاتنراون و هیچی پەیوەندییەکی بە داهاتووەوە نییە.

بۆ نمونە ئەو یارییەی باس لە شەڕێک دەکات لە سلێمانی و بەشەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران ناسێندراوەو خوێندنەوەی بۆ کراوەو لە هەندێک شوێن کراوە بە هەواڵ، چەند هەڵەیەکی گەورەی تیادایە و شیکەرەوەکان تێبینییان نەکردووە.

یەکەم: تەنها بە نوسین نوسراوە سلێمانی و هیچ رەمز و نیشانەیەکی سلێمانی پێوەنییە.
دووەم: سلێمانی دارخورمای تیادا نییە و ئەو شوێنەی کە دەڵێت سلێمانی یە پرە لە دارخورما.
سێهەم: ژمارەی ئوتومبێل و تابلۆی دوکانەکان بە فارسی یە بەڵام ئاڵاکەی سەر بیناکان ئاڵای عێراقی سەردەمی بەعسە.
چوارەم: ریکلامی مۆبایلەکە بە زمانی عەرەبی یە و ئاماژە دان بە 7G تەنها بۆ ئەوەیە بیری تۆی بینەر ببات بۆ داهاتوو.
پێنجەم: لەم چوار خاڵەی سەرەوە دەرەکەوێت کە ئەو یاریی و شوێنە چەند بە عەفەوی و بێ سەلیقەیی دیاریکراوە.

هەروەها گەر باس لە پێشبینییەکانی زنجیرە کارتۆنی سیمبسۆن بکرێت بۆ راست دەرچوونی پێشبینییەکانی بە تایبەتی سەرکەوتنی ترامپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، ئەوە دەبێت ئەوە بزانرێت کە ترامپ لە پێش ئەو کارتۆنە و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئۆپرا وینفری لە ساڵی 1988 دا باسی لە خۆکاندیدکردنی کردووە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی. هەروەها  دوای ئەوەی ترامپ خۆی کاندید کرد هەمان گرتەکانی کاتۆنەکەی دووبارە کردەوە بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە سەرنجی لایەنگران و دەنگدەران رابکێشێت. هەروەها ئەو زنجیرە کارتۆنە زۆرێک لە کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کردووە بە کارتۆن بۆ ئەوەی ببن بە سەرۆک بۆ نمونە ئارنۆڵد شواریزینگەر. 

پێشبینی ئەم زنیجرە کارتۆن و یارییە ئەلکترۆنی و فیلمە سینەماییانە تەنها لەسەر رووداوەکانی ڕابردوو کراون و هیچ پەیوەندییەکان بە داهاتووەو نییەو ئەگەری دەرچوونی یەک دوو پێشبینیشیان بەهۆی زۆری ئەگەرەکان و دووبارە بونەوەی ڕووداو و مێژووەیە. بۆ نمونە  ئەگەر کورتە چیرۆکی (گێلەکانی چێلم و مێژوویان) بخوێنیتەوە کە یەکێکە لە شاکارەکانی (ئیزاک بێشڤیس سینگەر) کە ٤٣ ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی ١٩٧٣ دا نوسیوویەتی و 'عەزیز گەردی'ـش لە ساڵی ٢٠١٥دا کردوویەتی بەکوردی، ئەوا وا دەزانیت باسی ئێستای هەرێم و شەڕی داعش و کێشەی سەرۆکایەتی و گەندەڵی دەکات بەڵام ناوەکانی گۆڕیوە، بۆیە مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، باوەڕ بە کارتۆن و فیلمەکان مەکەن وەک ئەوەی ئەوان داهاتوو بخوێننەوەو وەحییان بۆ هاتبێت.


22/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر