سەرۆک کێ تیرۆریستە؟

ئاوات عەلی
دۆناڵد جەی ترەمپ سەرۆکی نوێی ئەمریکا، چەند بڕیارێکی دەرکرد سەبارەت بەڕێوشوێنەکانی وەرگرتنی فیزا و سەردانی هاوڵاتیانی بیانی بۆ ئەمریکا، لەو نێوەندەشدا بڕیاری ڕاگرتنی فیزای بۆ حەوت وڵات دەرکرد کە ئەوانیش بریتین لە (عێراق - سوریا - یەمەن - لیبیا - سودان - سۆماڵ - ئێران)، ئەم بڕیارەش هاوشێوەی بڕیارەکانی تری ترەمپ بووەتە جێگەی باسوخواسی میدیاکان و هاوڵاتیانی ئەمریکی و غەیرە ئەمریکی.
ئایا پێش ئەوەی ترەمپ ئیمزا لەسەر بڕیارەکان بکات زانیاری تەواوی لەسەر ئەو وڵاتانە و هاوڵاتییەکانی هەبووە؟ یان ئەمەی ترەمپ کردی تەنها بۆ رازیکردنی دەنگدەرانێتی و دەزانێت کە ئەم بڕیارانەی زیان لە بازرگانی و پەیوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتەکەی نادات، چونکە ئەو وڵاتانەی هەڵیبژاردووە گرنگ نییە بۆ پەیوەندییە دیبلۆماتی و بازرگانییەکانی ئەمریکا.
پێویستە ئەم زانیارییانە لەسەر تیرۆر و هاوڵاتیانی ئەم حەوت وڵاتە بزانین، بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین کە ئەوەی ترەمپ کردی ڕاست بوو یان ئەمیش وەک هاوشێوەکانی پێش خۆی تەنها درامایەکمان پێشکەش دەکات و جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە.
یەکەم: ترەمپ ئەوە دەزانێت کە لەو ١٩ هاوڵاتییەی لە یانزەی سێپتەمبەردا فڕۆکەکانیان فڕاند و بەهێزترین گورزی تیرۆرستییان لە ئەمریکا وەشاند، یەک هاوڵاتی ئەم حەوت وڵاتەی تیادا نەبوو بەڵکو بریتی بوون لە هاوڵاتیانی ئەم وڵاتانە (سعودی: ١٥ - ئیماراتی: ٢ - میسری:١ - لوبنانی: ١).
دووەم: زۆرترین قوربانی دەستی تیرۆر و زۆرترین کوژراو بریندار و وێرانکردن و ئاوارەبوون و تێکچونی شیرازەی کۆمەڵایەتی بەهۆی تیرۆرەوە هاوڵاتیانی ئەمریکی نین، بەڵکو زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەم وڵاتانە موسوڵمانانەن کە ترەمپ فیزای لێ قەدەغە کردوون.
سێیەم: ئەو وڵاتانەی بە پارەی نەوتەکانیان و بە پاڵپشتی و سەرپەرشتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هاوکاری گروپە توندڕەوەکانی وەک داعش و هاوشێوەکانی دەکەن بۆ کوشتنی زیاتری هاوڵاتییەکانی خۆیان و وێرانکردنی وڵاتەکانی خۆیان هیچیان لەو حەوت وڵاتە نین بەڵکو وڵاتانی وەک (سعودیە و قەتەر)ن کە هاوپەیمانی ئەمریکان.
چوارەم: ترەمپ ئەبوایە ئەوەی پرسیاری ئەوەی بکردایە چەند سەربازی ئەمریکی، هاوڵاتی عێراقی بە خوێنی سارد کوشتووەو داوای ئەو ئامارەشی بکردایە کە چەند هاوڵاتی عێراقی لەسەر خاکی ئەمریکا بووەتە تیرۆریست و هاوڵاتی ئەمریکی کوشتووە، دڵنیاین بۆ وەڵامی یەکەم زۆری دەست دەکەوێت بەڵام بۆ دووەم نا.
پێنجەم: ترەمپ ئەوەش دەزانێت گەر وڵاتەکەی ئەو پەلاماری عێراقی نەدایە، گەر سەد ساڵی تریش عێراق ژێر دەستەی سەدام بووایە چارەکی هێندەی ١٣ ساڵی ڕابردوو هاوڵاتی عێراقی نەدەبووە قوربانی و گروپی تیرۆریستی و توندڕەوی ئیسلامی دروست نەدەبوو.
بڕیارەکانی ترەمپ بێجگە لە زیادکردنی ڕق و کینە لەنێو هاوڵاتیانی ئەمریکی و هاوڵاتیانی ئەو حەوت وڵاتەدا دژی هاوڵاتیانی ئەمریکی هیچ شتێکی تری لێ ناکەوێتەوە، ئەمەش هەوێنێکە بۆ دروستبونی توندوتیژی و سڕینەوەی پێکەوە ژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی، ئەم سیفەتانەش سیفەتی گروپە تیرۆریستییەکان و ئامانجەکانیانە، کەواتە دەبێ ترەمپ ئەو پرسیارە لە خۆی بکات کە ئایا کێ تیرۆریستە؟

28/01/2017



وتارەکانی تری نوسەر