گەر بچم بۆ زیندان دادوەر ئەم بەڵێنانەی پێداوم

ئاوات عەلی
 - من نەخاتە ئەو هۆڵەی ٢٥٨ موستەشارەکەی تۆمەتباری ئەنفالی تیادا دەستگیرکراون. 
 - ژووری من بەرامبەر ژووری وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی پێشوو بێت.
- نزیک بم لەو وەزیر و بەرپرسانەی لە حکومەتەکانی پێشووی هەرێمدا لەسەر گەندەڵی سزا دراون و سامانی گشتییان بە فیڕۆداوە.
-ژوورەکەم دوور بێت لە ژووری سەرکردە تاوانبارەکانی شەڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستان. 
- کارێک بکات لە زیندان چاوم بە چاوی بکوژانی سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و عەبدولستار تاهیر شەریف و ویداد حسێن و کاوە گەرمیانی بکەوێت کە بە سزای لە سێدارەدان سزادراون هۆکاری تاوانەکەیان لێ بپرسم و گوێم لە پەشیمانیان بێت.
-ژوورەکەم تەنیشتی ژووری ئەو بەرپرسە حیزبییانەبێت کە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ڕژێمی سەدام سزادراون بۆ ئەوەی لە پەشیمانیان تێ بگەم.
 - بەڵێنی ئەوەشی پێداوم ڕێگەم بدات قسە لەگەڵ ئەو سزادراوانەدا بکەم کە ئێن ئاڕ تییان سوتاند.
-  ئەشتوانم گوێ لە دەردەدڵی سزادراوانی تەقەکەرانی ١٧ی شوبات و ڕۆژانی دوایی بگرم و بزانم کێ فەرمانی تەقەی پێداون.
 - بەڵێنی ئەوەشی پێ داوم بتوانم لەگەڵ بەرپرسە سزادراوەکانی هەڵگیرسانی قەیرانی دارایی دا دابنیشم و گوێم لەگێرانەوەی هەڵەکانیان بێت.
 - ئەشتوانم سەردانی هۆڵی بەرپرسە سەربازییە هەڵاتووە سزادراوەکانی شەڕی داعش بکەم کە بوونە هۆی شەهیدبونی سەدان هاوڵاتی ئەم هەرێمە و ئەنفالبونی هەزاران هاوڵاتی ئێزیدی. - بەڵێنی ئەوەشی پێداوم لەگەڵ ئەو بەرپرسە سزادراوانەدا قسە بکەم کە بازرگانیان لەگەڵ داعشدا کردبوو.
 - شتێکیشی وتووە نازانم ئەیباتە سەر یان نا کە چاوم بەو بەرپرسە سزادراوانە بکەوێت کە بوونە هۆی پەکخستنی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم لە پێشوودا.
- ئەوەشی پێ وتم کە دەتوانم سەردانی هۆڵی ئەو سەرۆک حیزبانە بکەم کە بەتۆمەتی دەست تێکەڵکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دا سزادراون. 
تێبینی: من گاڵتەم کرد و شتەکەتان لێ نەبێ بەجدی، من ئەچم و ئەوان کەسیان لەوێ نین  


30/05/2017



وتارەکانی تری نوسەر