ئایندەى عێراق لە عاباکەى سەدرەوە

بێستون فایەق

کەسێتى موقتەدا سەدر و گروپى سەدریەکان بە درێژاىی ساڵەکانى عێراقى تازەى دواى بەعس بەردەوام روداوى گەرمى نێو پێشهات و ململانێ ئاڵۆزە سیاسیەکان بون ، سەربارى دژ بەیەکى و هەندێ جار ناڕاستى لە هەڵوێست و کاردانەوەکانیاندا سەدر و سەدریەکان جیاواز لە گروپ و کارەکتەرە سیاسیەکانى تر لە هەموو دۆخێکدا دەبنە بابەتى گەرم و بۆ پێشخستن بێ یان پەکخستن رۆڵگێڕی دیارى زۆربەى روداوەکانن ،  شەڕى وەدەرنانى ئەمریکاو هاوپەیمانەکانى لەعێراق و روبەڕوبونەوەى چەند جارەى چەکدارى لەگەڵ هێزەکانى ئەمریکا ، دژایەتى حکومەت و پێکدادانى چەکدارى توند لەگەڵ پۆلیس و سوپاى سەردەمى کابینەکەى نورى مالکى ، بەشدارى کردنى حکومەت و پێگە هەستیارەکانى دەوڵەت و دواتر رژانە سەرشەقامەکان و خۆپیشاندان و نوێژى بەکۆمەڵ ، راگەیاندنى بایکۆتى هەڵبژاردن و دواتر پەشیمانبونەوەو بەشدارى کردن لە هەڵبژاردن ، داواکارى بۆ پێکهێنانى حکومەتى زۆرینەو لەپڕ دەست پێ لەکارکێشانەوەى جێگرى سەرۆکى پارلەمان و پارلەمانتارانى فراکسیۆنەکەی و دواتر ناردنیان وەک خۆپیشاندەر بۆ هەڵکوتانە سەر پارلەمان ، گۆڕینى هەڵوێست لە دۆستایەتى و پشتیوانى قوڵەوە بۆ دوژمنایەتی سىەخت لەگەڵ نورى مالکى ، تەواوکردنى خوێندنى باڵاى ئاینی لە حەوزەى زانستى قوم و دواتر چونە نێو بەرەى دژایەتى ئێران ، لە دژایەتى پێشمەرگەو هەرێمى کوردستانەوە بۆ هاوپەیمان و شەریکى پارتى دیموکرات ، لە گرنگترین و سەیرترین هەڵویست و جوڵە سیاسیە دژ بەیەکەکانى موقتەدا سەدرو گروپى سەدریەکانن .

 

ئێستا چیتر عیراق بەتەنها گیرۆدەى کێشەى قوڵى ململانێ مەزهەبى و نەتەوەیەکانى نیە ، ئەگەر ساڵەکانى سەرەتاى دواى نەمانى بەعس نێوانى کورد لەگەڵ عەرەب و نێوانى شیعە لەگەل سونە لە بەربەستە دیارەکانى بەردەم ئیدارەو سیاسەت و رێکەوتن و پشکپشکێنەى پێکهێنانى کابینەکانى حکومەت و پێکەوە ژیان بوبن ، ئەوا ئێستا کیشەى گەورە و مەترسى ئاشکرا ململانێى توندى نێوخۆى گروپەکانى هەر یەک لەو پێکهاتانەن کە جگە لە کیشەکانى یەکێتى و پارتى و دووبەرەکى توندى نێوان شیعەکان کە گرفتى گەورەى بەردەم داهاتوى نادیار و ناڕونى عێراقن ئیستا موقتەدا سەدر وەک دیاردە بە تەنها خۆى و پشت ئەستور بە جەماوەرێکى فراوانى گوێڕایەڵى ئامادەو دەست لەسەر سنگ ، لە دەسەڵات بێ یان ئۆپۆزسیۆن رۆڵگێرو دروستکەرێکى خێراى گرفتە بۆ لایەنەکانى بەرانبەرو نەیارەکانى .

 

سەدر پێکهێنەرى حکومەت بێ یان وەک خۆى ئەڵێ دور لە حکومەت و لەناو شەقام ئەوا ئەگەر چارەسەریشى پێ نەبێ هەمیشە بەچەند پاکێجێک پلانى بۆ تیکدان و رێگرى و وروژاندن ئامادەیە ، ئەوەتا کاتێک خۆى و بەرەکەى تواناى تێپەڕاندنى بەربەستە یاساییەکانى پێکهێنانى حکومەتیان نەماو کاندیدى پێشنیازکراوى خۆى سەرنەکەوت ، بۆ رێگرى لە پێکهێنانى کابینەى حکومەت و لە کاندیدى دەستنیشانکراوى بەرانبەرەکانى دۆخێکى شڵەژان و نا ئارامى سیاسى ئەوتۆى دروست کردوە کە کۆتاییەکەى دیار نیە .

 

بڕیارو هەڵویستە خێراو دژ بەیەکەکانى ژێر عاباکەى موقتەدا سەدر عێراقى نا ئارام و نا سەقامگیرى سیاسى و گیرۆدەى دەست ناکۆکى تائیفى و دەستوەردانى هەرێمى و نێودەوڵەتى و بێ توانایی بڕیاردانى سیاسىیەکانى خستۆتە بەردەم ئایندەیەکى خراپى پڕکێشەى بەردەوامى بێ چارەسەرەوە  .


30/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر