"ڕووداوەکەی سلێمانی چیمان پێ دەڵێت"

گۆران دوکانی
بەشی دووەم و کۆتایی

ئەوەی لەسلێمانی ڕوویدا لە کۆمەڵگایەکی زیندودا ڕوونادات یان دەگمەنە ڕووبدات، ئەگەر ڕووشبدات تەواوی ئەو کۆمەڵگایە لەوپەڕی چەپ بۆ ئەوپەڕی ڕاست، ئەوپەڕی کۆنزێرڤاتیف تائەوپەڕی لیبڕاڵ سەرکۆنەو ئیدانەی دەکەن، لێ کارەسات لەوەدایە کەئەم ڕووداوە پڕ لە تراژیدیایە ڕوودەدات بەشێکی کۆمێنت نوس و پەیجەوانەکانی سۆشیاڵ میدیا نەک ئیدانەی ئەم کارە قێزەونە ناکەن بەڵکو دەستخۆشی لەو کردە نائینسانیە دەکەن، هەرهێندە بەسە بۆ مرۆڤی ژیر تێبگات لەوەی کۆمەڵگای کوردی بەچی وێرانەیەک گەیشتوە، چەندە داماڵراوە لە قییەمە مرۆیی و ئەخلاقیەکان.

كێشەی گەورەی ئەو ڕەوتە ئیسلامیە سیاسیە بەگشتی و سەلەفیەکان بە تایبەتی نەوەیەکی داماڵراو لە مرۆڤایەتی و لەمۆڕاڵ، نەوەیەکی دووفاق و دوو ڕوویان بەرهەم هێناوە، ئەم نەوەیە جگە لەوەی نەوەیەکی پاسیڤ و بێ کەڵکە بۆ کۆمەڵگا هاوکات نەوەیەکی بێ ئەتەکێت و بێ مەعریفەیە، نەوەیەکە  هەمیشە ئامادەگی ڕووداوگەلێکی هوانەی لێ چاوەڕێ دەکرێت بۆ داهاتوو، نەوەیەک هەمیشە خۆی بە نوێنەرو کوتەک بەدەستی خودا دەزانێت، نەوەیەک خودی خۆی کەپتی سێکسی هەیە لێ دەبێت بەدڵی ئەو مێینەیەک چی بخوات؟ چی لەبەرکات؟ چی بپۆشێت؟ بۆکوێ بچێت؟ ئەم نەوەیە گەرایەکی ئامادەکراوی فکرە داعشی بەربەریە مەگەر بەس خودا بزانێت لەداهاتودا چی زیانێک بەکۆمەڵگا دەگەیەنێت، چی دەرەنجام و عاقیبەتێکی خراپ چاوەڕێیان دەکات.

ئەوەی لەم ڕووداوەدا لەهەمووی زیاتر قسەی لەسەر دەکرێت و لەهەموشی زیاتر جێگەی گرفت و نیگەرانیە بۆچی ئەو کچە جلی نیمچە ڕووتی لەبەربوە؟ چی دەکات لەو شوێنە؟ ئەمە ئەو ماڵوێرانیەیە کەساڵەهایە مرۆڤی کورد پرسیار لەبارەی ژیانی ئەوانەی دی دەکات! ئەسڵەن بۆ دەبێت تۆ بپرسیت ئەو کچە چی لەبەربێت و لەکوێ بێت؟ تۆ ئەگەر بڕیارت نەداوە ببیتە پۆلیسی ئەخلاق بەسەر ژیانی ئەوانەی دیکەوە کەی کێشەی تۆیە کچێک چی لەبەرکات و لەکوێ بێت؟ هەروەک چۆن نیقابێکی باڵاپۆش مافی خۆیەتی نیقاب بکات و بۆ هەرکوێ بچێت ئاواش ئەوانەی دی مافی خۆیانە چی لەبەرکەن و بۆهەر کوێش بچن. جا کارەساتەکە ئەوەیە لای ئەم جۆرە مەخلوقانە گرنگ نیە ئەم کچە ئازار دراوەو پەلاماردراوە لەلایەن کۆمەڵێک گەنجی باش پەروەردە نەکراو بەڵکو زۆرجار کچەکە کە قوربانیەکەیە سەرکۆنەو تۆمەتبار دەکرێت، هەربۆیە بەشێکیان هێندە بێ مۆڕاڵن ڕاستەوخۆ دەستخۆشی لەو گەنجە چەقۆکێشانە دەکەن کە پەلاماری ئەو کچەیان داوە لەکاتێکدا لەناو لەشفرۆشخانەو کارخانەکانی تورکیاو بانکۆکیش بەوجۆرە پەلاماری لەشفرۆشەکان نادرێت.

ئەم بابەتە جگەلەوەی ڕووداوێکی ئاسایی نەبوو هاوکات چەندین ڕەهەندی دیکەی خراپ لەپشتیەوە ئامادەگیان هەبوو، بۆ نموونە: (شارچێتی، قەومچێتی، ئاین چێتی، حیزب چێتی) تۆختر کردەوە! ڕووداوەکە لەگەڵ ئەوەی دیمەنەکانی پڕیەتی لە هەمەجیەت و وەحشیگەری بەلام بەشێک لە هەردوو ڕەوتە ئیسلامیەکان و قەومچیەکان شان بەشانی یەکێتی خاوەن دەسەڵاتی زۆنی سەوز هەوڵی بچووک کردنەوەی ڕووداوەکە دەدەن. لەکاتێکدا ئەم بابەتە زۆر لەوە گەورەترە کەهێندە بچووک سەیربکرێت، ئەگەر سبەی میدیا جیهانیەکان کاری لەسەربکەن بەهەموو مانایەک نیشاندانی کورد وەک میللەتێکی ناحاڵی و کێوی و دڕندەو خێڵەکی بەڕووی جیهاندا نیشان دەدات و بەزیانێکی گەورەی نەتەوەیی کۆتایی دێت.


01/01/2023



وتارەکانی تری نوسەر