ئیدانەکردن بەس نییە

سەرکەوت شەمسەدین
ئیدانەکردن بەس نییە، لە ریشەی کێشەکان بکۆڵنەوە، بەر لە حەشد، پارتی ڕابگرن گروپە لە یاسا دەرچوەکانی ناو حەشد مەترسین، سود لە هەر دەرفەتێک وەردەگرن، بەڵام رەفتارەکانی پارتی ترسناکترن. با ڕوونیبکەمەوە چۆن؟ یەکێک لەو ستراتیژانەی وایکردوە ئەمریکا و تارادەیەک ئێران براوەی ململانێکان بێت، ئەوەیە کە هەردووکیان ململانێکان لە سنورەکانی خۆیان دوردەخەنەوە، لە نزیک سنوری نەیارەکانیان ململانێ دەکەن. تەواوی ململانێکانی ئەمریکا لەگەڵ روسیا لە بەرلووتی مۆسکۆ دایە لە ئەوروپای شەرقی، لەگەڵ چین و کۆریای باکور لە بەر لووتیاندایە و سنورداریکردوون. ئێران ترسی زۆری لەوەیە یٔەمریکا شەڕەکەی لەگەڵ بگوازێتەوە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆیە هەوڵی هەراسانکردنی ئەدا، تا ئەمریکا سوپاکەی لە عێراق بکێشێتەوە و ئەو بەڵایە لە خۆی دوربخاتەوە.

هەرێمی کوردستان بەو لاوازییەی خۆیی ئێران نایەوێت کێشەی لەگەڵ دروست بکات و یەکەمین وڵاتی دراوسێ بوو دانی بە هەرێمی کوردستاندا ناوە، بەشی زۆری بۆ ئەوەیە لەو سنورە کورد کێشەی بۆ دروست نەکات و سنورەکەی ئارام بێت. بەڵام بەهۆی سیاسەتەکانی پارتی و دەستوەردان لە کاروباری پێکهاتەکان، شەڕی بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ هەندێ هۆزی کورد، کارێکی کردووە شەبەک ببنە حەشدی شەعبی و حاشا لە "کورد" بونی خۆیان بکەن، (فەرماندەی لیوای ۳٠ حەشد شەبەکن)، یەزیدییەکان هێندە لە کورد و سیاسەتی پارتی توڕەن، ئامادەن سوپای عێراق و حەشد قبوڵ بکەن، بەڵام پێشمەرگەیان قبوڵنییە و زۆرێکیان حاشا لە کوردبوون ئەکەن.

لە کەرکوک سونەکانی حەویجە و تورکمانەکان بە هۆی سیاسەتی بوغزاندنی پارتی و یەکێتی هێندە رق لە دڵ بون بەرامبەر کورد لە دوی دەرفەتێک ئەگەرێن لەگەڵ شەیتانیش رێکبکەون دژی هەرێمی کوردستان. لە دەشتی نەینەوا پارتی فیتنەیی لە نێوان مەسیحییەکانی ئەلقوش و دەشتی نەینەوا دروستکردووە و هەندێکیانی کردوە بە دوژمن و لە ناچاری بونەتە حەشدی شەعبی، لە بادینان و نەینەوا زوڵم و زۆرداری بنەماڵەی بارزانی کارێکی کردوە زێبارییەکان و گەرگەرییەکان لەگەڵ حەشد یەکبگرن و دژی بوونی پێشمەرگە لە موسڵ بوەستنەوە، زانیاریم هەیە چەندین هۆزی کورد، لە بادینان پەیوەندییان بە حەشد و حکومەتی عێراق کردووە، کە فەوجیان بۆ بکەنەوە و ئامادەن ببەنە بەشێک لە سوپای عێراق. هەموو ئەم گروپانە لە ناوچە هاوسنورییەکانی هەرێمی کوردستان دەژین، هەندێکیشیان قوڵایی جەماوەرییان لە ناو هەرێم هەیە. ئەمانە ئەگەر خۆشیان نەبنە هەرەشە، ئەوە لە دەرفەتێک دەگەرێن هاوشێوەی بنەماڵەی بارزانی، بەسەر پشتی حەشد بێت یان سوپای عێراق تۆڵە لە پارتی و بنەماڵەی بارزانی بکەنەوە و مافی خۆیان وەربگرنەوە، ئەوان ئەبینن پارتی چ زوڵمێکی لێ کردون و بیرە نەوتەکانیان تاڵان ئەکات، ئامادەن ببنە داردەستی ئێران یان هەر گروپێکی تر لەدژی پارتی. بۆیە ئەبێت پارتی و بنەماڵەی بارزانی رابگیرێن ئەگیان هەموومان بە ئاگرەکەیان دەسوتێین. سەرکەوت شەمسەدین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

03/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر