لەبارەی پێشوازی لە ساڵی تازەوە

هیوا عومەر
لە پێشوازی  ساڵی نوێدا،  زۆرینەی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەم ساتانەدا سەرقاڵی موجاملە وگۆرینەوەی پیرۆزبایكردن و خواستنی هیوای ژیانێكی باشترە بۆخۆی و خانەوادەوهاورێ‌  و كۆمەڵگەكەی، لە دەرەوەی  بیركردنەوە و خستنەڕووی هیچ بەرچاو روونییەك هەستێكی وەهامان پێبەخشراوە كە بەر شتێكی تازە دەكەوین ! بەڵام هەر لە دوای تەواو بوونی سەرگەرمییەكانمان جارێكی تر بەر دۆخی نامۆیی هەمان واقیع دەكەوینەوە. 

بەشێكی ئەم وێنەیە، سەرچاوەكەی لەو هەستە (fake) ساختەوەیە كە سیستەمی باڵادەست بە ئێمەی بەخشیوە، بەوەی دەكرێت داهاتوومان لە ساییەی لیبراڵیەتی نوێ‌ و جیهانی بەشتبوون باشتربێت، جیهانێك مرۆڤ لە بكەرێكی كاراوە كوتكراوەتەوە بۆ مرۆڤێكی بەكاربەر و بەرخۆر و ئۆبێكتێكی كۆنترۆڵكراو. 

هەستێكی گشتی و تاكی هەیە بەوەی سبەینی لەمرۆ و لە دوێنی باشتر دەبێت، ئەم هەستە بەشێكە لە هەڵكشانی ئارەزوو (رغبە) لە جیهانی دیموكراسی بازاردا، بەوەی چەندێك كات و رۆژ بەكاربەرین وەك هەڵكشانی ئارەزوومان بۆ كاڵای مۆڵەكان دەكرێت ئێمە دڵخۆشترببین هەروەك  (زیگمونت باومان) باسی دەكات . 
ئەم هەستە كاتێك دەبێتە جێگای باوەڕ كە سەرچاوەكەی لە دیدێكی یەكسانیخوازی و ئینسانیدابێت نەك لە جیهانی باڵادەستی دیموكراسی بازار و فكری بازاری سەرمایەداریدابێت.

 بێگومان ئەم دیدە دوورە لەو تێگەیشتنە دواكەوتووەی كە یادكردنەوەی سەری ساڵ  و پیرۆزبایكردن، دەخاتە چوارچێوەی ڕەچەتەی حەرام و حەڵالەوە، كەلەمرۆی كوردستان بازاری گەرمە، ئەمەش پەیوەنديدارە بە زۆر هۆكاری واقیعی خراپی كۆمەڵگەكەی لەمەڕخۆمان .

بۆمنیش تەمەن( چل و یەك) ساڵ تەواو دەكات، سەرەڕای ئەوەی ساڵی 2023 بۆمن تەژی بوو لە كۆسپ و كێشە، بەڵام من وەها لە (دەستكاڕەكەی ژیان) تێگەیشتومو پەروەردەبووم ئەو تەنگژانە بگۆڕم بۆ دەرفەتی باشتر  لە تێگەیشتن لە دارە سەوزەكەی ژیان و تێكۆشانی بەردەوامی بۆ ژیانی راستەقینەی ئازادی و یەكسانیخوازی. 

ئینجا ساڵی تازە پیرۆزبێت لە هەموولایەك. 
بەهیوام ساڵی تازە بكەینە دەرفەتێك بۆ تێكۆشانی زیاتری ئازادیخوازی و پەرەپێدان بە كاری هەرەوەزی و هاوبەشی دوور لە عقڵیەتی تاكگەرایی لیبراڵی لەدۆخی دیموكراسی بازاردا.


31/12/2023



وتارەکانی تری نوسەر