لە نێوان (ڕیاڵ و بەرشە) .. کورد دەیباتەوە..!؟

سۆران محەمەد غەریب

   ڕەنگە خوێنەر بە سەرسامیەوە بڕوانێتە ناونیشانی ئەم گوتارە ، پاشان لە ناو مێشکیدا بهێنیت و بیبات و لێکدانەوەی بۆ بکات تا بگاتە ئەوەی ئایا دەتوانێت وەڵامێکی گونجاوی پڕ بە پێستی ئەم پرسیارە بداتەوە یان نا ..!! خۆ نابێت پرسیار بێ وەڵام بێت ، چونکە لەبەرامبەر هەر پرسیارێک پێویستە وەڵام هەبێت.
   ئەگەر ڕوونتر بڵێم ... ئاساییە ئەگەر پرسیار وەڵام نەدرێتەوە لەبەرامبەر پرسیارێکی پڕ لە پەند و پەنهان ناوەرۆک بەو جۆرەی دەستەوەستان بین ، ئەمەش مەرجدارە بەوەی لەسەر پرسیارەکە بابەتێکی گرنگ گەڵاڵە بێت و پرسیار لە ناو پرسیارەکەدا دروست بێت.
   ڕیاڵ و بەرشە ئەگەرچی دوو یانەی بەرچاو و دیاری ئیسپانی و ئەوروپی ناوداری جیهانین ، بەڵام دەبێت چ کاریگەری لەسەر بردنەوەی کورد هەبێت ...؟؟ ئایا بردنەوەی هەر یەکێک لەم دوو یانی تۆپی پێیە ...!!! چ کاریگەری لە سەر چارەنوسی گەلی کورد هەیە ..؟ بردنەوە یان دۆڕانی کامیان زیاتر کار دەکاتە سەر ئایندەی نادیار و ناڕۆشنی نەتەوەی کورد ...!!؟ ئەمە ناوەخنی باسەکەیە و دەخوازێت بنکۆڵێکی زانستیانەی بۆ بکرێت لە ڕووی دەرونی و هزریەوە ...
   پێش ئەوەی خوێنەری بەڕێز سەنگەری ئەوەم لێبگرێت و پێم بڵێت : ئەم بابەتە هێندەی پێ ناوێت قسەی لەسەر بکرێت یان گوتاری لەسەر بنوسرێت ...!! ئەمەش بە هێنانەوەی بیانووی هەمەلایەن و جۆراوجۆر وەکو مافی سروشتی تاکەکەس و هیوایەت و حەز و ... هتد ، دەمەوێت ئەو بیانوە ببڕم تا نەکەوینە گفتۆگۆی بێ ئاکام و ئامانجی بێ بەرهەم.
    ئەگەر ڕەخنەکە ئەوە بێت ئایا ئەم بەبەتە گرنگ نیە ، منیش و کەسانی تریش بۆمان هەیە پرسیار بکەین ... ئەگەر هێندە بایەخی نیە ...!! ئەی بۆ ئەو خەڵکە کەوتونەتە وێزەی یەکتر و شەڕی مان و نەمانی لەسەر دەکەن و کەسان هەن بریندار دەبن یان سوکایەتی بە یەکتری دەکەن ...؟
   هەموان دەزانین و قسەمان لەسەر ئەوە نیە کە حەزی تاکەکەس لە مافە سروشتیەکانە و کەس بۆی نیە ڕێگری لێبکات ، وەلێ ئەم حەزە تا چ سنورێک دەبێت بڕ بکات و پەل بهاوێت ..؟ 
    دەبێت ئەوە بپرسین و بزانین لەوەی کە دەکرێت و دەبینرێت و ڕودەدات سەرچاوەکەی سۆزە یان بیر  ..؟؟ ئەگەر وەڵام ئەوە بێت سەرچاوەی سۆز بێت ..؟؟ کەواتا ئەم سۆزەی کەسانێک دەریدەبڕن لە پارسەنگی هەموو شتەکانی تردا کە پێویستە سۆز بوونی هەبێت چەندە و چۆنە ..؟؟ ئایا ئەو بابەتە ئەوەندەی دەوێت کە دەکرێت ..؟؟
  هیچ مرۆڤێک داماڵڕاو نیە لە (سۆز و بیر) وەکو زانراوە سەرچاوەی (سۆز) ئەو ئەندامەیە کە پێی دەوترێت(دڵ) لەڕاستیدا هێندەی مشتی دەستی خودی هەر مرۆڤێکە ، هەرچی سەرچاوەی(بیر)یشە ئەو ئەندامەیە بە (مێشک) ناودەبرێت کە هەموو بڕیار و کار و فەرمانێکی خۆویست و خۆنەویستی لێوە دەردەچێت و تەواوی ئەنداماکانی تری جەستەی مرۆڤ جڵەوگیرکراوی ئەم ئەندامە هەستیارەن. هەر کاتێک (سۆز) بەسەر (بیر) زاڵ دەبێت کەسەکە مرۆڤێکی سۆزدار دەبێت ، خۆ ئەگەرەکو بەپێچەوانە بوو واتا (بیر) بەسەر (سۆز)دا زاڵ بوو ئەوا کەسەکە کردەوەکانی ژیرانە دەبێت و سەرئەنجام کارەکانیشی ژیرکردە دەبێت و ئاکامەکەشی دەستکەوتی ئەرێنی لێ دەچنرێتەوە.
   ئەمە دەڵێم ڕێک و ڕاست وابەستەیە بەو دیمەن و وێنە و گرتانەی لە تەلەفزیۆن و ڕاگەیاندنەکانەوە پەخش دەکرێت کە هاتوهاواری خەڵکی و کەسانێکن کە بێ ئەندازە خۆیان هەراسان کردوە لەسەر بردنەوە یان دۆڕانی دوو یانەی ئیسپانی تا ئەو ڕادەیەی شەڕ و پێکادان و سوکایەتی کردن بە هاندەرانی بەرامبەر بکرێت ، ئینجا بە بردنەوە یان دۆڕانی هەر لایەنێک بێت. 
    باشە ئەوە ئەم جۆرانە لە مرۆڤ بایی هێندە بیرکردنەوەیان نیە کە بردنەوە یان دۆڕانی لایەنێک چی لە ژیانی خۆیان و کۆمەڵگاکەیان دەگۆڕێت ...؟؟؟ پرسیاریان لە خۆیان کردوە ئەو یانەیەی کە ئەوان خۆیانی بۆ دەڕەتێنن... هەر لەسەرۆکی وڵاتەکەیەوە تا دەگاتە بچوکترین تاکی ئەو وڵاتە هەر هەموویان تۆیەکی کورد هەر ناناسن و بە کەمترین مرۆڤ نایبینن ...؟؟؟ ئایا ئەو دەوڵەت و یانانە ئەوەی بەهای پێ نەدات کوردە ...؟؟؟ بچوکترین هەڵوێستەی بۆت نیە و نازانێت کە چیت و کێیت ... کەواتا بۆ بەو جۆرە خۆتی بۆ تەنگەتاو دەکەیت ..؟؟؟
   بە ڕاستی زۆر دەمێک بوو دەمویست لەسەر ئەم بابەتە بنوسم هەر دەگەڕامەوە و دەمگوت پێی ناوێت ، بەڵکو ڕۆژێک بێت خەڵکی خۆیان هۆشیان بێتەوە ... بە ناچاری لەم دوا دیمەنانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بینیم بە تایبەتی ئەوەی لەشاری هەولێر ڕویدا ...!! پاڵنەرم بوو تا  گوتارەکەم بنوسم ... ئا لەو کاتەی لەچەند گرتەیەکی ڕاگەیاندنەکاندا بینیم چۆن خەڵکی هات و هاوار و ناڵەناڵیان بوو لەسەر ئەم یانانە ، ئەمە لەم  ساتەوەختە هەنوکەییەدا کە میلەتی کورد بە سەدەها قەیرانی جۆراوجۆر تێدەپەڕێت و هەر لە جۆر و شێوازی فەرمانڕەوایەتی کردن تا دەگاتە بژێوی و ژیان و گوزەرانی تاکەکانی کۆمەڵگا.
   دەبێت ئەم جۆرە کەسانە مێشکیان بایی بیرکردنەوەی ئەوەی تیادا بێت پرسیار لە خودی خۆیان بکەن ...!!! هەموو گەلان و نەتەوەکانی جیهان خاوەنی قەوارە و دەوڵەت و دەسەڵاتی ڕێکخراوی خۆیانن و مافەکانیان پارێزراوە و لە ژیانێکی بەختەوەردا دەژین ، وەلێ کوردێکی بەدبەخت و چارەڕەشی بێ پشت و پەنا خاوەنی چیە ...؟؟  بە (٥٠) ملیۆن مرۆڤ خاوەنی بچوکترین قەوارەی دەوڵەتی باوەڕپێکراوی نێو دەوڵەتی نین و دەبێت چارەنوسمان بەرەو کوێ بگات...؟؟ ئەم هەموو هاتوهاوارە لە پێناو چیدایە و بۆ کێی دەکەیت ..؟؟ 
   دەبێت ئەو کەسانە و کەسانی خاوەن هۆشیش لەوە بپرسن ... ئێمەی کورد کە بە دەستی دەوڵەتە زلهێزەکان لە لایەک ، لە لایەکی تریشەوە بە دەستی دوژمنە لە مێژینەکانی هاوسێ و نۆکەرانیان چۆن چۆنی دەچەوسێینەوە ..؟؟ بۆ دەبێت ئاستی بیرکردنەوەمان هێندە بچوک بێت...!!! لە هەموو ئەمانەش خراپتر و نالەبارتر دەسەڵاتی کوردی لە باشوردا کە بە نامرۆڤانەترین شێواز و شێوە فەرمانڕەوایەتی خۆیان سەپاندوە بەسەر خەڵکدا و کایە نەماوە وێرانی نەکەن ...زەوی نەماوە لە کوردستان داگیری نەکەن ... سامانی نیشتمانیمان نەما ئاڵوێری پێوە نەکەن ... کەسێتی تاکی کورد نەمان ئەتکی نەکەن ... ئێستا و ئایندەمان نەماوە بە دۆڕانی نەدەن ... کەواتا چیمان ماوە ...؟
   دەخەکەم هەندێ کەسانی بەرپرسی حیزبی و سیاسی و حکومی ...هتد ساویلکەیی و نزمی ئەم ئاستی بیرکردنەوەی خەڵکی قۆستۆتەوە و لەبری دۆزینەوەی ڕێگا چارە بۆ دەرچوون دەرباز بوون لەم ئاریشانە هاتون و بوون بە بەشێک لەم جۆرە کارە و خەڵکیان زیاتر ئالودەی ئەم بیرکردنەوەیە کردوە تا کێشە و ئازارەکان وەلا بنێنن و سەرنجی خەڵکی بە تایبەتی لاوان و گەنجەکانمان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن...!! 
  دوا وتەشم ئەوەیە ... کاتێک خەڵکی وڵاتان لەسەرتاسەری هەموو جیهان خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن بە سەرکەوتن یان دڵتەنگ دەبن بە دۆڕان بۆ ئەوان شتێکی سروشتیە ، چونکە ئەوان هەموو قۆناغێکی خۆیان تێپەڕاندوە و لێیان دێت دەربڕین بکەن ... بەس تۆی کورد خاوەنی چیت و چیت هەیە شانازی پێوە بکەیت بە بردنەوە یان دۆڕان ...!؟
   خۆشی چی دەردەبڕیت یان شەڕ لەسەر چی دەکەیت لە پێناو بردنەوە یان دۆڕانی (ڕیاڵ و بەرشە) ..؟؟ دەبێت ئەوە بزانیت... خەڵکی ژیر ئەگەر ئاوازەی کار بکات ژیانی خۆی چاک دەکات نەک خۆی سەرقاڵ بکات بە شتێکی بێ هودە و بێ بەر بۆ ژیان و چارەنوسی.

05/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر