بانگەواز بۆ گەڕانەوە..پاش هەرەس‌و پوکانەوە

سۆران محەمەد غەریب

  سەرکەوتنی ڕاستەقینەی هەر حیزبێک و لایەنێکی سیاسی ئاکامی پیادەکردنی بیروباوەڕ و جێبەجێکردنی گفت و بەڵێنەکانێتی لەبەرامبەر لایەنگران و دەنگدەرانی، پێچەوانەی ئەم ئاراستەیەش پیادەنەکردنی بەرنامە و بەڵێندانی درۆ و لە خشتەبردنی دەنگدەرانێتی کە دەیگەیەنێتە دۆخی کەوتن و هەڵنەستانەوە. کاتێک لایەنێک لە هەڵبژاردندا سەردەکەوێت ...! دەبێت باش لەوە تێبگات ، ئەوە دەنگی خەڵکیە سەری خستوە، لە هەمان کاتی نوشست هێنانیدا دەخوازێت بە ئاگابێتەوە لەوەی کە لێزمەی سزادانی هەر هەمان ئەو خەڵکەیە کە پێشتر دەنگی پێداوە و ئێستاکە بەسەریدا دادەبارێت.

   وەک سەرەتا دەمەوێت ئەوە ڕونبکەمەوە کە بابەتەکەم ئەو لایەنانەیە دەگرێتەوە کە پشت بە هاوڵاتیان دەبەستن بۆ دەنگپێدان وەک متمانە، نەک ئەو هێز و لایانەنەی کە پارەی سامانی گشتی دەخەنەگەڕ و دەنگی دەنگدەر دەکڕن و بەخشیش و پایە دابەش دەکەن بەسەر خەڵکان و دەنگدەرانیان و چی ناشێت و ناڕەوایە دژ بە نەریتی یاسایی و کۆمەڵایەتیە پەیڕەوی دەکەن. لەبەر ئەوەی هەر حیزب و لایەنێک ڕێگای ناشیاو پەیڕەو بکات بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لەم ڕێگایانەوە ...؟ دەبێت لە ئایندەیەکی نزیک یان دوور یەک چارەنوس بۆ خۆی دابنێت ئەویش لادان و لابردن و ڕوخاندنێتی، ئینجا بە هەر ڕێگایەک و هەرچی شێوەیەک بێت.. گومان لەوەدا نامێنێت لە پاشەڕۆژدا دەبنە قێزەونترین و بێزلێکراوترین کەسایەتی و لایەنی نێو لاپەڕەکانی مێژوو!!!

   مێژوو پێمان دەڵێت و ئەوەی پیشانداوین زۆر هێزی سیاسی و حیزبی خاوەن دەسەڵات هەبوون، بەڵام هەر کە جارێک کەوت ئەوا هەستانەوەی دەبێتە مەحاڵ. هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لەدەستدانی متمانە بەو قەوارە سیاسیە لە لایەن لایەنگران و جەماوەرەکەی. ڕونتر بڵێم تەنها جارێک بەسە بۆ تاقیکردنەوەی هەر هێزێکی سیاسی لەبەردەم هەوڵ و تەقەلا و هەنگاوەکانی.

   لێرەدا ڕووی گوتارەکەم بە دیاریکراوی لە ڕووی ئەو لایەنەیە کە (بزوتنەوەی گۆڕان)ە و لەبەرامبەر ئەو بانگەوازە بێ مانا و بێ بەهایەی کە لە ٨ شوباتی ٢٠٢٣ دەریکردوە بۆ بەرەی ناڕەزای و ئەو هەڵسوڕاوانەی ماڵئاواییان لە بزوتنەوەکە کردوە.

   گۆڕان سەرباری ئەوەی کە بوەتە هێزێکی بێ متمانە و باوەڕپێنەکراو لەگەڵ ئەوەشدا بوەتە کارگەیەک بۆ دەرکردن و پێگەیاندنی خاوەن پایەی ناپاکان و خەڵکی مشەخۆر و کادێری دەیەهاڕوو و خەڵکی ئاست نزم و هەلپەرست و چاوچنۆک و دەرفەت قۆزەرەوە. نامەوێت ئەم دەستەواژانەم گشتگیر بکەم بەسەر تەواوی ئەوانەی کە لە ناو ئەم بزوتنەوەیەدا بوون، چونکە هەر لە ناو ئەم بزوتنەوەیەدا هەزارەها خەڵکی دڵسۆز و خۆنەویست و خۆبەخش و هەڵگری بڕوا و هیوای پڕ لە گۆڕانکاری بوونیان هەبووە، بەڵام سەرەنجام بە نائومێدی دەستبەرداری ئەم بزوتنەوەیە بوون یاخود هەندێکی کەمیان لە چاوەڕوانی هەوڵێکی بێ هودەن بە ئامانجی گۆڕانکاری.

   دەمەوێت زۆر ڕاستگۆ و ڕاشکاوانە لەسەر ئەم بانگەوازە بدوێم : ئەمە جگە لە دەنگ خڕ کردنەوە هیچی تری لێ بەدی ناکەم، ئەمەش لە پێناو ئەوەی هەندێ دەنگی تر بەدەست بهێنرێت تا چەند کەسانێکی تر پایە و شوێنیان پێ بدرێت لە ناو پەرلەمان و حکومەت و دامودەزگاکانیدا دەنا هیچی تری لێ چاوەڕوان ناکرێت. خەڵکی و تەنانەت خودی بڕیار بەدەستانی ئەم بزوتنەوەیە باش دەزانن ئەوەی لە کوردستاندا ناکرێت و ڕوونادات گۆڕانکاریە لە دۆخ و ژیان و بژێوی هاوڵاتیان و گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوایەتی بەتایبەتی لە ژێر سایەی دوو حیزبی دەسەڵاتی خۆسەپێنی وەک (پارتی و یەکێتی).

   دەبێت سەرانی ئەم بزوتنەوەیە لەوە بگەن کە جارێکی دی ئەو خەڵکانەی لە ڕابردودا دەنگیان بەم بزوتنەوەیەدا ڕەنجەڕۆبوون و خەرمانیان بەبادا چوو، ئەمەش بەهۆی کەسانێک کە لە پێناو پارە و پایەدا گشت نەریت و ئاکارێکیان وەلاناو ڕەنج و تەقەلای دەنگدەران و هەڵسوڕاوە دڵسۆز و بە ئەمەکەکانیان کردە سوتماک لە پێناو گەیشتن بە مەرامی گڵاو و ناڕەواکانیان... دواجاریش خۆیان بوونە ئامرازێکی بەکارهاتو تەنانەت بە ئاشکرا و نهێنی لە ژێر چەتری پارتی و یەکێتیدا گیرسانەوە.
هەر ئەوە ماوە بڵێم :
  - ئەوە ئێوە بوون دەرفەتان خستە بەردەم کەسانێکی بازرگانی تەڵەکەباز و لە خشتەبەر تا بێتە ناو کایەی سیاسی بۆ فریودانی هاوڵاتیان .
- ئەوە ئێوە بوون خەڵکی لە دەست درۆ و بەڵێنە هەڵخەڵەتێنەرەکانتان بڕوا بە هیچ هێزێکی تر نەکات..
- ئەوە ئێوە بوون دۆخی کوردستانتان لە خراپەوە بەرەو خراپتر برد..
- ئەوە ئێوە بوون خەڵکتان ناچارکرد لە ماڵ دابنیشێت و شەقام چۆڵ بکات...
- ئەوە ئێوە بوون بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خۆتان و کەسانی بێ ئەرزش و خۆبەرەوپێشی ناو ئەم بزوتنەوەیە کاروانی خەم هەڵگری هەڵسوڕاوە دڵسۆزەکان لە ڕێگا بوەستێت و پەکی بخات ...
- ئەوە ئێوە بوون خەڵکتان بێ هیوا و سەرگەردان کرد یان بە تاسەی خەمەوە دەتلێتەوە یاخود لە نائومێدیدا نیشتمان جێ بهێڵێت ...
   کەواتا پاش هەموو کارەسات و بەسەرهاتە ... بە تەمای چی ترهەن بەسەر خەڵکیدا بهێنن ...؟؟ 
کوردیش دەڵێت : (لە دوای با و بۆران... فەرەنجیم بۆچیە ...؟)

01/03/2023



وتارەکانی تری نوسەر