بەرزانی و تاڵەبانی
شاسوار و داواکانی

سۆران محەمەد غەریب
دوا ڕوداوی ئەم ڕۆژانەی دوایی لە کوردستان باشوردا بووە کە بوە جێگای گفتۆگۆ کردن و بایەخ پێدانی ڕاگەیاندنەکان و تەناتەت تۆڕە کۆمەڵاتیەکانیشی تەنیبوەوە ... ئەویش پرسی خۆپیشاندان بوو کە لە لایەن نەوەی نوێ و بە فەرمانی کەسی یەکەمی ئەو لایەنە ڕێکخرا ...

هەموان دەزانین کە ڕێخستنی خۆپیشاندان مافی سروشتی هەر هێز و لایەنێکە نەک بە تەنها بۆ لایەنێکی سیاسی ، بەڵکو مافی تەواوی ڕێکخراو و دەستە و تاکەکانی ناو کۆمەڵگایە. مەبەستیش لەم کارە گەیاندنی پەیام یان داواکاریە بە دەسەڵاتداران و فەرمانڕەوایان تا لە ڕێگای گوزارشت کردنەوە داکۆکی لە مافەکانیان بکەن بەتەواوی ئازادیەوە. هەر ڕێگری لێ کردن و بەربەست دانان لەبەردەم ئەنجامدانی یاخود گرتن و ئازاردان و توندوتیژی دەبێتە کردەی پێشلکاری لە پیادەکردنی ئەو مافە سروشتیە.
سەرەتا پێویستە چەند پرسیارێک بکەین ...

ئەوانەی خۆپیشاندان ڕێکدەخەن کێن ...؟ مەبەست و ئامانج لێی چیە ...؟ ئایا ئەو پەیام و دروشمانەی لە لایەن ڕێکخەرانی خۆپیشاندەرانەوە بەرز دەکرێتەوە بە قازانجی کێ دەشکێتەوە ...؟ چەندین پرسیاری تر...

دەمەوێت ئەوە بڵێم : ئەوانەی خۆپیشاندان ڕێکدەخەن دەبێت هەڵقوڵاو بن لە ئازاری هاونیشتمانیەکان و کەسانی قاڵبووبن لەو خەمانەی کە لە ناخ و هەناوی هاوڵاتیان بونیان هەیە ، خۆپیشاندەری ڕاستەقینە ئەوانە نین کە خۆیان بەشێک بوبن لە دەسەڵاتدارێکی گەندەڵ و پاشخانێکیان هەبوبێت لە مافخواردن و زەوتکردن. ڕابردویەکیان هەبوبێت لە کلک گرێدران لەگەڵ دەسەڵاتێکی گەندەڵ و قۆرخکار ئەمە بە لایەک ، بەلایەکی تریش دەبێت ئەم کار و ئەرکە لە لایەن کەسانێکەوە بجوڵێنرێت کە لەگەڵ خەڵکانی هەژار و بەشمەینەت و مافخوراو و ستەملێکراودا هاوتەریب و هاوسۆزبن نەوەکو خۆیان مافبەر و ستەمیان کردبێت لە هاوڵاتیان و دواجاریش بێن لە تێری خۆیان بڕایربدەن لەسەر چارەنوسی خەڵک و یاری بە مافەکانیان بکەن...! ئەویش بۆ گەیشتن بە مەرامی کەسێکی دیاریکراو یان چەند کەسانێک کە لە دوور و نزیکەوە لە خەمی هاونیشتمانیاندا بێ خەم بوبن ...ئینجا سەرئەنجامەکەی بەشێوەیەک  بکەوێتەوە و بەو ئاستە بگات کە تیایدا خۆپیشاندان ببێنە قەوانێکی سواوی بێ ئەرز و لەدواوێستگەشیدا خەڵکی باوەڕی پێی نەمێنێت یاخود کەمینەیەک بێن بۆ بەشداریکردنی لەبری زۆرینەی هاوڵاتیان.

خاڵی هەرە بنچینەیی لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان داواکاری و ئامانجەکانێتی ، لێرەدا ئەمە دەڵێم کە پێویستە بگوترێت ...

کاتێک خۆپیشاندان بەرامبەر دوو هێز و حیزب بکرێت بە تایبەتی بەرامبەر دوو بنەماڵەی ناسراو و پێناسکراو لە لای سەرجەم خەڵکی کوردستان کە ئەوانیش هەردوو بنەماڵەی (بەرزانی و تاڵەبانی)ە  لە کە بە درێژایی سێ دەیەی ڕابردوو جگە لە ماڵوێرانی و تاڵانی و سەرکوت کردن و خاک فرۆشتن و دەیەها نەهامەتی تر هیچی خراپەی تر نەماوە کە نەیکەن و بەسەرخەڵکیدا نەیانهێنابێت ...!!! لە بری ئەوەی پێیان بگوترێت واز هێنان لە دەسەڵات یان ڕاماڵینتان ... ! بێیت تازە بە تازە داوای کەمترین ماف بکەیت داوای موچە و هەرزان کردنی بەنزین و سوتەمەنی لابردنی باج و خزمەتگوزار بکەیت و تەواوی داواکاری و ئاواتەکانی هاوڵاتیان لەم مافە سەرەتاییانەدا چڕبکەیتەوە...!؟ ئایا ئەمە چ خۆپیشاندانێکە ...؟؟ بە مەرجێک ئەم دەسەڵاتە ئەوەی خوێندنەوەی بۆ ناکات و گوێی پێ نادات ئەمانەیە ، چونکە پێشتر بۆ ئەو مەبەستە لە لایەن ئەم بەناو نەوەی نوێیەوە و کەسی یەکەمەوە چەندین خۆپیشاندان ئەنجامدراوە بەوەی گوایا نرخی بەنزین دابەزێنن ، کەچی نەک هەر هەرزان نەکرا ، بەڵکو زۆر زیاتر لە پێشووتر گرانتر کرا ...! وەکو بینیشمان لە پێشودا ئاکامەکەی ڕەوایەتیدان بوو بەو زیادکردنە. ئایا ئەمە چ گاڵتەجاڕیەکە بە هاوڵاتیان دەکرێت بە ناوی خۆپیشاندانەوە...؟ هەر خۆپیشاندان بکەیت و دواجار دۆخی خەڵکی و هاوڵاتیان لە خراپەوە بەرەو خراپتر بچێت...؟ ئیتر لێرەوە زۆر شت ڕوون دەبێتەوە بۆ خوێنەری هۆشیار کە بیەوێت تێبگات ...

هەموان ئەوەمان بینیوە کە سەرۆکی نەوەی نوێ دروشمەکانی پێشوویمان بیرنەچۆتەوە یاخود پێ دەچێت بەرژەوەندی خۆی وای لێکردبێت لەبیری خۆی بردبێتەوە کە لە پێشودا وتبووی:

( نەوەکانی بەرزانی لە قەڵا و نەوەکانی تاڵەبانی لە سەرای سلێمانی دەبێت وەکو مفەوەز شەماڵ هەڵبواسرێن).

لای ئێمە ڕوونە بۆچی ئەو ئاراستەیە گۆڕاوە بۆ داواکاری موچە و کەمکردنی باج و دابەزاندنی نرخی بەنزین ... ئایا سەرۆکی نەوەی نوێ ئەتوانێت ئەوە لە هاوڵاتیان بگەیەنێت و ڕوونی بکاتەوە یان بیانویەک بهێنێتەوە بۆ گۆڕینی دروشم لە (ڕاپەڕین)ەوە بۆ (داواکاری) لە دەسەڵاتێکی ستەمکار و گوێنەگر لە خەڵکی و مافەکانیان کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و ساڵ بە ساڵ دۆخەکە خراپتر و نالەبەرتر دەبێت...؟؟
هەر کەسێک ئەگەر بیەوێت ڕاست و ڕاشکاوانە شتەکان وەکو ئەوەی کە هەیە بیبینێت و ڕووی خۆی لە ڕاستی وەنەچەرخێنێت و لانەدات...!؟  دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی ئەوەی کە خۆپیشاندان لەم قۆناغەی ئێستای باشووردا هیچ  بەها و ئەنجامێکی نیە بە تایبەتی بۆ ئامانجێک بێت پێی بگوترێت (داوا)کردن. لەبەر ئەوەی دەسەڵاتداران ئەوەی مەبەستیان نەبێت چاکردنی دۆخی خراپی خەڵکی کوردستانە.

دۆخەکە زۆر ڕوونە و ئاشکرایە لێکدانەوەی تر هەڵناگرێت...

مەتەڵێک نیە پێویست بە بیرکردنەوە بکات تا هەڵیبێنیت ... پرسیارێکیش نیە هێندە قورس و گران بێت تا دەستەوەستان بیت و وەڵامت پێ نەبێت بۆ وەڵامدانەوەی ... لەبەر ئەوەی بوونی فەرمانڕەوایەتیەک ئا بەم چەشنە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیان و گوزەران و خەڵکی باشوور خراپتر و نالەبارتر دەبێت ئایندەشیان لە کەناری مەترسیەکی گەورەدایە ...! ئاماژەی ئەوەمان پێ دەدات کە یەک ڕێگا چارە هەیە بۆ قوتار بوون لە تەواوی قەیران و نەهامەتیەکان تا هاوڵاتیان تاوێک بحەوێنەوە ، ئەویش کۆتایی پێ هێنانیانە ... هەر خۆپیشاندانێک بۆ داواکاری لە دەسەڵات سەرئەنجام بە قازانجی مانەوە و درێژەدان بە فەرمانڕەواتیان دەشکێتەوە.

پەند و نزایەکی کوردی هەیە لە کەسانی ناپەسەند و بەدکارەکان دەکرێت و هەمومان بیستومانە کە دەڵێت:(خوایە چاکی بکەیت یان پاکی بکەیت) ئێمەش بۆمان ڕوون بوەتەوە و دەرکەوتوە ئەم دەسەڵاتە هیچ هیوایەک نەماوە بۆ چاک بوونیان ، کەواتا خەڵکی هۆشەنگ و بیرپڕ گەیشتۆتە ئەو دەرئەنجامەی کە دەبێت (پاک) بکرێن. ئەمە ڕا و بۆچونی خۆمە و هیچ کەس و لایەنێک لێی بەرپرس نیە و تەنانەت بە درێژایی زیاتر لە (١٠)ساڵ هەر وا بیرم کردۆتەوە .. زۆر باش دەزانم ئاکامەکەی هەر ئەمە دەبێت ...

08/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر