خوایە سلێمانی بپارێزە

هاوار شێخ رەوف

هەمومان ئەزانین سلێمانی بە هۆکاری کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی و کێشەی نێوان هاوسەرۆکەکان ، سەردەمانێکی هەستیار و ناسک و نا ئارام بەڕێ ئەکات .
ڕوودانی کارەسات و کێشەی گەورە و خوانەخواست ڕووبەڕووبونەوەی چەکداریش ، ئەگەرێکە ئەگەرچی دڵخواز و هیوای هیچ کەسێکی بە ویژدان نیە ، بەڵام ئەگەرێکەو لە هەر ساتێکدا شایەنی ڕوودان و تەقینەوەیە .
سلێمانی ڕۆژگار و قۆناغی لەم شێوەیەی جاری تریش بینیوە و بەڕێ کردوە ، بەڵام زۆر جار بەزەیی خوای گەورە و  حیلم و لێبوردەیی جەمسەرەکانی کێشەکە و دڵسۆزی خەڵکەکەی بونەتە بەربەست و ڕێگری ڕوونەدانی خوێن ڕشتن ..
مامۆستا عەلائەدینی سوجادی زانا و ئەدیب و مێژوونوس لە ڕشتەی مرواری (  ڕشتەی مرواری ، یەک تا هەشت ، لاپەڕە  ٦٥٥ تا ٦٥٧ ) ،  بە سەرهاتێک ئەگێڕێتەوە کە لەم سەر و بەندە حەزم کرد پوختەکەی بۆ ئێوەی هاوڕێیانی فەیسبوک بگێڕمەوە ..
یەکێک لە پیاوە ئازا و بە جەرگ و هەڵکەوتوەکانی هەمەوەن ناوی خلە پەزە ئەبێت ، جارێک لە ناو کۆڕ و مەجلیسی خزم و خۆیشی خۆی ئەڵێت ، ئەبێت سەری حەمە پاشای جاف ببرم و بەو ڕیشەزلەیەوە هەڵیواسم بە ژێر سکی ئەسپەکەمەوە .
ئەم قسەیە دەما و دەم ئەگاتەوە بە حەمە پاشا ، ئەویش بە یاوەری لەشکرێکی زۆری جاف ، کاتێک هەواری خلە پەزە و دەست ودایرەی لە هۆرێن و شێخان ئەبێت ، شەوێک لەپڕ ئەدات بە سەریاندا و لە پاش شەڕێک خلە پەزە ئەکوژێت و سەری لە لەشی ئەکاتەوە و  باروت ئەکاتە ناو لاشەکەی و ئەیتەقێنێتەوە و سەری هەڵەواسێت بە ژێر سکی ئەسپەکەیدا و ئەگەڕێتەوە بۆ هەواری خۆی ..
ساڵانێکی دواتر کە کوڕی خلەپەزە  ( مەحمود خدر ) لپرسراوی سەرا و پۆلیسی سلێمانی ئەبێت ، تەبلیغ ئەچێت بۆ مەحمود پاشای کوڕی حەمە پاشای جاف کە بچێت موڕاجەعەتی سلێمانی بکات . مەحمود پاشایش لەشکرێکی گەورە ی سێ سەد کەسی کۆ ئەکاتەوە و ڕوە و سلێمانی بە پیر تەبلیغەکەوە ئەکەوێتە ڕێ . لە ڕێگا لە ناو لەشکر  ، هەواڵی ئەوە ئەزانرێت کە شێخ مەحمودی مەلیک ( کە پێی وابوە مەحمود پاشا ڕۆڵی خراپی گێڕاوە لە نەفی کردنەکەی شێخ سەعیدی حەفید ی باوکی و پاشان تیاچونی و کارەساتەکەی موسڵ ) نیازی تۆڵە کردنەوە و کوشتنی مەحمو پاشای هەیە ،  وردە وردە لەشکر لە کەمی و خۆدزینەوە ئەدات و کە ئەگەنە سلێمانی تەنها حەفتا کەسی لە گەڵدا ئەمێنێتەوە .
مەحمود پاشا پاش ئیسراحەتێک لە ماڵی ئەوڕەحمان ئاغا ، بە خۆی و لە ناوەڕاستی چەکدارە دەست لە سەر پەلەپیتکەکانی ڕو ئەکەنە سەرا ، شێخیش بە خۆی لە شکری ڕوە و سەرا ئەیەوێت بێت ، مەحمود خدری کوڕی خلە پەزەش ، دوژمنی سەر سەختی مەحموپاشا ، خۆینی عەشایەری ئەخرۆشێت و ئەڵێت عەشرەت پشت لە عەشرەت ناکات ، لە جیاتی حەز و ویستی تۆڵەکردنەوە  ، پۆلیسەکانی لە سەربانی سەررا دا ئەمەزرێنێت ، لە شکری مەحمو پاشایش چواردەوری سەرا  ، شێخ مەحمودیش بە خۆی و لەشکری ڕوە وسەرا . 
لەوکاتەی مەحموخدر و مەحمو پاشا لە ژورەوەن دوو بە دوو ، مەحمود خدر ئەیەوێت شعور و هەستی مەحمو پاشا برینارکات و لێی ئەپرسێت  :
-  ئەرێ مەححمودپاشا ، ئەو ساڵەی باوکت کوژرا تۆ ، تۆ تەمەنت چەند ساڵانبوو ؟
پاشایش کە پیاوێکی زۆر ئازا و جوامێر بوە، وەڵامی ئەداتەوە :
کە باوکم کوژرا سی و دوو ساڵان بووم ، بەڵام کە باوکم باوکتی کوشت بیست ساڵم تەمەن بوو .
لە دەرەوەی سەرایش خەڵک و ڕیش سپی و پیاو ماقوڵان ، ئەکەونە خۆ ولە پێناوی هەڵنەسانی گۆمی خوێن و کارەسات ، ئەچنە سەر ڕێگای شێخ مەحمود و قورعانی لێ هەڵەبڕن ، کە بیکات بە خاتری قورعان و ئەوان ، واز لە تۆڵە  سەندنەوە بێنێت و نەهێڵێت گۆمی خوێن هەڵسێت .
شێخ مەحمودیش ئەیکات بە خاتری قورعان و خەڵکەکە و واز لە بابەتی تۆڵە سەندن ئەهێنێت و ئیتر ئەو ئاگرە هەر لەویا خەفە ئەبێت و ئەکوژێتەوە  ..

06/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر