هەژماری من، یان هەژماری ئەو

چۆلی ئەسعەد
یاریکردن بە چارەنووسی مووچە و بە بارمتەکردنی وەک پرسێکی سیاسی لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە و پاشان لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە، کارێکی نائاکاریی و دوور لە هەستی بەرپرسیارێتییە. دەسەڵاتدارانی هەرێم، دوای لێکەوتەکانی ریفراندۆم و شکستی ئابووری سەربەخۆ و هەڵکشانی باڵای گەندەڵی و ناعەدالەتی و مەحسوبییەت و ژێر قەرزکەوتنی هاووڵاتییانی باشووری کوردستان و هەڵتۆقینی چەند ملیاردێرێکی نەناسراو و بێ پێشینەی ئابووری و بازرگانیی پێشوەختە، حکومەتیش خۆی وەک قەرزاربار نمایش دەکات. 

دوای هۆشیارییەکانی وڵاتان و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەو هەموو قەیرانەی بەرۆکی خەڵکی گرتووە لە دەرەنجامی ئەو دۆخەی خوڵقاندوویانە، ئێستا لەبری هاوکاری  چارەسەرکردنی کێشەکە و ئینکاریی لە دابەشکردنی مووچە لە ڕێی ئەو هەژمارەوە دەکەن کە خۆیان دروستیانکردووە. 

گوێ بەو ئازارە نادەن خەڵک تێیدا دەژی و دوای ئەو هەموو نەگبەتییەی بۆ خەڵکیان کردووە بە میرات، هەموو ڕێگاکانی نەگبەتییان تاقیکردەوە، لە نان بڕین و مووچەبڕین و پاشەکەوت و لێبڕین و دواخستن و سزادانی خەڵک، هەژماری منیان کردووە بە بیانوو، پێیانوایە کە هەژمارەکەی ئەوان لە بژیویی خەڵک گرنگترە. ئەم دەسەڵاتدارە بەرژەوەندییخوازانە، نایانەوێت ئەو ڕاستییە بزانن کە بەهۆی ڕەفتار و کردە نابەرپرسانەکانی ئەوانەوە هەست و ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی هاوڵاتی بەشێوەیەک دابەزیوە قەت نەیارانی پێیان نەکردووە ، ئێستا بۆ هاوڵاتی ژیان لەسایەی ئەو بێ متمانەییەی دەسەڵاتداران خوڵقاندوویانە هەژمارەکەی ئەوان لە هەژمارەکەی من لەپێشترە. 

ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە بیریان چۆتەوە کە کاسەی پڕ ئاشتیی ماڵە. دەبێ ئەوەش بزانن هەموو هەژمارەکان نانێک ناهێنن کە برسییەک دەیخوازێ..

18/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر