كوردستان لە نێوان (عەزیمەت) و (هەزیمەت)دا

د. سەعید عەلی محمد
فەیلەسوف و حەكیمەكان ئەڵێن : ئازایەتی و توانا و لێهاتوویی بەس تەنها سەركەوتن نیە لە جەنگەكاندا، بەڵكو زاڵ بوون و سەركەوتنی هەرە گەورە بەرەنگاربوونەوە و شكاندنی دوژمنە بەبێ شەڕكردن! 

زۆرجار جەنگەكان لە ناخماندا پەیدا دەبن و سەرهەڵدەدەن، بەڵام جەنگەكانی نێو ناخمان مەرج نیە هەر لە ناخماندا كۆتاییان پێ بێت، چونكە ئەو جەنگانەی كە مرۆڤ ئەنجامیان دەدا زۆرجار لایەنی تریش تێوەی دەگلێن، ئیتر ئەگەر بە بەرنامە و بە ئەنقەست بێ یان بەپێچەوانەوە، هەروەها شوێنەواری شەڕەكانی نێو ناخمان جیاوازن لە شوێنەواری ئەو شەڕانەی كە سەركردەكان لەژێر ئاڵاو بەناوی گەلانەوە بەرپایان دەكەن، یەكەمیان شوێنەوارو كاریگەرییەكانی سنووردارن و لە بازنەی تاكەكان تێپەڕ ناكەن، كەم جاریش پەلدەكێشن بۆ كۆمەڵگە، بەڵام جەنگ و ڕووبەڕووبونەوەی گەل و نەتەوەكان شوێنەوارەكانیان لە چركە ساتێكدا درێژ دەبنەوە بۆ پێنج كیشوەرەكەی جیهان هەروەكو چۆن لە جەنگی جیهانی یەكەم و دووەمدا بینیمان! 

جەنگەكان و ڕووبەڕووبونەوەكان سادە و ئاسان نین، چونكە جەنگ واتە كوشتن و بڕین و كاولكاری و زەرەری دارایی و دواكەوتن و لەدەستدانی ئارامی، ئینجا ئاسەوارەكانی دوای سەركەوتن یان دوای شكست وەك زاڵ بوون و هەیمەنەكردن ، یان ملكەچ كردن و تەسلیم بوون بە مەرجەكانی لایەنی بەرانبەر ڕووخان و هەرەسهێنانی دەروونیی گەل و نەتەوەكان بۆ چەندان ساڵی تر بەدوای  خۆیدا دەهێنێ ، كە ئەمەش مەترسییە گەورەكە و چیرۆكی ماڵ وێرانیە بێ وێنەكەیە! شكست و ڕووخانی دەروونیی گەل و نەتەوە واتە مردن و كۆتایی هاتن و پوكانەوە، چونكە تاكەكان هیچ بڕواو سیقە و متمانەیەكیان نەبەخۆیان و نە بە سەركردەكانیان نامێنێ، بە ڕادەیەك ئەگەر سۆزو بەزەیی پەروەردگار فریایان نەكەوێ ئەوا هیچ جیاوازییەك لە نێوان بوون و نەبوون و مان و نەمانیان نامێنێتەوە. 

مەعلومە كاتێك مرۆڤەكان هەموو ئاوات و ئامانج و بیركردنەوەیان تەنها دە بێتە پارە و سەروەت و سامان و بەدەستهێنانی خۆشیەكان و زامنكردنی ئارەزووە ماددی و دەروونی و جەستەییەكان ئیتر لێرەوە هەزیمەت و دۆڕان و داڕوخان و هەرەسهێنان دەست پێدەكات، چونكە فەلسەفەی سەركەوتن یان دۆڕاندن تەنها خۆی لە جەنگ و ڕووبەڕووبونەوە ڕاستەوخۆو دەستەویەخەكاندا نابینێتەوە، بەڵكو ئەوەی گرنگ و یەكلاكەرەوەیە شەڕی ئیرادە و جەنگە دەرونیەكانن كە سەركەوتن تیایاندا واتە : زاڵ بوون بەسەر حەزوو ئارەزووەكاندا، واتە ئارام گرتن و خۆڕاگری و قوربانیدان و خۆبەدەستەوەنەدان لەپێناو بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجە ستراتیجیەكان و، دەستەبەركردنی شكۆمەندی و چەسپاندنی بەها بەرزو پیرۆزو باڵاكان، كە ئەمانەش هەمیشە دوژمن حەزیان پێ ناكات و، بەردەوام لەڕێی چەندین ڕێگاو شێوازی جیاجیاوە كار لەسەر توانەوە و ڕیشە كێشكردنیان دەكات، هەر گەل و نەتەوەیەك ئەگەر خاوەن ئەم ڕۆحییەت و نەفەسە دەروونی و ورە بەرزو بڵندە بوو ئەوا دەتوانێ لە پاڵ سەركەوتنە سەربازیەكانیدا سەركەوتنی ئیرادە و جەنگە دەروونییەكانیش بباتەوە و، دوژمن و بەرانبەرەكانی ناچار بە پاشەكشە و ملكەچ بوون و بەچۆكدا هاتن بكات! 

تۆ چۆن دەتوانی جەنگێك ببەیتەوە پێش ئەوەی دەست پێ بكات؟ چۆن دەتوانی پێش دەست پێكردنی جەنگەكە دوژمن ناچار بە پاشەكشە بكەی؟ چۆن دەتوانی لە چركە ساتی سەرهەڵدانی جەنگەكەدا دوژمن ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بكەیت؟ چۆن دەتوانی دوژمن سەرسام و حەپەساو بكەی بە ڕادەیەك هیچ درزو دەروازە و خاڵێكی لاوازی دەست نەكەوێت بۆ ڕامكردنی تۆ و شكست پێ هێنانت؟! لە كۆتایی دا چۆن دەتوانی دوژمن ناچار بكەیت بە ڕازی بوون بە سەرجەم داواكارییە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆكانت؟! 

بێگومان گەل و نەتەوە بەهێزەكان ئەوانەن كە خۆڕاگرن و هیچ جۆرە گەمارۆو فشارێكی دەروونی و ئابووری و سیاسی ڕۆحییەت و گیانی ئینتمایان لاواز ناكات و، هیچ دەوڵەت و هێزو پیلان و دوژمنێك ناتوانێ ورە و ئیرادەیان بشكێنێ و، بۆ ئامانجە سیاسی و تەكتیكیەكان بەكاریان بهێنێ و كڕین و فرۆشتنیان پێوە بكات. 

مێژووی دوور و نزیك پێمان دەڵێ ئەو گەل و نەتەوانەی كە برسێتی و هەژاری تەنگی پێ هەڵچنیون و لەپێناو چەند دەستكەوتێكی كەم و ئانی و كاتیدا پشتیان لە شوناس و بەها باڵا ئینسانی و ئایینی و نیشتمانییەكانی خۆیان كردووە زۆر بە ئاسانی ڕام كراون و ملكەچ و زەلیل و زەبوون بوون و، دوژمنەكانیان بێ هیچ پەنا بردنە بەر چەك و سوپا و كەلوپەلی سەربازی شكستیان پێ هێناون و ژێردەستەیان كردوون! 

ئاشكرایە  ئەم گەل و نەتەوانە دەچنە خانەی ئەو نەتەوانەی كە هیچ موفرەدەیەك لە موفرەدەكانی : خۆڕاگریی، شكۆمەندیی، كەرامەت و سەربەرزی، ئینتیمای ئایینی، ئینتمای نیشتمانی  لە قاموسیاندا نەماوە و، شتێك كە بیری لێ دەكەنەوە و هیزرو دەماغی داگیركردوون تەنها پارە و گیرفان و ژیان و مانەوەیە، ئیتر كێشە نیە ئەوەی ئەمانەیان بۆ دەستەبەر دەكات فیرعەون یان شەیتانیش بێت! 

بە سەرنجدانێكی خێرا بۆ ئەو بارودۆخەی كە ئێستا كوردستان و گەلەكەی پێیدا تێپەڕ دەبن، هەروەها بە تەماشاكردن و ووردبوونەوە لەو دیمەن  و دروشم و بەیاننامانەی كە ڕۆژانە لێرەو لەوێ لەلایەن دەستەو تاقم و چینە جیاوازەكانەوە بەرچاوو گوێمان دەكەوێ، بێ هیچ گومان و دوودڵیەك بۆمان دەردەكەوێ كە ئێمە لە چ حاڵەتێكی دەروونی سەخت و دژوار و هەرەس هێنانێكی ئێجگار گەورەدا دەژین، بە ڕادەیەك ڕووخاو و شپرزە بووین كە  دۆست ودوژمن  و سوورو سپیمان تێكەڵ كردووە و نازانین بەرەو چ چارەنوسێك هەنگاو دەنێین! 
ئەگەر دەوترێ ئەم حاڵەتە هۆكاری تایبەت و پاڵنەری بابەتیی خۆی هەیە و، ئەم بارودۆخە دەرەنجامی بێ باكی دەسەڵات و كەڵەكە بوونی زوڵم و ستەم و پیلانە نێوخۆیی و دەرەكیەكانە و جەماوەریش پەتی ئارامی پچڕاوە و دان بەخۆداگرتنیش كۆتایی هاتووە، ئەوا دەڵێین :

ڕاستە !! بەڵام خۆدەبێ ئەوەمان لەبیر نەچێ کە ناوەڕۆک وماهییەتی مرۆڤەکان و، ڕادەی سەبرو ئارامی و خۆڕاگریی و گەورەیی و شكۆمەندیی كۆمەڵگە و خاڵی سەركەوتن و شكستهێنان تەنها لە بارودۆخە سەختەكان و تاقیكردنەوە قورسەكاندا دەردەكەوێ و دەسەلمێنرێ. 

ئێمە دەپرسین : خۆ گەلی فەلەستین ماوەی حەفتا ساڵ زیاترە دەوڵەتی جولەكە لەسەر چەقی خاك و نیشتمانەكەیان ڕوێنراوە و، هیچ جۆرە پیلان و نەخشە و بەرنامە و ڕێگایەك نەماوە نەگیرێتەبەر بۆ لەناوبردن و ڕیشەكێش كردنیان و، هیچ جۆرە چەكێكی پێشكەوتوو كاولكەریش نەماوە بەسەریاندا تاقی نەكرێتەوە بۆ قەتڵ و عام كردن و لەناوبردن و سڕینەوەیان، نەك تەنها لەلایەن جولەكەوە بەڵكو لەلایەن هەموو زلهێزەكانی جیهانەوە ، دەی ئەگەر ئێمە لێرەدا  بەراوردێك لەنێوان ئەو (هەزیمەت)ـە دەروونییە قوڵە بكەینەوە كە بەشێك لەم میللەتە توشی بووە ، لەگەڵ ئەو خۆڕاگرییە پاڵەوانانە مێژووییەی كە گەلی فەلەستین  بە گشتی و غەززە بە تایبەتی تۆماریان كردووە و تا ئەم لەحزەش بەردەوامن لە تۆماركردنی، ئەوا زۆر بە ڕوونی و بە ئاشكرا جیاوازی گەورەی نێوان ئەو (عەزیمەت)ـەی كە ئەوان دەستیان پێوە گرتووە و، ئەو (هەزیمەت)ـەكەش كە توشی ئێمە بووە بۆمان دەردەكەوێ، خۆڕاگریی و (عەزیمەت )ی گەلێك كە یەكێك لە بەهێزترین و پڕ چەك ترین سوپاكانی جیهانی ناچار كرد لە 7/1/2023 دان بە شكستی خۆیدا بنێ! 

ئەوەی پیویستە ئێمە لێرەدا وانەی لێ وەربگرین (عەزیمەت) و خۆڕاگریی ئەو گەلەیە كە توانیویەتی دوژمنەكەی توشی گەورەترین (هەزیمەت) و هەرەس و ڕووخانی دەروونیی بكاتەوە، سەرەڕای ئەو چەك و تەقەمەنی و تەكنۆلۆژیا پێشكەوتووە، هەروەها ئەو پشتیوانیە هەمە جۆرە بێسنوورە نێودەوڵەتیە جیهانیەی بۆی دەستەبەر كراوە! 

بەدەر لە فەلەستین ، گەلێكی وەك گەلی ئەفغانستان دوای 20 ساڵ لە خوێن ڕشتن و شەڕو خۆڕاگریی و ڕووبەڕووبونەوە توانی داگیركەر لە وڵاتەكەیان دەربكەن و دەسەڵات بۆ نەوەكانی ئەو وڵاتە بگێڕنەوە!   ئەفغانیەكان توانیان پەیامێک بە گوێی هەموو گەل و نەتەوە ستەم لێكراو و ئازادیخوازەكانی جیهاندا بدەن کە (عەزیمەت) و خۆڕاگریی و یەكڕیزی و تەسلیم نەبوون مەرجی سەرەكی هەموو سەركەوتن و بەدیهێنانی  سەرجەم دەستکەوت و ئامانج و ئاواتە گەورەكانە! 

ئەوان توانیان دوو زلهێزی گەورەی جیهان بە چۆكدا بێنن ، یەكەمیان : یەكێتی سۆڤیەت ساڵی 1989، دووەمیان : وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ناتۆ ساڵی 2021. 

ماوەتەوە بڵێین : نە دۆڕان و شكست و هەزیمەت تەنها شكست و هەزیمەتی سوپاكانە، نە سەركەوتنیش تەنها سەركەوتنی سەربازیی سوپاكانە، بەڵكو (هەزیمەت) و (عەزیمەت) تێكەڵەیەكن لە دەروونی تاكەكاندا دەڕوێنرێن و چەكەرە دەكەن، بۆیە خۆڕاگریی و عەزیمەت و ئیرادەی بەهێزو تۆكمە ی نەتەوەکان زامنكەری هەموو دەستكەوتەكانی ئێستا و داهاتووە، لە بەرانبەریشدا (هەزیمەت) و هەرەس و ڕووخانی دەروونیی تاكەكان و نەتەوەكان هۆكارو سەرچاوەی سەرەكی داڕووخان و توانەوە و كۆتایی هاتن و لەدەستدانی سەرجەم دەستكەوتەكانە. 


17/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر