چی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت؟

د. سه‌ردار عه‌زیز

یەکەم، ئێران و ئەمریکا گەشتنە ڕێکەوتنێک بۆ ئازادکردنی چەند گیراوێکی ئەمریکی بەرامبەر چەند ملیارێک. قەتەر فەراهەمکەریی ئەم گۆڕینەوەیە. پارەکە، لە کۆریای باشورەوە دێت بۆ قەتەر لە وێ لە هەژمارێکی تایبەتدا دەدرێت بە ئێران لە ژێر چاودێریدا. ئەمە وەک جۆرێک لە دیاریی وایە بۆ ئێران، لە زمانی دیپلۆماسیدا پێی دەڵێن، گێزەر. دوو پاڵنەریی سەرەکی لە پشتیەوەن، ناوخۆی ئەمریکا، ئازادکردنی گیراوەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن باشە، هەروەها دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە.

دووەم، لە هەمانکاتدا ئەمریکا هێزی دەریاوانی زیاتر بۆ ناوچەکە دەهێنێت، بە بیانوی فشارکردن لە سەر ئێران بۆ کۆتایی هێنانی بە ڕێگریی لە کەشتییە نەوتییەکان. بەمەیان دەڵێن گۆچان.

بۆ ئەمریکا ئەم دوو کارە لە هەمانکاتدا دەکات؟

هەمیشە پاڵنەری سەرەکی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، لە ناوەوەیە. ئەمریکا بەرەو ساڵی هەڵبژاردن دەڕوات. بایدن کۆمەڵێک ئامانجی هەیە لەمبارەوە. یەکەم، رێگرییکردن لە ئێران بۆ دروستکردنی کێشە لە ناوچەکەدا. لە کاتێکدا ئێران فشار دەخاتە سەر ئەمریکا لە سوریا. لە سوریا کۆمەڵێک پلان لە ئارادایە بۆ ئەو مەبەستە، لەوانە ڕەوانکردنی سەرباز و تەقەمەنی زیاتری ئەمریکی. وەها دیارە ڕۆژئڤا دەبێت بەشێک لە ستارتیژێکی درێژی ئەمریکی بۆ ڕێگرییکردن لە دروستبونی بەرەی دژ بە ئەمریکا لە ناوچەکە. دووەم، ڕزگارکردنی ئەمریکاییەکان لە ئێران هەنگاوێکی باشە بۆ بانگەشە. سێیەم، ئیدارەی بایدن داوا لە محمد بن سەلمان دەکات کە لە گەڵ ئیسرائیلدا ئاشتی بکات. بن سەلمان پێی خۆش نیە ئەو دیارییە بدات بە ئیدارەی بایدن چونکە باڵی چەپی دیموکراتەکان دژ بە ئەون. (جێگای باسە بن سەلمان خۆی لە لایەن ئیدارەی ئەمریکییەوە هاندەدرێت کە ببێت بە دیکتاتۆری سعودیە، لە پاش یانزەی سیپتەمبەر، بۆ کۆتاییهێنان بۆ تیرۆری توندڕەوەی دینی لە سعودیە). ئەوەی ئێستا بن سەلمان داوای دەکات ئەوەیە کە ئەمریکا ڕێکەوتنێکی پاراستنی لە گەڵدا واژۆ بکات. بایدن لە ئێستادا ناتوانێت ئەوە بکات، چونکە لە لایەن زۆرێک لە دەنگدەری دیموکراتەکانەوە وەک هەنگاوێکی خراپ دەبینرێت. بۆیە هەندێک وەهای لێکدەدەنەوە کە هاتنی هێزی دەریاوانی زیاتر بۆ پێدانی دڵنیاییە بە سعودیە. بەڵام گومان دەکرێت بن سەلمان ئەوە بکات چونکە ئەم ئیدارەیەی ئیسرائیل زۆر توندڕەوە.

کەواتە ئەوەی ئەمریکا دەیەوێت، رونەدانی هیچ ڕوداوێکی گەورەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی نێگەتیف. ئەگەر بکرێت چەند ڕوداوێکی پۆزەتیف ڕوبدەن. لەم ڕوانگەیەوە لە عێراقدا هەوڵدەدات ئەو بێدەنگییە هەیە بیپارێزێت. کورد بە هیچ شێوەیەک هاوکاری ئەمریکا نین و زۆر ڕێگرییان بۆ دروست دەکەن. ئەمریکاییەکان بە شێوازی جیاواز پەیام دەنێرن بەڵام کورد بێباکە، وەک ئەوەی زلهێزێکی باشتری دۆزیبێتەوە، یان ئاگای لە دۆخەکە نییە. ئەمریکا توانای فشاری سەربازیی لە سەر عێراق نەماوە، کارتی بەهێزی دۆلارە. مانگی دە پیاداچونەوەیەکی تر هەیە بەو پرسەدا. 

هەموو ئەمانە دەبن لە بەر هۆکاری ناوەوە، کە کاتییە، هۆکاری ئۆکرانیا کە مامناوەندە، پوتین چاوەڕێیە ترەمپ بێتەوە بۆیە سازش ناکات، بەڵام فاکتەری درێژخایەن چینە.


15/08/2023



وتارەکانی تری نوسەر