چەند ڕوویەک لە سەردانەکەی سودانی بۆ واشنتۆن

د. سه‌ردار عه‌زیز
یەکەم، سودانی مانگی دوو شاندێکی نارد بۆ واشنتۆن، ڕوبەروی چەند پرسێک بونەوە، بە تایبەتی لە کۆنگریس. لە پاش گەڕانەوەیان سودانی هەوڵ دەدات کە مامەڵە لە گەڵ ئەو کێشانەدا بکات. لە نێویاندا، موچەی هەرێم، پرسی مەسیحییەکان، ڕفاندنی ئیلزابێس تسورکۆڤ، لە سەروی هەمویەوە کێشەی گروپە چەکدارەکان.

دوو، سودانی لە ئامادەکاریی بۆ سەفەرەکەی دەیەوێت وەها وێنای عێراق بکات کە جێگایەکی سەقامگیرە، کراوەیە بۆ بزنێس، بۆیە زیاتر جەخت لە سەر وەزارەتە ئابورییەکان دەکاتەوە وەک نەوت، بازرگانی و هەروەها پێنج بزنیێسمان. ئەمە جۆرێکە لە پی ئاڕ. بەڵام لە هەمانکاتدا سودانی خۆی جەخت لە بواری حکومەتداریی و خزمەتگوزاری دەکاتەوە، چونکە تێگەیشتنی لە بواری سیاسەتی دەرەوە و دیپلۆماسیدا لاوازە.

سێ، سودانی و تیمەکەی دەیانەوێت ئەم سەفەرە بکەنە دەرفەتێک بۆ بونیادنانی وێنایەک بۆ سودانی وەک پیاوی دەوڵەت و دەوڵەتداریی. لە ئێستادا چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانە، بەڵام لە هەمانکاتدا نیگەرانە لە بەهێزبونی سودانی.

چوار، سودانی هەوڵدەدات ئەم سەفەرە بەکاربهێنێت بۆ هەڵبژاردنەوەی لە ساڵی داهاتودا، کە قسە هەیە لیستی سەرانسەری دەبێت لە عێراقدا. هەرچەندە ئەم پرسە یەکلایی نەبوەتەوە. هەندێک سەرچاوەش جەخت لە سەر ڕەزامەندی ئەمریکا و ئێران دەکەنەوە، بەڵام هێشتا زۆری ماوە.

پێنج، هەموو سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای کشانەوەی ئەمریکایان کردوە لە عێراق لە جەعفەرییەوە هەتا سودانی، بەبێ ئەوەی مەبەستیان بێت. خۆتان دەزانن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردار گرنگ نیە، دەنگۆکەی گرنگترە. بۆیە سودانی داوای کشانەوە دەکات، وەک لە بابەتەکەیدا دیارە کە بۆ گۆڤاری فۆرن پۆلەسی نوسیویەتی، وەک بەشێک لە ئامادەکاریی سەفەرەکەی.

شەشەم، ئەمریکا حەز دەکات پەیوەندی لە گەڵ عێراقدا بکاتە پەیوەندی ئاسایی. ئەمە مانای وەهایە کە ئەمریکا ساڵانە کە نزیکەی یەک بلیون دۆلار لە عێراقدا بە فیڕۆ دەدات، بۆی بگەڕێتەوە. هەروەها مانای وەهایە هاوکاری ئاسایشیی و ئینتلیجینسی کۆتایی پێبهێنرێت کە عێراق نایەوێت کۆتایی پێبهێنرێت.

حەوتەم، هەرچەندە سودانی هەوڵیداوە کە سەرئێشەکانی لە واشنتۆن کەمبکاتەوە، بەڵام دۆخەکە هەمووی لە کۆنترۆڵیدا نیە، بە تایبەتی کە دەنگۆی هێرشی ئێران هەیە بۆ ئیسرائیل.

هەشتەم، عێراق لە تەکساس قونسوڵخانە دەکاتەوە، ئەمە پەیامێکە بۆ گرنگی نەوت لە پەیوەندییەکەدا، کە لە ڕاستیدا هیچ گرنگییەکی نەماوە. 

نۆ، ئەوەی بایدن دەیەوێت ئەوەیە کە عێراق نەبێتە هەواڵ و زیانی هەڵبژاردنی لێنەدا. ئەمریکا هیچ ئامانج و هیوایەکی بە عێراق نیە.

12/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر