مەسعود محمد وەک فەیلەسوف

د. سه‌ردار عه‌زیز
ئەم دەربڕینە زۆر دەبیسترێت و دەوترێت. بەڵام ئەوانەی دەیڵێین هەر لە ڕستەیەک پێش یان پاش گوتنی خۆیان دەربڕینەکەیان پوچ دەکەنەوە. 

بۆ نمونە مەسعود محمد کوردە بۆیە وەک فەیلەسوف مامەڵەی لە گەڵدا ناکرێت، ئەگەر کورد نەبوایە ئەوا وەک فەیلەسوف دەبینرا. ئارگومێنتی ئەمە ئەوەیە کە گوایە کورد هەست بە کەمی دەکات  و سەرسامە بە بیانی بۆیە بیرمەندانی خۆی بە فەیلەسوف نازانێت. هەوادارانی ئۆجەلانیش ئەم گلەییە زۆر دەکەن.

لێرەدا بۆ تێگەیشتن لەم دیدە پەنا دەبەمە بەر فرانسیس بیکەن و دیدی بتەکان و تێگەیشتن.

چەمکی بت لە زمانی کوردیدا مانایەکی دینی و لەم دواییانەشدا سیاسی وەرگرتوە. بەڵام ڕەهەندە فەلسەفییەکەی ڕون نیە. بە گشتی بت یانی هەبونی بونێک لە سەر بنەمایەکی هەڵە، بەڵام لە ژیان و ژیاری ڕۆژانەدا کار دەکات. 

بیکن چوار بت دیاری دەکات کە چەمکی idol یان بۆ بەکار دەبات. ئەم چوار بتە بریتین لە خێل، دیارە بە مانای خێڵی زمانی کوردی نایەت، چەمکی ترایب tribe یانی پابەست بوون بە غەریزە سەرەکییەکانەوە، وەک گروپچێتی، هاوسۆزی، دژایەتی نەیار، سنگ-تەسکی و زۆر دیاردەی تر. دووەم بت ئەشکەوتە، ئەشکەوت یان دن، بە مانای ئەوە دێت کە کەسێک بێئاگایە لەوەی کە ئەوەی دەیبینت یان دەیزانێت هەموو شتەکان و ڕەهەندەکانی نیە، بۆیە بەش یان بڕی لێدەبێت بە هەموو. دیارە چەمکی ئەشکەوت زۆر دەوڵەمەندە لە فەلسەفەدا لە ئەفلاتۆنەوە هەتا ئەمڕۆ. ئەگەر کەمێک ترش و خوێی کانتی بۆ زیاد بکەین، بە دیدی ئەو هەڵەی ئێمە تەنها لە ئەزمون نەکردن و نەبونی زانیارییەوە نیە، بەڵکو پەیوەستە بە پێشینەکانەوە کە بنەمای تێگەیشتنمان بۆ ئەزمونەکان دادەڕێژن کە پێی دەڵێت پرایوری.

پاش ئەمە بتی بازاڕ دێت یان شوێنگەی بازار، کە مەبەستی سەرەکی زمانە. بیکن بڕوای وەها بوو کە پەیوەندییەکی کێشەدار هەیە لە نێوان بیر و زماندا، زمان هەمیشە ناتوانێت دربڕی بیربێت بە کامڵی. چوارهەم بت، شانۆیە، کە بەمانای بیرە زاڵەکانی ئەو سەردەمە دێت.
دیارە ئەم بتگەراییە لە بیری ستراتیژیشدا زۆر گرنگە. هەموو کەسێک کە بیر دەکاتەوە نەک تەنها لە کایەی فیکریدا، بەڵکو لە کایەی سیاسی و ستراتیژیدا، دەبێت هەمیشە بیر بکاتەوە ئایا ئەوەی دەیڵێت یان دەینوسێت چەندێک لە ژێر کاریگەریی ئەم بتانە و جۆرەکانی بتی تردایە.

لەم ڕوانگەیەوە دەبینین بە فەیلەسوف لە قەڵەمدانی مەسعود محمد لەو خواستەوە دێت کە گوایە کەسەکە شەڕی خۆ بە کەم زانین دەکات و بەوجۆرە ئەگەر کەسێک بکات بە ڕۆشنبیر ئەوا بە سەر خۆ بە کەمزانینیدا زاڵبوە، کە لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی ڕاستە. چونکە ئەو کەسە یان کەسانە تەنها قەناعەت بە خۆیان دەکەن، کە جۆرێکە لە خۆ خەڵەتاندن. 

دەکرێت مەسعود فەیلەسوف بێت، بەڵام دەبێت پێوەری ترمان هەبێت بۆی نەک پێوەر یان بتی دەرونی و کۆمەڵایەتی و ئەشکەوتیی. کە نەزانیت بیرکردنەوە چیە، بیرکردنەوە ئاسانە هەتا ئەو جێیەی کە نەزانیت چیە،  کە زانیت چیە، چیدی بە ئاسانی نامێنێتەوە.


17/02/2024



وتارەکانی تری نوسەر