ڕاپەڕینی مەعریفی

د. سه‌ردار عه‌زیز
ئەفسانەیەکی زۆر لە دەوری راپەڕین هەیە. بەڵام بە کورتی، دەرفەتی دا بە کورد هەتا بتوانن لە ناوچەیەکی بەرفراواندا، بە پشتیوانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاروباری خۆیان بەڕێوەبەرن. 

کورد ئەگەرچی لە گەڵ سیستەمە سیاسیەکانی ناوچەکەدا ناتەبا بوو، بەڵام نەیتوانی لێی تێبگات و هەروەها نەیتوانی جوادبێت لێی.
لە خوارەوە کۆمەڵێک هەڵەی کوشندە دەخەمە ڕوو:

یەکەم، پارتی و یەکێتی وەها لە کوردستان دەڕوانن کە موڵکیانە و ئەوان خاوەنینی. لە سایەی عەقڵیەتی خاوەندارێتیدا حوکمداریی سەردەمیانە بەرهەم نایەت.

دووەم، ئەم خاوەندارێتیە زیاتر قەیراناوی بو، کاتێک دوو هێز کێبڕکێ دەکەن لە سەر خاوەندارێتییەکەی. هەمیشە لە پەیوەندییەکی شەڕیانەدان بۆ پاراستنی خاوەندارێتی.

سێیەم، خیتابی گەندەڵی دەکرێت وەک دژ بەم خاوەندارێتیە ببینرێت، بەڵام هەتا ئێستا نەیتوانیوە کرۆکی ئەم پرسە بکاتە ئامانج. گەندەڵی لە کوردستان لەوێوە دەست پێدەکات کە هێشتا دیدێکی سەدە ناوەندییەکان هەیە بۆ پەیوەندی خەڵک و وڵات. ئەمەش یانی خەڵک خاوەن نین، بەڵکو لەمیانەی پرۆسەی خاوەندارێتی حیزبەکاندا دەکرێت سودمەند یان زەرەمەندبن.  

چوارهەم، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کوردستانیش لە نێویاندا، لە بەر کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەمیشە شوێنی دەستوەردانی هێزەکانە. حیزبی کوردی سودمەند و زەرەمەندی ئەم دەستوەردانەیە. بەڵام خەڵک زیان لێکەوتوی سەرەکین.

پێنجەم، بە لاساییکردنەوەی کۆمەڵگا و دەسەڵاتەکانی تری ناوچەکە، توانراوە لە کوردستان کۆمەڵگا بە ئاراستەیەکدا ببرێت کە دژ بە خۆی بێت. ئێستا زۆرینەی خەڵک لە کوردستان بەرژەوەندی لە گەڵ کۆمەڵگایەکی سەردەمدا نیە، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک دژیەتی.
شەشەم، نەوت، جۆرە ژیانێکی تایبەتی دروستکردوە، لە ئاستی ئابوری، کۆمەڵایەتی، پەیوەندی و ئەخلاقیدا. کە بە نەوت نەبێت ناتوانرێت دابینبکرێت.

حەوتەم، ئەوەی خەڵک خەونی پێوەدەبینێت داهاتویەکی باشترنیە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ ساڵانێک کە موچە هەبوو، بژێوی ئاسان بوو، فەرحانی بوو. ئێستا وەها دەبینرێت کە بەغدا دەتوانێت بیانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ڕۆژگارە.


06/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر