د. سه‌ردار عه‌زیز
ئایا ده‌نگدان و ده‌نگنه‌دان وه‌ك یه‌ك وایه، ده‌نگ بده‌یت یان ده‌نگ نه‌ده‌یت هیچ له دۆخه‌كه ناگۆڕێت؟ نه‌گۆڕانی خێرای دۆخه‌كه کرۆکی ئارگومێنتی ئه‌وانه‌یه که دژ به ده‌نگدانن و بانگه‌شه بۆ بایکۆتی ده‌ندان ده‌كه‌ن. با تۆزێک به به‌رپرسیارێتی و هێمنی و به حوکمی عه‌قڵه‌وه له‌م کێشه‌یه بنواڕین. ئایا کاتێک له ئه‌نجامی جارێک یان دووجار ده‌نگدان دۆخه‌كه نه‌گۆڕاوه ئه‌وا مانای وه‌هایه ده‌بێت واز له ده‌نگدان بهێنین؟
لێره‌دا گۆڕان به مانای گۆڕانی ریشه‌ی ڕادیکاڵی، که ته‌نها له رێگای شۆرشه‌وه دێته دی. کاتێک ده‌نگ ناده‌ین ئه‌وا یانی به ته‌واوی ئاڵای بێ ئومێد و ته‌سلیم بوونمان هه‌ڵکردوه. چونکه ده‌نگ نه‌دان یانی هیچ نه‌كردن. ئایا له کاتێکدا له سیسته‌مێک ناڕازیت به هیچ نه‌كردن ئه‌و سیسته‌مه ده‌گۆڕیت؟ دیاره بێگومان هیچ نه‌كردن هیچی لێ به‌رهه‌م دێت، نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه. به‌ڵام جودا له‌م ئارگومێنته ده‌نگ نه‌دان کۆمه‌ڵێک خه‌سڵه‌تی تری نێگه‌تیفی هه‌یه که پێویسته قسه‌ی له سه‌ر بکرێت. کێیه ئه‌وه‌ی که ده‌نگ نادات، دیاره ده‌نگ نه‌ده‌ر ئه‌و که‌سه‌یه که ناڕازیه له دۆخه‌كه، چونکه خه‌ڵكی ڕازی ئه‌وانه‌ن که سودمه‌ند و له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدان. که‌واته که‌سی ناڕازی له رێگای ده‌نگ نه‌دانیه‌وه ته‌نها چه‌كێک که هه‌یه‌تی بۆ گۆڕانکاری وازی لێده‌هێنێت. ئه‌م وازهێنانه گه‌وره‌ترین بردنه‌وه‌یه بۆ ده‌سه‌ڵاتداران چونکه توانیان که‌سی نه‌یاریان ماندوبکه‌ن، بێ هیوا بکه‌ن، ناچاری بکه‌ن به کشانه‌وه.
دووه‌م، کاتێک که دیموکراسی بریتیه له ململانێ له نێوان هێزه‌كاندا بۆ حوکمکردن، به‌و شێوه‌ی هه‌ر هێزێک به باشی ده‌زانێت، ئه‌وا ده‌نگدان ده‌بێت وه‌ك ململانێیه‌ك ببینرێت له نێوان ئه‌وانه‌ی که هه‌موو شتێکیان بۆخۆیان بردوه و ئه‌وانه‌ی که له هه‌موو شتێک بێبه‌ری کراون. بۆیه ده‌نگدان بریتیه له هه‌وڵدان بۆ ململانێکردن له گه‌ڵ خه‌ڵکانێکدا که ده‌ستیان گرتوه به سه‌ر سه‌رجه‌م سامانی وڵات‌دا به ئاسانی ئاماده‌نین که ده‌ست به‌رداری بن، بۆیه نابێت به دوو سێ جار ده‌نگدان وه‌ها لێک بدرێته‌وه که ئه‌م خه‌ڵکانه که سڵ ناکه‌نه‌وه له هیچ شتێک ئاماده‌بن بێنه ژێر بار. له لایه‌كی تره‌وه با له ڕوانگه‌ی دیموکراسیه‌وه له ده‌نگدان بنواڕین. کاتێک که ناڕه‌زایی هه‌یه ئه‌وا دوو رێگا هه‌یه بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی ئه‌ویش یان ده‌نگدان یان توندوتیژی، چونکه ده‌نگ نه‌دان یانی کشانه‌وه و ته‌سلیم بوون. ئایا ده‌نگ نه‌ده‌ر ئه‌و که‌سه‌یه که به‌ره‌و ئه‌وه ئه‌روات که بڕوای وه‌هابێت که ته‌نها توندوتیژی ده‌توانێت دۆخه‌كه بگۆڕێت. توندتیژی دیسانه‌وه جۆرێکی تره له ده‌ربڕینی نائومێدی.
توندوتیژی یان له شێوه‌ی شۆڕش یان خه‌باتی چه‌کداریدا خۆی ده‌بینێته‌وه. هه‌ردوو نه‌ک هه‌ر له ئێستای کوردستاندا به‌ڵکو له هه‌موو ساته‌وه‌ختێکدا چه‌ندێک باشیان هه‌بووبێت ده هێنده زیانیان هه‌بووه. توندوتیژی نه‌ك هه‌ر نابێته هۆی گۆڕانکاری به‌ڵکو ده‌بێته هۆی رژانی خوێنێکی زۆر، باڵاده‌ست بوونی خه‌ڵکانی نه‌فامی سیاسی، دروستکردنی قاره‌مان، خۆ به خاوه‌نزان، که دیسانه‌وه دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ما دۆخی ئێستایه به خوێن وئازارێکی زۆره‌وه.
بۆیه گه‌ر ده‌ته‌وێت دۆخه‌كه بگۆرێت، ئه‌وا ده‌بێت له سه‌ر چالاک‌بوون و به‌شداریکردنت و سوربونت کۆڵ نه‌ده‌یت که ده‌نگدان یه‌كێکه له باڵاترین شێوازی به‌رجه‌سته‌بوونی ئه‌م به‌رگری و گۆڕانخوازیه.