جیابونەوە لە دەوڵەتی شکستخواردوو

د. سه‌ردار عه‌زیز

یەکێك لەو ئارگومێنتانەی باسی لێوەدەکرێت، کە قسە دێتە سەرشکستخواردویی کوردستان، ئەوەیە کە عێراق شکستخواردوە، بۆیە باسکردن لە شکستخواردویی شایانی باس نیە. لە ڕاستیدا ئەم ئارگومێنتە چەواشەکاریە. چونکە لە سەرەتادا یەکەمین بیانوی جیابونەوەی هەرێم لە عێراق دەبێت ئەوەبوایە کە نایەوێت شکستخواردووبێت. نەک حەتمەیەتی شکستخواردویی خۆی بەوە پینە بکات کە بەغداش شکستخواردووە.
چونکە لۆژیک نیە تۆ لە خراپێک دوور بکەویتەوە، بەڵام وەک ئەو خراپ بیت، بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بکەیت بۆ ئەوەی باشتربیت لە خراپەکە. 
مەترسی شکسخواردنی هەرێم وەک دەوڵەتێک یان دروستبوونی دەوڵەتێکی شکستخواردو لە کوردستان ئەگەر جودابوەوە، ئەگەرێک نیە کە بون و نەبوونی گومانی تیادابێت. ستراکتۆری دەسەڵاتی هەرێم، سیستەمێکی شکستخواردوە. ئەوەی جێگای مەترسیە کە ئەم شکستخواردنە نەک وەک ئەگەرێک بەڵکو ڕۆژانە لە ژیانی خەڵكیدا بوونی هەیە.
دەوڵەت بە چەندین شێوە شکست دەهێنێت:
توشی شەڕ و ململانێ دەبێت، ناتوانێت سەروەری خۆی بپارێزێت و خزمەتگوزاری دابین بکات، یان چینی دەسەڵاتدار تیایدا خۆیان بە گروپێک لە چەکدار مەتەرێزدەکەن و کۆمەڵگا پشتگوێ دەخەن. بەڵام شکست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جودایە.
وەک بیرمەندانی جیوپۆلەتیک باسی دەکەن، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارگۆشە، کوادرۆپڵێکدایە، کە بە کۆمەڵێک بلۆکی بەهێز دەورە دراوە وەک روسیا، ئەوروپا، چین، هیند، هەریەک لەمانە جۆرێک لە هەماهەنگی و هاوبەشی پێکەوەبونیان هەیە، بەڵام رۆژهەڵاتی ناوەراست سەرباری بوونی ئاینی ئیسلام وەک هاوبەشی گەورە لە نێو خەڵکەکانیدا نەیتوانیوە هاوبەشییەکی ڕاستەقینە لە نێو خەڵکەکەیدا بهنێتە کایەوە. ئاینی ئیسلام بریندارە بە مۆدێرنە. لە پەرچەکرداری ئەو برینەدا هەتابێت دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمەکانی پێش دەوڵەت و بونیادە نا مۆدێرنەکان. 
نەبوونی توانای چاککسازی و سەردەمی بوون، تەنها کەلتور و جوگرافیا و ئاگایی نیە، بەڵکو نەبوونی دەزگا و سەقامگیری و چەکەر نەکردنی عەقڵی مۆدرێنە. 
کوردستان وەک ئەمڕۆ دەیبینی بە دەست هەموو ئەم گرێکوێرانەوە دەناڵێنێت. لە کوردستان عەقڵی دەوڵەتی بوونی نیە، کەلتوری دەوڵەتی بوونی نیە، تێگەیشتنی زانستی بوونی نیە. هەموو ئەمانە زەمینەیان سازاندوە، بۆ لە خشتەبردنی خەڵکی ئاسایی، پەرتکردنیان، ختۆکەدانی کەلتوری پێش دەوڵەت.
لە هەمانکاتدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان لە پانتاییەکی جوگرافیدان کە جێگای ململانێی هەموو هێزەکانی دونیایە، چونکە خۆی هێزی گەورەی تیادانیە. بەبێ ئەوەی خۆی توانای بەرگی هەبێت. لە ئەنجامدا گرنگی و لاوازی و دواکەوتویی کەلتوری و بەهێزی کولتوری رەجعیەت وەهایکردوە کە دەوڵەت نەتوانێت بە شێوازە مۆدرێنەکەی سەرکەوتووبێت. 
هەرێمی کوردستان لە مێژووی چارەکە سەدەی ڕابوردوودا، بەئاگا نەبوە لە هیچ کام لەم گرێکوێرانە، بەڵکو بە ئاگایی و کەلتوری نادەوڵەتی و دژە دەوڵەتی کاری کردوە. ئەمڕۆ دەبینین کە کەلتوری دژە دەوڵەت وەک پەرچەکرداریش پەرەی سەندەوە، کە بنەماکەی یان ئاینی ئیسلامە یان چەپ، (هەرچەندە دژە دەوڵەتێکی پەکەکەیی هەیە، کە بنەمایەکی تیوری هێندە تۆکمەی نیە: دیدی نەمانی پلەبەندی دەیدێكی یوتوپیە) کە هەردوکیان دوو دیوی یەک دراون. بەڵام تەنها جیاوازییان لە جوگرافیای بەهەشتەکەیاندایە.
بەم پێیە کوردستان گیری خواردوە بە دەست کەلتوری رەجعی و یوتوپیەوە، بەبێ ئەوەی بتوانێت واقیع ببینێت. دەگمەنن ئەوانەی کە بانگێشتی دەکەن بۆ بیابانی واقیع. 
لە لایەکی ترەوە ئەوەی ئەمڕۆ دەربارەی دەوڵەتی کوردی باس دەکرێت کە دەبێت هەموو شتێکی تر بخەینە لاوە، هەمان ئەو عەقڵیەتە عەرەبیەیە کە لە سەدەی ڕابوردودا تەنها بایەخی بە کۆمەڵێک بەهاداوە بەدەر لە ژیانی تاکەکانی عەرەب. وەک یاسین حاجی ساڵەح بە جوانی باسی دەکات.




AM:10:36:14/07/2017