خوێندنەوەیەک بۆ هەڵوێستی ئەمەریکا لەسەر عفرین

د. سه‌ردار عه‌زیز
بەپێی ئەم بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەبێت ئەمریکا بە هێرشێکی سنورداری تورک لە رووی جوگرافی و کاتەوە ڕازیە
دەقی بەیاننامەکە لە کۆمێنتدایە
ئەردۆغان کۆمەڵێک ئامانجی هەیە:
بچوککردنەوەی دەستکەوتی کورد
هەبونی پێگەی زیاتر پێش کۆتایی هاتنی شەڕ لە سەر مێزی گفتوگۆ
سنوردارکردنی جوگرافیایی کورد و ناچارکردنی بە پێویستیبوونی بە تورکیا
شەڕی کورد لە ناو تورکیا، چونکە دەزانێت بە نەمانی شەر و هەبوونی پێگەی کوردی بەهێز لە ڕۆژئاڤا، کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر کورد لە باکور، ئەوا تورکیا بە ئاسانی ناتوانێت هێرشی لەمجۆرە بکات
دەرئەنجامەکان
کورد لە ڕۆژئاڤا خاوەن یەک هیز و ناوەندی بڕیارە بۆیە دوورە لە نەخۆشیە کوردیە کۆنەکە کە دوژمنان بە ئاسانی کورد بەش دەکەن و تێکی دەشکێنن. بۆیە شەر هەمیشە زیانێکی کەمتری دەبێت لەوەی کە لە باشور روویدا. نەیارانی کورد، بە هاوکاری سەت دەر سەتی نوخبەی سیاسی کوردی، لە رێگای درێژەپێدانی دۆخی شەڕی ناوخۆ، لە ئاستی فراوانیدا توانیویانە رێگربن لە هەبوونی هێزێک و ناوەندێکی بڕیار. لەم دواییانەدا لە باشور توانیویانە لە ئاستی ئاگاییش خەڵكیک هەڵبخەڵەتێنن کە دژە کورد و کوردستانی و ناسیونالیزمی کوردی وەها لێبکەن کە فاشیزم بێت، ئەمەش جۆرێکە لە لاوازکردن و پەرتکردنی کوردستان بە هەمان ئاستی یاریەکەی ململانێی یەکێتی و پارتی. ئەو خەڵکانەی کە ئەمڕۆ دژ بە کورد قسە ئەکەن لە باشور لە رووی ئەخلاق و ئاگاییەوە هەمان شێوەی ئەو هیزەن کە هاوەڵی هێزەکەی ئەردۆگانە بۆ عەفرین.
سوریا وەک وڵاتێکی ناوەندی دروست نابێتەوە، چونکە هێزی جیاواز دەیەوێت بە شێوازی جیاوازبێت. دیارە نابێت ئەو ئەگەره لە خەیاڵی خۆمان دەربکەین کە لە داهاتوودا رێککەوتن لە نێوان ئەم هێزانەدا نابێت، چ ڕاستەوخۆ چ ناڕاستەوخۆ. چونکە سیاسەت لە سەر رووداو وەستاوە، وەک سەرۆک وەزیرانی بەریتانی ماکمیلان لیی ئاگادارکردینەوە.
شەڕی سەر ئەفرین، وەک کۆبانێ، ئەو دۆخە دەهێنێتە کایەوە، کە ئەگەر ڕۆژئاواڤا بەرگەی بگرێت سودی زۆری لێدەبینێت. کۆبانێ زەمەنی چڕکردەوە، لە ناسین و بە گلۆبال کردنی خەباتی کورد لە سوریا، ئەفرین هەمان کاریگەری دەبێت بەڵام بە هەمان ئاست نا.
کورد بۆئەوەی بتوانێت یاری بکات دەبێت فێری لۆجیکی دەوڵەت بێت. لۆجیکی دەوڵەت لە سەر باوەڕ و ئایدیەلۆژی و کوری باش و دۆست و هاوڕێ ئیش ناکات. لۆجیکی دەوڵەت لۆجیکێکی ساردی ریالیستیە، کە سڵ لە هیچ ناکاتەوە لە پێناو سودی خۆیدا. ئەمە رێسای یاریەکەیە. خۆت خەمی خۆت نەخۆی کەس خەمت ناخوات ئەگەر بەرژەوەندی لە گەڵتدا نەبێت.
شوناسی پان کوردیزم لە رێگای ئەم رووداوەوە پتەوتردەبێت


22/01/2018



وتارەکانی تری نوسەر