شەڕەکانی پاش داعش

د. سه‌ردار عه‌زیز
داعش سوریا و عێراقی کردە گۆڕەپان و کۆمەڵێک هێزی جیاوازی هێنایە ناوچەکە. وەک چاودێران دەڵێن قۆناغی یەکەم، قۆناغی شەڕی داعش بوو لە لایەک، لە لایەکی تر هەموو ئەم هێزە جیاوازانە. ئەم قۆناغە بە قۆناغی ئاسان دەستنیشان دەکرێت. بەڵام بە نەمانی داعش وەک هێزێک؛ قۆناغی دووەم دەست پێدەکات.
قۆناغی دووەم ئاڵۆزترە لە قۆناغی یەکەم، چونکە هەموو هیزەکان دەیانەوێت زۆرترین پانتایی و دەستکەوت و ئاسایش بۆ خۆیان دابین بکەن. ئەمەش مانای بەریەککەوتن و رووبەرووبونەوەی یەکتر. ئێمە لە سەرەتای ئەم قۆناغەداین. ئەم قۆناغە قۆناغی دروستکردنی گۆرانکاریە، چونکە قۆناغی یەکەم، قۆناغی هاتن و جێگریبوونی هێزەکان بوو، بەڵام ئەم قۆناغە قۆناغی بەشکردن و ململانێ و داڕشتنەوەی سنوری قەڵەمڕەویە.
لە قۆناغەدا یاریکەرەکان ڕەفتار و پەیوەندییان دەگۆڕێت. هەروەها ئەگەری هاتنی جەنگی نوێی، هەرە دیاریان بەریەککەوتنی شیعە و جولەکە، یان ئێران و ئیسرائیل.
ئەگەر پرسیارێک بکەین، پاشان لە ناواخنی پرسیارەکەدا هەوڵی شوێنکەوتنی هێڵە نوێکان بدەین: بۆچی روسیا رێگەی دا کە فڕۆکە ئیسرائیلیەکە بخرێتە خوارەوە؟ لە کاتێکدا ئەم پرسیارە دەکەین زۆرێک لە چاودێران بڕوایان وەهایە کە روسیا گڵۆپی سەوزی هەڵکردوە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە.
پێش خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئیسرائیلیەکە دوو روداوی تر روویدا، یەکەمیان خستنەخوارەی فرۆکەیەکی روسی، دووەمیان لێدانی هاوپەیمانانی ئەسەد، کە دەنگۆی ئەوە هەیە روسیشیان لە نێودابوە.
ئایا روسیا بۆ تۆڵەکردنەوە، یان گەیاندنی پەیام بە ئەمریکا گڵۆپی سەوزی هەڵکرد بۆ خستنە خوارەوەی فرۆکە ئیسرائیلیەکە وەک لایەنێکی سەر بە ئەمریکی؟
ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە بە بەڵی بێت، ئەوا ئێمە لە بەردەم نەخشەیەکی نوێداین: ئەمریکا، ئیسرائیل، کورد لە بەرامبەر ئێران، سوریا، روسیا بە شێوەیەک لە شێوەکان تورکیا.
بە لێدانی ئیسرائیل و کورد، پەیام و پلانی ئێران و روسیا و سوریا ئاشکرا دەبێت، کە نیازیانە ئەمریکا لە ناوچەکە دەرپەڕێنن. ئەگەر لە بەیاننامەکەی حەمائیم بنواڕێت، روسەکان ئەمە بە ئاشکرا بە کورد دەڵێن. ئەوان بە کورد دەڵێن بۆ ئەوەی لە هێرشی تورکیا خۆتان بپارێزن بچنە ژێر باڵی ئەسەد. لە رێگەی ئەمەوە، هەوڵی ئەوەیان دا هەتا کورد و ئەمریکا لە یەکتر دوور بخەنەوە، بۆ ئەوەی هێندەی تر پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لاوازبکەن، وەک ووتم کە پلانیان وەهایە ئەمریکا دەرپەڕینن. بەڵام کاتێک کورد ئەمەی نەکرد، ئەوا ویستیان لە رێگای تورکیاوە کورد ناچاربکەن ئەم کارە بکات. رێگەدان بە تورک، روس و ئێران دەیانەوێت دوو ئامانج بپێکن، لاوازکردنی پەیوەندی نیوان ئەمریکا و کورد، هەروەها تورکیا و ئەمریاکا. ئەوان لەوەدا سەرکەوتووبوون کە یاری شەترنجەکە وەها لێبکەن کە ئەمریکا بژاردەی ئاسانی نەبێت. ئەم هەوڵە بۆ دژایەتی و سنوردارکردنی ئەمریکا و دەرپەڕاندنی پاش هەڵبژاردن چڕتر دەبێتەوە لە عێراق.
ئێمە لەم قۆناغەدا لە بەردەم چەند ئاڵۆزییەک و کۆمەڵێک ئەگەرداین:
یەکەم، ئایا شەڕەکان چۆن دەبن، ئیسرائیلیەکان دەیانەوێت شەڕی دەوڵەتی بێت، ئێرانیەکان دەیانەوێت میلیشیایی پرۆکسی بێت، ئایا کامیان بڕیاڕی خۆی دەسەپێنێت. ئیسرائیلیەکان چاوەڕوانی ئەمەیان کردبوو، وەک ئای ئێن ئێس ئێس، خانەی بیری ئاسایشی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا باسی کردوە. ئەوروپاییەکان لە هەوڵی ئەوەدان کە ئەمە روونەدات بەڵام هەتا ئێستا ڕۆڵیان لاوازبووە.
دووەم، ئایا کورد ناچاردەکرێت کە بەرە هەڵببژێڕیت، ئەم بژاردەیە چۆن دەبێت. ئەمریکاییەکان هەر کوردیان هەیە لە سوریا، لە عێراق کوردیان لە دەستدا. نەک بەوەی کورد دۆستیان نیە، بەڵکو بەوەی کوردیان سوککرد لە هاوکێشەی عێراقدا بەوەی بە کوردیان گوت کەرکوک تەنها هی ئێوەنیە. ئیتر کورد هێندە سەنگی نیە کە گۆڕانکاری بکات لە عێراقدا. سیاسەتێک کە دەچێت خانەی هەڵە بێشومارەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە. وەک زۆر چاودێری ئاسایشی بڕوایان وەهایە کە ئەوە بەهێزی ئێران نیە لە ڕووی سەربازی و تەکنەلۆجیەوە، چونکە ئێران خۆی سیاسەتێکی بەرگرییانەی هەیە، بەڵکو هەڵەی کوشندەی نەیارەکانیەتی باڵایی ئێرانی دەستەبەرکردوە.
سێیەم، ململانێکان درێژە دەخایەنن، کراوەیە بۆ ئەگەری بوونی بە شەڕی دەوڵەت-دەوڵەت.
چوارهەم، خوێندنەوەی کۆدەکان مانای تر هەڵدەگرن، بۆ نموونە، ئەوانەی بڕوایان وەهایە بەبێ ئەسەد ئاشتی نابێت، لەمەودوا ئەم خواستە مانای جیاوازی هەیە، ئەوانەش بڕوایان وایە ئاشتی لە گەڵ ئەسەددا نابێت دیسانەوە مانای جیاوازی هەیە.
پێنج، وەک دەردەکەوێت، ئاوەدانکردنەوەی عێراق رونادات، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوکاری عێراق ناکات لەم ڕوەوە. ئایا سوننە چۆن لە گەڵ ئەم وێرانەدا مامەڵە دەکەن. هەروەها گەندەڵی و حەشد چارەسەرنابێت. بۆیە عێراقێکی جیاواز تەنها وەهمە. بەم پێیە ئێمە لە بەردەم نوێبونەوەی قەیرانەکانداین لە عێراق ڕەنگە بە ناو و جۆری جیاواز.

لە وەڵامی ریفراندۆمدا وڵاتانی ناوچەکە دەیانەوێت دوو ئامانج بە سەر کورددا بسەپێنن: یەکەم لاوازکردنی کورد بە ئاستێک جارێکی تر باسی سەربەخۆیی نەکات. دووەم، دابڕینی کورد لە کۆمەڵگای نیودەوڵەتی بۆ ئەوەی نەبێتە بەشێکە لە هاوکێشەی ململانێکانی ناوچەکە. داعش ئەم دوو بنمایەی بە کورد دابوو، بەڵام کورد بە هەڵە کۆدەکانی خوێندەوە لە بڕی ئەوەی خۆی پێ بەهێز بکات خۆی پێ لاوازکرد، بەوەی هەنگاوێکی هەڵنا کە هەموو جۆرە شێوازێکی کۆتایی پێهێنا بۆ ئەوەی لە دەرەوە پشتیوانی بکرێت. بەم جۆرە خۆی خستە ناو تەڵەی هیزە ئیقلیمیەکانەوە. ئێستا بە دەمە تەڵەکەوە هەڵبەز و دابەزیەتی. ئایا دەمرێت یان رزگای دەبێت؟ بەشێکە لە ململانێکانی داهاتوو!

13/02/2018



وتارەکانی تری نوسەر