موچە وەک ژەهر

د. سه‌ردار عه‌زیز
موچە وەک دیاردەیەک، چەمكێک، جۆرێک لە ژیان، تەنانەت جۆرێک لە مرۆڤ (موچەخۆر)، لە دڵێ ئەزمونی حکومداری کوردستاندایە، بە تایبەتی لە پانزەساڵی ڕابوردودا. موچە سەرەتا وەک چارەسەرێک، رێگایەک بۆ خۆشژیانی، پاشان وەک تراژیدیایەک، یان وەک دیستۆپیایەک. فەلسەفەی موچە لە ڕوانگەیەکەوە سەرهەڵدەگرێت کە مرۆڤی کورد، دەکرێت بڵێین مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنها بایەخ بە ئەوە ئەدات کە دەچێتە گیرفانی، ئەگەر هەر شتێکی تری بۆ بکەیت ڕاستەوخۆ نەچێتە گیرفانی، ئەوا پێی نازانێت یان نرخی ناگرێت. ئەمە باوەڕی باوە لە نوخبەی سیاسی حاکم لە کوردستان. لەم دیدە فەلسەفیە دەکڕێت زۆر شت، زۆر بوار، زۆر نهێنی ببینین.
یەکەم، لە کاتێکدا مرۆڤی کورد تاک نیە، بەو مانا تاکیەی کە لە ئەدەبیاتی ڕۆشنگەریدا هەیە، بەڵام لە هەمانکاتدا مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی نیە، بەو مانایە کەسێکی سۆشیال بێت، بەڵکو کەسێکە خەمی خۆی دەخوات بەبێ لە بەرچاوگرتنی خەمی ئەوانی تر یان خەمی گشتی. نمونە بۆ ئەمە زۆرە، بۆ نمونە مرۆڤی کورد کە دەچێتە سەیران، ئەو جێگایە هێندە پیس دەکات کە ئاسان نیە بۆ کەسێکی تر پاش ئەو بە چێژەوە سودی لێببینێت. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو هەموو شتێک وەها دەبینێت کە بەکاری بهێنە، بیر لە ئەویتر و جارێکی تر و داهاتوو مەکەرەوە. ئەمە جۆرێکە لە هەڵسوکەوتی کۆندۆمیانە لە گەڵ دونیادا، یان ئەوەی پێی دەڵێن دیسپۆسیبڵ. لە لایەکی ترەوە دەبینین کە لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا زۆر بە دەگمەن ناڕەزاییەک یان خۆپێشاندانێک دەبینیت دژ بە نەمانی ئازادی، یانی جۆری سیستەمی سیاسی، یان کەلتور.
دووەم، ئەم دیدەی نوخبەی دەسەڵات و وەڵامدانەوەی خەڵك بۆی، دۆخێکی وەهای هێنایە ئاراوە کە دەتوانرێت لە ڕێگای موچەوە، تاکە کەسەکان لە یەکتر داببڕێنرێت، ڕاستەوخۆی پەیوەندیان بە سیستەمەوە بۆ دروست بکرێت، لە ئەنجامی ئەمەدا دیوار و بەربەست دروست دەبێت لە نێوان تاکەکاندا و جارێکی تر بە ئاسانی کۆ-کۆبونەوە-هاوبەشی-یان هەر شتێکی لەو شێوەیە دروست نابێت. ئەم بڕ بوونی تاکانە و دابرانیان لە گەڵ یەکدا و دروستکردنی بەرژەوەندی تایبەت بۆیان وەها بیری لێدەکرایەوە کە بنەمایەکی پتەوە بۆ نەهێشتنی کۆمەڵگا یان سۆشیال. ئەمە دەرئەنجامی زۆری هەبوو، دەبینین لە کوردستان بوارەکانی وەک تەندروستی، خوێندن، خزمەتگوزاریەکانی تر پەکیان کەوتوە، بەڵام لای کەس جێگای بایەخ نەبوو. ئەمە لە کاتێکدا کە بڕی زۆری داهات بۆ موچەیە. دیارە موچە چەمکێکی هێندە ئاسان نیە کە بتوانین بڵێین بریتیە لە پێدانی پارە لە بەرامبەر کار بۆ حکومەت یان کەرتی گشتی، بەڵکو چەمکێکی زۆر ئاڵۆزترە.
سێ، سیستەمی موچە، نەک هەر تەنها کۆمەڵگا و خەمی گشتی کوشت، بەڵکو سەربەخۆیی ئابوری تاکی کوشت. تاکێک کە خاوەن داهاتی سەربەخۆیی خۆیەتی و ئەو داهاتەی بەرهەمی کار و ڕەنجیەتی، ئەوا بۆ ئەو کارەکەی جێگای شانازیە و لە هەمانکاتدا لەو ڕوانگەیەوە سیاسەت دەکات. ئەمە کرۆکی چینی ناوەندە، مرۆڤێک کە خاوەن داهاتی ناسیاسیە، بەڵام سیاسەت دەکات لە سەر بنەمای ئەو داهاتە ناسیاسیە، بەمانایەکی تر لە ڕوانگەی خۆی و سەربەخۆییانە و ئۆتۆنۆمیستانە لە بواری گشتیدا چالاک دەبێت. سیستەمی موچەی ئەمەی کوشت لە کوردستان. کە چینی ناوەند نەبوو چەند چینێکی تر هاتە ئاراوە، (دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە چین وەک چەمکێکی مارکسیانە بەکارناهێنین، بەڵکو بەمانای توێژ: خەڵكێک کە دەکەونە پۆلێنێکەوە بەبێ ئەوەی هیچ ئاگاییەک و ئایدەلۆژیایەک و هاوبەشییەکی راستەقینە لە نێوانیاندا هەبێت). بۆ نموونە دەکرێت بوترێت لە کوردستان چینێکی نوخبە هەیە لە گەڵ دارو دەستەکانیاندا، هەروەها چینی موچەخۆر، لە گەڵ چینی دەرەوەی ئەم دوو توێژە. چینی دەرەوە لە دەرەوەی سیاسەتن، چینی موچەخۆر لە بوارێکی تەسکی پلان بۆ داڕێژراودا سیاسەت دەکەن، چینی نوخبەی باڵا و دارودەستەکانی خاوەنی هەموو سیاسەتن: پارە، میدیا، چەک، دیپلۆماسی. دەرئەنجامی ئەمە نەک تەنها قۆرغکردنی سیاسەت بوو، بەڵکو قۆرغکردنی ژیانیش بوو.

ئەمە جۆرێک بوو لە یوتوپیا. ئەگەر تەنانەت مارکسیانەش پێناسەی یوتوپیا بکەین، ئەوا یوتوپیا ئەو دۆخەیە کە شۆرش تیایدا کۆتایی هاتوە، یان بیرکردنەوە لە شۆڕش هیچ بەها و نرخێکی نەماوە. لە یوتوپیای کوردیدا سیاسی بوون، کۆمەڵایەتی بوون، خەمی گشتی، نەتەوە، نیشتمان، سیستەم، یاسا، کەلتور، ژینگە، و زۆر بواری تر هەموو لە هەموو جۆرە بەهایەک بەتاڵ بوبونەوە. دیارە نەوت پاڵنەری نەمانی شۆڕشگێڕیە.
ماوەیەک لە مەوپێش لە قاوەخانەیەک لە پایتەختێکی ئەوروپی دوو ڕۆشنبیری شیوعی میسری: ئەندازیار ئەحمەد بهاالدین و رجائی فایدم دی، سەرگوزشتەی مونەزەمەی تەحریری فەلەستینیان بەراوردکرد بە کورد لە عێراق، لای ئەوان فەلەستینیەکان کە پارەی نەوتی کەنداویان بە دەست گەیشت ئیتر وازیان لە هەموو جۆرە خەباتێک هێنا. لە هێزێک چەپەوە وەرچەرخان بۆ هێزێکی ئاینی و پاشان گەندەڵ. ئەمە هەتا ئاستێک دەکرێت بوترێت کە چیرۆکی کوردیشە لە باشوری کوردستان.
بەڵام ئەگەر ئەمە یوتوپیاکەبێت ئەوا لە هەناوی هەموو یوتوپیایەکدا دیستۆپیایەک هەیە، لە هەناوی هەموو خەیاڵی بەهەشتێکدا، دۆزەخێک هەیە، وەک رۆبیرۆ باسی ئەکات. ئەم دۆزەخی هەناو ئەم بەهەشتە ووردە ووردە گەورە دەبێت هەتا لە ئەنجامدا بەرفراونتر دەبێت لە بەهەشتەکە. بەڵام کاتێک کە دۆزەخەکە باڵادەست دەبێت ئیتر دۆزەخێکی کوشندیە، چونکە هیچ لە ئامرازەکانی بەرگری نەماوە، وەک کەلتور، بەها، ئاگایی قوڵ، خەمی هاوبەش، مرۆڤ بوون، سنگفراوانی، و زۆری تر.
ئەمڕۆ کوردستان جێگای توندوتیژی و جنێو و بێهیوابوون و برسێتی و بێزاری و پەرتەوازەییە. بونیادنانی بەهەشت لە دۆزەخدا کارێکی ئاسان نیە، چونکە لە دۆزەخدا هیچ بنەماکانی بەهەشت نەماون. خەڵکی کوردستان دەبێت فراوانتر بیربکەنەوە لە دۆخەکە، بیر لەوە بکەنەوە کە ئەو هەموو شتانە چین کە لە دەستیان چوو، چۆن هەموو شتێکیان گۆڕیوە بە موچە و کە موچە نەما ئیتر هیچ شتێکیان نەما بۆ بەرگری.
ئەوەی ئێستا هیوا بەخشە کە بێ موچەیی هاوسۆزییەکی گشتی دروستکردوە، کە خەریکە بەربەستە تاکی و شاری و حیزبیەکان دەبڕێت، هەتا جارێکیتر ئێمە هاوبەشی گشتی دروست بکەینەوە. ئەمە بنەمای گۆڕانکارییەکە کە بە سودی هەموان بێت.

05/04/2018