هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان

د. سه‌ردار عه‌زیز

بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێکرد. من گۆڕانم و بە هیوام گۆڕان سەربکەوێت، بەڵام لێرەدا باس لە پەرلەمان دەکەم بۆ مرۆڤی کورد، بە دەر لە هەر لایەنگرییەکی حیزبی یان ئەخلاقێکی خێڵەکی.
پەرلەمانی کوردستان پەرلەمانێکی تاقانەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنها پەرلەمانە کە لە ئاستی سەبستەیتدایە (بن دەوڵەت)، بەرهەمی وەرچەرخانی سیاسەتی پاش جەنگی ساردە. ئەم دەزگایە سەرکەوتنی مسۆگەرنیە، بەڵام گرنگیەکەی نهێنی نیە. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، وەک لە میکیاڤیللیەوە فێردەبین دەسەڵات یان لە ڕێگای ترسەوە بەرجەستە دەبێت یان خۆشەویستی،. ترس لە رێگای هێزەوە دێتە ئارا، زۆرجار خۆشەویستیش. بەلام هێزی ڕەق جێگای نیە لە پەرلەمان، دیارە ئەمە کێشەی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان. مۆدیلی پەرلەمانی مۆدیلی دەسەڵاتی عەقڵە. دەسەڵاتی عەقڵ ئاسان نیە، کاتێک عەقڵ هەموو ساتێک لای هەموو کەسێک میوان نیە. لە سیستەمی پەرلەمانیدا، بە تایبەت لە دەزگای پەرلەماندا ئەوەی دێتە ئاراوە جۆرێکە لە ئامادەبونی هەموان، بە پرۆسەیەکی پشێوی، درێژخایەنی هەنگاو بە هەنگاو، زۆرجار تاقەت پڕوکێنەر. بۆیە کاتێک بیر لە پەرلەمان دەکەیتەوە بیر لە ئەوە بکەرەوە کە ئەمە سیستەمێکە خێرانیە، دەیەوێت هەموان ڕازی بکات، خواستی هیچ کەسێک و لایەک بە تەواوی نایەتە دی، هەمیشە دەبێت سازش لە ئارادابێت.
بۆیە پەرلەمان شوێنی قارەمان نیە، شوێنی هات و هاوار و نمایشی پەهلەوانی نیە، دیارە هەرگیز بەتاڵ نیە لە ئەمانە، چونکە ئەم خەسڵەتانە سروشتی بەرجەستە بوونی دەسەڵاتن لای مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی.
کاتێک بیر لە پەرلەمان دەکەیتەوە تەنها بیر لە کاندید و موچە و پوچگەرایی فەیسبوک مەکەرەوە، بیر لەوە بکەرەوە، کە ئەمە نە کودەتایە نە شۆرش، بەڵکو هەوڵدانە بۆ یاسا داڕشتن، بۆ دیبەیت، بۆ چاودێری، بۆ پەیوەندی.
هیچ لەوە ئاسانتر نیە هەموو شتێک زەربی سفر بکەیت. ئەوانەی وەها دەکەن زۆر دەقیڕێنن بەڵام هەرگیز هێلکە ناکەن.
پەرلەمان تەنها دەزگایەکی ناوخۆیی نیە، بەڵکو تا ئاستێکی زۆر جیهانیە. کاتێک بیر لە بودجە دەکەیتەوە دەبێت بزانیت نرخی نەوت چۆن دەبێت لە ساڵی داهاتودا، کاتێک بیر لە ئاسایش دەکەیتەوە دەبێت بزانیت یاری جیوپۆلەتیکی هێزەکان چۆنە لە ناوچەکە و جیهاندا، کاتێک بیر لە ژینگە دەکەیتەوە دەبێت بیر لە گۆی زەوی بکەیتەوە، کاتێک بیر لە ماف دەکەیتەوە دەبێت بیر لە مافی هەموو مرۆڤەکان بکەیتەوە، کاتێک بیر لە سیستەمی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکەیتەوە دەبێت بزانیت لە چ سەردەمێکا دەژیت و چی فەراهەم دەبێت. گرنگ نیە خەونت چیە، گرنگە خەونت هەبێت، بەڵام بەرجەستەبونی خەونت هەمیشە پەیوەستە بە ئەوانی ترەوە. دەسەڵات تەنها لە حکومەتدایە، یان لە حکومداریدایە، چونکە ئەوە بەرجەستەبوونی پەیوەندییە، بۆیە ئەگەر لەوێ نەبێت دەسەڵاتت نیە.

مرۆڤی کورد، نەیتوانی خۆی لە خێڵکی و پەرتەوازەیی و شەڕی ناوخۆ رزگاربکات، لە ئەنجامدا نەبوە بە نەتەوە. دیارە هەموو ئەوانی تر لە ناوچەکە نەبوون بە نەتەوە. نەتەوە تەنها رێگابوو بۆ رزگاربوون لە ئیمپریالیزم لە هەموو دونیادا (ئینگلیزەکان نەتەوەیان هێنا بۆ ناوچەکە بۆ دەرپەڕاندنی عەسمانیەکان، نەتەوە و لیبرالیزم هاپسبۆرگی داڕوخاند، پاشان هەردوو ئیمپراتۆریەتی بەریتانی و فەرەنسی). ئەمڕۆ درەنگە بۆ نەتەوەبوون. بۆیە ئەگەر پێکەوەبوون بنەمای هێزبێت ئەوا پەرلەمان تەنها ڕێگایە. پەرلەمانی ئەمجارە لە هەڵپەسێنراوی دەسەڵاتی سەرۆکدا، پەرلەمانێکی جیاواز دەبێت. ئاسانە هیچ نەکەیت بەڵام هەرگیز هیچ نەکردن هیچت پێ نابەخشێت!!

11/09/2018



وتارەکانی تری نوسەر