شەڕکەری بێشەڕ

د. سه‌ردار عه‌زیز
لە سێ سەت ساڵی ڕابوردودا، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەوڵێک هەبوە بۆ جوداکردنەوەی پانتایی هێز لە پانتایی یاسا، پاشان لە قاڵبدانەوەی پانتایی هێز لە سەر بنەمانی پانتایی یاسا، یان هێزی یاسا کارێکی درێدا لەم بوارەوە هەیە بەڵام ئێرە جێگای باسی نیە. ئەم هەوڵی جوداکردنەوە، کێشانی سنور و پاشان بونیادنانی پەیوەندی لە نێوان هەردوو بوارەکەدا بەشێکی سەرەکی بوە لە بونیادی حوکمی مۆدرێن. بۆ نمونە لە ئەدەبیاتی سەربازی مەدەنیدا، بۆشاییەک هەیە. هەر کۆمەڵگایەک نەیتوانیبێت مەدەنی لە سەربازی یان توندوتیژی لە سیاسەت جودابکاتەوە ئەوا هەمیشە لە دۆخی ناسەقامگیری و ئاژاوەو و باڵادەستی شەڕدا ژیاوە. شەڕ چەمکێکی زێدە ئاڵۆزە، لە گەڵ بوونی مرۆڤدا هەیە و هەتا مرۆڤیش بمێنێت دەمێنێت. بەڵام ڕەنگە شێوازی بگۆڕێت. لە چەند سەدەی ڕابوردودا ئەوەی توانیوەیەتی کە پانتاییەکی تەریب بە پانتایی شەڕ بهێنێتە ئاراوە، لیبرالیزم بوە. ئەمڕۆ لە ئاستی دونیادا لیبرالیزم لە قەیراندایە. بۆیە دەبینین کە جارێکی تر شەڕ دێتەوە بۆ سەرجەم پانتاییەکانی تری ژیان. ئەمە خەمێکی جیهانیە، بەڵام لە کاتێکدا کە خەمی کۆمەڵگای ئێمە لێوە دوور نیە، بەڵام جودایە لێی.

کۆمەڵگای ئێمە نە لیبرالیزم و دەزگاکانی بە خۆیەوە دیوە و نە لەو مێژوە تێدەگات. هەرزەئاگاییەک هەیە دەربارەی ئەوەی لە دونیادا دەگوزەرێت، بەڵام لە کونەواجەیەکی زۆر تەسکەوە. کە لیبرالیزم نیە، پەرلەمان نیە، یاسا نیە، حوکمی یاسا بوونی نیە، گفتوگۆ و ئارگومێنت بوونی نیە، هاوڵاتی بوونی نیە، پانتایی گشتی بوونی نیە، سنگفراوانی و یەکتر قبوڵکردن بوونی نیە. لە بەرامبەر هەموو ئەمانەدا دۆخی شەڕ و پەیوەندی هێز و شەڕکەر هەیە. هەموو جەنگاوەرن، بەبێ بوونی شەڕ. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا شەڕ سودێکی زۆر زۆری بە گەشەی مرۆڤایەتی گەیاندوە، بەڵام شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابنە هۆکاری گەشە. ئەمە یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی دونیای بیری سیاسی. بۆچی شەڕ لە ئەوروپا ئەو هەموو دەستکەوتەی هەیە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ. کە شەڕی سی ساڵەی ئاینی دەبێت لە ئەوروپا، بیری دەوڵەت و سیکیولاریزم و سنور و دەستوەرنەدان لە پانتایی یەکتر و سیستەمی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دێتە ئاراوە. شەڕی جیهانی دووەم، یەکێتی ئەوروپا بەرهەم دەهێنێت، ئەمە وەک چەند نمونەیەکی زەقی خێرا.
شەڕکەری بێشەڕ، ئەو دۆخەیە کە لە ژینگەی شەڕدا دەژیت، بەڵام ئاگایی شەڕ، ململانێ، بیرکردنەوە بوونی نیە. هەموو گروپێکی کوردی لە هەوڵی لەناوبردنی ئەو گروپەکانی تردایە. کاتێک ئەمە فەراهەم نابێت، ئەوا ئەم دۆخە دەبێتە دۆخێکی دەرونی کە دەبێتە ڕێگر لە بەردەم هەموو تێگەیشتنێکی عەقڵانی.
ئەوەی ئەم دۆخەی چرکردوەتەوە بەردەست بوونی چەکی ئاسان و هەرزانە لای هەموان. ئەمرۆ پێویستت بە کڵاشینکۆف نیە، مۆبایلێک بەسە. دۆخی ئێمە دۆخێکی قوربەسەرییە. ئێمە لە دۆخی خێڵەکییەوە خزاینە نێو دونیای پاش مۆدێرنە. ئەم دۆخە زەمینەی ئەوەی سازان کە چیدی پیویست نەکات لە دۆخی گورگیەکەی پێشمۆدێرنە خۆمان دەربازبکەین و بێین ئاوەز، ئاگایی، زمان، پانتایی، گشت، دەزگا، بەرهەم بهێنین. بەڵکو ئەوەی دەبێت بیکەیت ئەوەیە کە ببیتە شەڕکەر. کە شەڕخوازانە بنوسیت، گەر توڕە و هەڕەشەکەربیت، گەر هەموان بسڕیتەوە، گەر لە بەرەیەک بیت بەرامبەر بەرەیەکی تر، گەر دژی دروستکردنی هەموو بەهایەکی هاوبەشی بیت ئەوا ئازایت.
ئازابوون وەک خەسڵەتێک بۆخۆی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕمبازی و زۆرانبازی. مرۆڤی ئازا، بونەورێکی تایبەتە. وەک کیسنجەر دەڵێت. قارەمانەکان تەنها چیرۆکەکانیان خۆشە، وەک مرۆڤ بونەوەرێکی تایبەتن، گرەیت گاتسبی پێمان دەڵێت کە چۆن سەردەمی ئەم بونەوەرە بەسەرچوە.
لە دۆخێکی وەهادا یاسا لە دایک نابێت. گەر لە کۆمەڵگای مۆدرێندا یاسا پەکدەخرێت، دۆخی تەواری دێتە ئاراوە، وەک ئەگامبین باسی دەکات، ئەوا لای ئێمە دۆخی یاسایی دروست نەبوە هەتا بتوانین دۆخی تەواری ڕابگەیەنین. کە چەک لە سایەی یاسادا نەبوو، یاسا بوونی نیە. کە سیاسەت دەستی لە ملی توندوتیژیدا بوو ئەوا قسەکردن لە سیاسەت بێئاگاییە.
دۆخی شەڕکەری بێشەر، دۆخێکە هیچ بەرهەم ناهێنێتت جگە لە رسوابونی هەموو شتێک. جەنگەکان هەمیشە لە پێناو دەستکەوت و بەهاکانە. بەڵام لە دۆخی شەڕکەری بێشەڕدا نە دەستکەوت هەیە نە بەها. بەخێربیی بۆ بیابانی دۆڕانی هەمیشەیی.

07/03/2019