"دە" بە هەڵە تێکەیشتن لە ئەمریکا

د. سه‌ردار عه‌زیز
کورد و ئەمریکا لە دۆخێکی ئاڵۆزدان، ئەم دۆخە نەبوەتە مایەی هاتنە ئارای مەعریفەیەکی ئاڵۆز. بە پێچەوانەوە ئەوەی بەرامبەر بە ئەمریکا دەگورێت، چ لە ناو کورددا و چ لە نێو لێکۆڵەرەوانی بیانیدا پڕ لە کێشەیە. لێرەدا بە کورتی دە بنەمای قەیران دەخەمە بەرچاو.

یەکەم، هاوکێشەی یان دەربڕێنی پەیوەندی نێوان ئەمریکا و کورد، ئاماژەی ئەوە ئەدات کە  لە نێوان کورد و ئەمریکادا پەیوەندی راستەوخۆ هەیە. کورد و ئەمریکا خاوەن پەیوەندی تایبەتن، وەک چۆن دوو وڵات خاوەن پەیوەندین. ئەم دەربڕینە زیاتر خواست و خەونە لە بڕی واقیع. ناتوانین بڵێین کە پەیوەندی لە نێوان ئەمریکا و کورددا هەیە. 
دووەم، پەیوەست بوونی ئەمریکا لە گەڵ کورددا، هەمیشە لە پەیوەندیدایە بە لایەنێکی تر، روداوێکی تر، قەیرانیکی تر. بۆیە پەیوەندی کوردی ئەمریکی هەمیشە بە پێی ئەو ساتەوەخت و کێشە و قەیرانانە کە لە یەکیان نزیک دەکاتەوە دەگۆرێت. لە سەر ئەم بنەمایە، پەیوەندی کوردی ئەمریکی هەمیشە پەیوەندییەکی سێیەمیە. کە کورد و ئەمریکا لە عێراق  لە حەفتاکان پەیوەندی دروست دەکەن، لە میانەی جەنگی سارددایە، گەر لە جەنگی سارد تێنەگەیت، ناتوانێت لەو پەیوەندییە تێبگەیت. پاشان لە میانەی جەنگی کوێت، ئینجا هاتن بۆ عێراق، پاشان جەنگی تیرۆر. 

سێیەم،   زاڵبونی دیدی چەپ بە سەر لێکدانەوەی ئەم پەیوەندیەدا، بۆ تۆمەتبارکردنی ئەمریکا. ئەم دیدە ئەدەبیاتێکی بەرهەمهێناوە کە زاراوەگەلێکی وەک خیانەت و فرۆشتن و پشتتێکردن  بە سەریدا زاڵە. ئەم دیدە، گەرچی لە ئاستی ئەخلاقیدا ڕەنگە ڕەوابێت یان ڕاست بێت، بەڵام دونیا بەمجۆرە بەڕێوەناچێت، بۆیە لە بڕی ئەوەی شێوازێک یان بنەمایەک بێت بۆ تێگەیشتن، زیاتر ڕێگرو و مایەی وروژاندنە. 
چوارهەم، نەتوانینی بینینی ئەمریکا وەک دەوڵەت. ئەمریکا دەکرێت ئیمپراتۆریەت بێت وەک نێگرێ و  هاردت باسی دەکەن. ئەم دیدە وەها دەبینێت کە ئەمریکا بەرپرسە لە هەموو شتێک و دەبێت ئەرکی ئەوە بخاتە سەرشانی کە مافی مرۆڤ بپارێزێت و دیموکراسی بڵاوبکاتەوە. ئەم دیدە، لەوە تێناگات کە ئەمریکا دەوڵەت بە توانای ئیمپراتۆری. 
پێنجەم، کاتێک ئەمریکا دەوڵەتە بە توانای ئیمپراتۆری، ئەوا  لە دۆخی باڵاترە لە سوپەر پاوەر، ئەوەی کە باری بۆزان ناوی دەنێت، گرەیت پاوەر. ئەرکی ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە کە ئیدارەی دونیا بکات. بۆیە ناتوانیت لە ئەمریکا تێبگەیت  گەر لە دۆخی دونیا تێنەگەیت و ئەمریکا هەمیشە پەیوەستە نەک تەنها بە کوردەوە بەڵکو بە هەموو دەسەڵاتەکانی ناوچەکەوە لە میانەی ئیدارەدانی دونیادا. 
شەشەم، زۆرجار پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکادا کورت دەکرێتەوە لە پەیوەندی بە ناوەندێک، کەسانێک، گروپێکی لۆببی، ئیدارەیەک، بەڵام ئەمە زاڵکردنی بەشە بە سەر گشتدا. ئەم جۆرە تێگەیشتنە بەکاردەبرێت بۆ فریودانی مرۆڤی سادەی کوردی. بەجۆڕیک خەڵکانێک هەن بڕوایان وەهایە کە دەکرێت ئەمریکا پەیوەندی هەبێت لە گەڵ کەسێک، لایەنێک یان گروپێکی کوردیدا. 
حەوتەم، ئەمریکا لە ناوخۆی کوردستاندا لە میانەی چوارچێوەی شەڕی ناوخۆی کوردیدا بەرهەم دێتەوە. ئەم بەرهەمهێنانەوەیە، بۆ کورد زۆر ئاسانە تێبگات. شەڕی ناوخۆ دۆخێکی عەقلیە. لە میانەی ئەم پرۆسەیەدا دەکرێت ئەمریکا وەک هێزێکی ناوخۆیی کوردی ببینرێت، کە لایەنگری لایەکە و نەیاری لایەکی تر. میدیا و ڕۆشنبیری کورد بڕەو بەم دۆخە دەدات و خەڵكیش بە ئاسانی بۆیان هەرس دەبێت. بۆ خەڵک ئاسان نیە لە دۆخی جیهان تێبگەن، هەتا بزانێت پاڵنەری ڕەفتاری ئەمریکا لەو ساتەوەختەدا چیە. ئەم سادەکردنەوەیە مایەی خۆ خڵەفاندنە.
هەشتەم، پاڵنەری سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا سیاسەتی ناوخۆیەتی. ئەم پاڵنەرە چونکە بە چەند فلەترێکدا دەڕوات ئەوا با ئاسانی نابینرێت. بۆ چاودێری کوردی ئاسان نیە کە لە سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکا بگات. بگرە ناتوانرێت چاودێریشی بکات.  بۆیە پاڵنەری سەرەکی سیاسەتی ئەمریکی هەمیشە ناڕون دەبێت بۆ کورد. 
نۆیەم،  وەک چۆن لە پەندە کۆنەکەدا دەربارەی فیل فێردەبین، کە فیل نە بریتیە لە کلکی، نە لوتی، نە گوێی، بەڵکو لە هەموو گیانی پێکەوە. ئەوا بەهەمانشێوە رەفتاری ئەمریکی دۆخی ناوەوە، ململانێی جیهانی، سەرکەوتنی چ گروپێک و پلانیان، دۆخی ئابوری و تەکنەلۆجی هەموو پێکەوە داڕێژەری سیاسەتی ئەمریکین. بۆئەوەی ببیتە پارتنەری ئەم هێزە دەبێت بزانێت کە چۆن لە گەڵیدا پەیوەندی دەبەستیت، بتوانیت بە خێرایی ناوخۆی خۆت بگۆڕیت لە گەڵ خواستی ئەودا. بۆ نمونە ئەمریکا دەیەوێت بە خێرایی پێشمەرگە یەک بخرێت و ببێتە هێزێکی کاریگەر لە ئێستاو داهاتودا. بەڵام کورد باس لە دە پانزە ساڵ دەکات بۆ هاتنە ئارای هێزێکی لەوجۆرە، ئەمەش مانای ڕونی بێتواناییە لە بوون بە پارتنەر.
دەیەم، کاتێک ئەمریکا هێندە ئاڵۆز و فرە ئاست و خێرا گۆڕاو و دڵڕەق و سارد و سڕە، ئەوا ڕاڤەی موئامەرە  بەسەر هەموو تێگەیشتنەکاندا زاڵ دەبێت، بەوەی ئەمریکا لە پشت هەموو کارێکەوەیە و هیچ شتێک بەبێ خواست و نیازی ئەو ناکرێت و هەمیشە دەتوانێت هەموو شتێک بکات. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە کوشندەیە، نەک تەنها بۆ تێگەیشتن بەڵکو بۆ جۆری مامەڵەکردنیش.

20/03/2019