لە ئایەوا چی ڕویدا ؟

د. سه‌ردار عه‌زیز

ولایەتی ئایەوا یەکەم ولایەتە کە کۆکەس، یان دەنگدانی حیزبیی تیادا ڕودەدات، لە هەموو هەڵبژاردنێکی سەرۆکایەتی ئەمریکادا. ئایەوا ولایەتێکی گرنگ نیە لە هیچ ڕویەکەوە. هەندێک دەڵێن ئایەوا بە هۆی گرنگییەوە یەکەم نیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بە هۆی یەکەمییەوە گرنگ بوە. یەکەمبونی ئایەوا لە زنجیرەی ولایەتەکان بۆ دەنگدان مایەی ڕەخنە و هەندێکجار گاڵتەجاڕیشە، چونکە ئایەوا یەکێکە لە ولایەتە سپییەکانی ئەمریکا و خەڵكی دەڵێن کە ئایەوا بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی ئەمریکای ئەمڕۆ ناکات، بۆیە نابێت ڕۆڵێکی هێندە کاریگەری هەبێت لە دیاریکردنی سەرۆکی ئەمریکادا.

سەرەتای ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژانی شەڕی ڤێتنام کاتێک پارتی دیموکرات بە هۆی شەڕەوە پڕ لە کێشەبوو، کۆکەس یان دەنگدانی حیزبی داهێنرا وەک جۆرێک لە بەشداریکردنی خەڵک لە دیاریکردنی کاندیدا.

چی ڕوئەدات لە کۆکەس؟ بۆ نمونە لە ئایەوا لە زیاتر لە ١٥٠٠ جێگا، کە بە گشتی هۆڵی گەورەی قوتابخانە و یاریگا و جێگای وەرزشین، ئەندامانی پارتی سیاسی کە سەرۆکایەتی لە دەست نیە، دەچنە ئەو جێگایانە. لە سەرەتادا هەر کاندیدێک نوێنەرێکی دەبێت، نوێنەرەکان لە هۆڵەکەدا ناو و وێنەی کاندیدەکەیان بەرز دەکەنەوە. ئەوەی دەنگ بە هەر کاندیدێک دەدات دەچێتە لای گروپی خۆی. ئەمە گردبونەوەی یەکەمە. پاشان لە هەنگاوی دووەمدا بە تەواوی لە یەکتر جیادەبنەوە. هەنگاوی دوەم ئەوەیە کە گروپەکان دەکەونە قسەکردن لە گەڵ یەکتردا، بە هەوڵی گۆڕینی ڕای یەکتر، پاشان گردبونەوەی دووەم رودەدات، لەم گردبونەوەیەدا، ئەگەر هەر کاندیدێک لە پانزە لە سەتی ئامادەبوانی کەمتر هەبوو، ئەوا وەها دادەنرێت کە چانسی نیە، بۆیە پشتیوانانی دەبێت بە سەر ئەوانی تردا خۆیان بەش بکەن. پاش ئەمە دەنگی کۆتایی دەدرێت.
دەنگدانی ئایەوا ئەمساڵ کۆمەڵێک کێشەی هەبوو، لە سەروی هەمویەوە دواکەوتنی ڕاگەیاندنی دەنگەکان و دروستبونی کێشە لە ئەپلیکەیشنەکەدا. ئەمەش وەهای کرد کە ڕەخنە و گاڵتەکردنی زیاتر بە ئایەوا بکرێت، بە تایبەتی لە لایەن شار و ولایەتە گەورەکانی ترەوە. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەمریکا چەند لە یەکتر دابڕاوە. کێشەیەکی تری کۆکەس ئەوەیە کە لە کاتی کاردا بەڕێوە دەچێت، ئەمەش وەها دەکات کە بە گشتی خەڵكی بەتەمەن لە هەموان زیاتر ئامادەبن. ئەمە لە ئایەوا دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە دەنگدەران ببنە ئەو فیگەرەی کە لە ئەمریکای جێگەی ڕەخنەیە کە فیگەری کەسێکی سپی پێستی بە تەمەنی چینی ناوەند یان باڵایە، کە بە گشتی لە ڕوی دیموگرافیەوە لە ئەمریکا کەمینەن و هەروەها لە ڕوی سیاسیەوە نوێنەرایەتی کەمینە دەکەن لە ئەمریکای ئەمڕۆدا.

ئەمەش یەکێک بوو لەو بەهانەیانەی کە دەهێنرایەوە بۆ شکستی کەسێکی وەک جۆ بایدن. بایدن بە گشتی وەها دائەنرێت کە ئەو کەسە بێت لە ترەمپ بباتەوە، چونکە ساندەرس و بوگەجێج بە هۆکاری زۆر لیبرالێتی ساندەرس و هۆمۆسێکچوالی بوگەجێجەوە سەخت دەبێت کە دەنگی زۆرینە بهێنن لە ئەمریکا. بەڵام بایدن دەنگی کەم هێنا و ئەمەش کاریگەری دەبێت لە سەر داهاتی بۆ هەڵبژاردنەکان لە کاتێکدا کە خۆی هەر لە سەرەتاوە کێشەی کەم پارەیی هەبوو.

هەموو ئەمانە ئاماژەن کە ترەمپ ئەگەری بردنەوەی زۆر زیاترە لە هەڵبژاردنەکاندا، چونکە زیاتر لە نەوەت لە سەتی کۆمارییەکان پشتیوانی دەکەن و لە ئەگەری پەرتبون و دروستبونی کێشە لە نێوان دیموکراتەکاندا وەها دەکات کە چانسی ترەمپ زۆر بەهێزبێت.

ئەمە لە کاتێکدا کە پێوەری هەرە سەرەکی بۆ دەنگدەری ئەمریکی ئابورییە. وەک لە وتاری دۆخی وڵاتدا گوێبیستی بووین، ترەمپ زۆر شانازی بە باشی و بەهێزی ئابوری ئەمریکاوە دەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بێگومان زۆرینەی خەڵکی ئەمریکا دەنگدەری دیموکراتەکان دەبن، بەڵام بە هۆی سیستەمی هەڵبژاردنەوە ئەگەری زۆرە کۆمارییەکان براوە بن. هەڕچەندە ڕکەبەری ڕاستەوخۆ لە نێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکاندا دەستی پێنەکردوە، بەڵام هەموو کارەکانی ترەمپ بە ئامانجی کامپەین کردنە، تەنانەت هەنگاوەکانی لە سیاسەتی دەرەوە. بۆ نمونە وروژانی پرسی گرێبەستی سەدە لە لایەن ترەمپەوە لە ئێستادا، ئەوەندە بە ئامانجی ڕاکێشانی سۆزی دەنگدەرە ئاینیەکانی وەک مەسیحیە زایونیستیەکانە، هێندە بە ئامانجی چارەسەری کێشەی فەلەستین نیە. تەنها لەم ڕوانگەیەشەوە دەکرێت لە ڕەفتارەکانی ترەمپ تێبگەین کە بە هیچ شێوەیەک گوێ بە ڕاوبۆچونی فەلەستینیەکان نادات. ئەمە لە کاتێکدا دێت کە ماوەیەک لەمەوپێش بیللی گراهام ناڕەزایی دەربڕی دەربارەی ترەمپ، بۆیە ترەمپ هەموو شتێک دەکات بۆ ئاشتکردنەوەی ئەو گروپە لە دەنگدەر کە ئەو بە کەسێکی تایبەتی و نێردراو لە لایەن خوداوە دەبینن.

ئەمە بۆ هەڵوێستی ئەمریکا لە گەڵ ئێرانیشدا ڕاستە.


11/02/2020



وتارەکانی تری نوسەر