کورەکە ماڵییە!!

د. سه‌ردار عه‌زیز

ماڵ چەمکێکی زیاتر نێگەتیفە لە ئاگایی کوردیدا. ماڵیکە، یانی دەستەمۆی بکە. ماڵییە، یانی ترسنۆکە، ناوێرێت بێتە دەرەوە. ماڵیبوە، یانی لە ژنەکەی ئەترسێت. لە ماڵا کەوتوە، یانی تەمەڵە. هەر ماڵ ماڵیەتی یانی ئیشی بۆ ناکرێت یان ناتوانێت لە دەرەوەبێت. ماڵ وەک پێچەوانەی دەرەوە، لە هەمانکاتدا جێندەری مێینەی هەیە. ماڵەوەتان چۆنە، وەک لە سلێمانی دەڵێن، مەبەست لێی ژن یان هاوسەرەکەت چۆنە. بەم پێیە ماڵ پانتایی نێرنیە، بەڵکو نێر خاوەنی ماڵە. ڕەنگە ڕەگێکی یونانی لەم پارادایمەدا بونی هەبێت.

بۆ نمونە چەمکی ئیکۆنۆمیک یانی ماڵداری. ماڵداری ئیشی خەڵکی ئازادنەبوە. چونکە پۆلس کاری خەڵکی ئازادبوە. ڕەنگە ڕەگی کۆنتربێت لەوەی کە پیاو چوە بۆ ڕاو و ژن لە ماڵەوە منداڵی بەخێوکردوە. هەرچۆنێک بێت، ئێستا ئەم چەمکانە لە قەیراندان.

ئێمە بەرەو سەردەمێک دەڕۆین، بە هۆی گەشەی تەکنەلۆجیا و ڕۆبۆتەوە، دەست بەرەو ئیکسپایەربون دەچێت. ئەوەی بەهای هەیە داهێنانە، کە کاری عەقڵە. لە بەشی زۆری دونیادا ڕەنجکێشان وەک ئیش تەماشادەکرێت نەک بیرکردنەوە. بیرنەکردنەوە و ڕەنجکێشان ڕەه»دێکی مەترسیداری هەیە کە هانا ئارێنت بە جوانی باسی دەکات کە لە کرۆکی ژیاری ئەڵمانیدایە.

ئەگەر هەتا ئەم چەند دەیەی پێشوو، بوون لە ماڵەوە وەک پێچەوانەی بون لە دونیادا دەبینرا، ئەوا ئەمڕۆ ئەگەر دەتەوێت لە دونیادابێت، دەبێت بتوانێت لە ماڵەوەبیت، ئەمە نەک بە تەنها لە بەر ئەوەی بوون لە دونیادا پێویستی بە ئاگاییە، بەڵکو تەنها بە بون لە پنتێکدا دەتوانیت لە دونیادابێت، بە تایبەتی کاتێک بۆ زۆرێک لە خەڵك بێماڵی دەبێتە نەخۆشییەکی دەرونی.

کە ئەسکەندەری مەکدۆنی دێت بۆ ڕۆژهەڵات، ئێمە لە شاخەکانماندا ڕێی پێدەگرین. ئەوە ڕەنگە یەکەم هەوڵی جیهانگەری بێت. ئێمە چیدی نە لە چیاکانین نە دەتوانین ڕێ بە جیهانگەری بگرین، دەبێت لە ماڵەوەبین بۆ ئەوەی لە دونیادابین. سوپاس بۆ کۆرۆنا.


28/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر