سزادانی کورد و ئەگەری کۆتایی ئەردۆغان

شوان حەمە

یەکەم دیداری ڕۆژنامەوانیم لەگەڵ ئەحمەد تورک،  چەند ساڵ لەمەو پێش، بەیانییەک لە کاتی قاوەڵتیدا، لە یەکێک لە هۆتێلەکانی ئۆسلۆ بوو. ئەوکات ئەحمەد تورک لە باشوور نەناسرابوو، من یەکەم ڕۆژنامەنووسی باشوور بووم، دیداری ڕۆژنامەوانی لەگەڵدا ساز بکەم.
دواتر لە بروکسیل سەڵاحەدین دەمیرتاشم بینی. چەند جاریش گوڵەتن کشاناکم بینیوە. 

سزا قورس و قیناوییەکانی دادگای تورک، دژ بە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و ئەحمەد تورک و گوڵتەن کشاناک، ڕووداوێکی چاوەرواننەکراو نییە! بۆ بیرهێنانەوە، ژنێکی ئازای وەک گوڵتەن کشاناک، پێشتریش  دە ساڵی تەمەنی لە زینداندا بردووەتە سەر، وەک خۆی دەڵێت، شەش مانگ لە کولانەی سەگدا سزا دراوە.

بۆ باشوورییەکی وەک من، کاتێک لە نزیکەوە ئەو کەسایەتییانە دەبینێت، زوو هەست بە جیاوازی نێوان ئەوان و بەرپرسە گەندەڵ و  پاوانخوازەکانی لای خۆمان دەکات. ئەوان دوور و نزیک لە سیاسییەکانی باشوور ناچن، ئەوان مۆدێلێکی نوێ و جیاوازی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردن. 

لە خۆپێشاندانەکاندا خۆیان لە ڕیزی پێشەوەن، لە شەڕە سیاسییەکاندا، لە دانیشتەکانی پەرلەماندا، لە گردبوونەوە و سمینارەکان، لە دیدارە ڕۆژنامەوانییەکاندا، هەمیشە سەرفرازانە شەڕی شوناس دەکەن، شەڕی کوردبوون دەکەن، بەڵگەی ڕەوایەتی بەرزدەکەنەوە و خاوەندارێتی لە کورد  و کوردستان دەکەن، پشت بە ئەحمەدی خانی و مێژووی میسوپوتامیا دەبەستن. ڕێکەوت نییە لەو چوار سیاسییە کوردەی حوکم دراون، دوانیان ژنن و دوانیان پیاون، ئەوان لە قوربانیدانیشدا یەکسان و یەکسانخوازن.

جارێک پەرلەمانتارێکی نەوریجی باسی لە جیاوازیی نێوان سیاسییەکانی باشوور و سیاسییەکانی باکوور کرد و گوتی: ئەوانەی باشوور کاتێک ئێمە دەبینن، بەردەوام خۆیان هەڵدەکێشن، بە جۆرێک باسی دیموکراسی دەکەن خەریکە ئێمە لە نەرویج شەرمەزار دەکەن، داوای گەورەمان لێ دەکەن، بەڵام ئەوانەی باکوور، بەئیرادەی سیاسی بەهێزەوە دەدوێن، هەرگیز داوای کۆمەک لە ئێمە ناکەن، ئەوان دەڵێن، ئێمە شەڕی خۆمان دەکەین، داوای ئێمە لە ئێوە و ئەوروپییەکان ئەوەیە هاوکاری دەوڵەتی تورک نەکەن.

بەڵام سزادانی کورد بەو دڵرەقییە و لە دۆخی ئێستادا بێ هۆکاری هەنووکەیی نییە!

یەکەم:  پارتی دادو گەشەپێدان قەیرانەی متمانەی لەگەڵ دەنگدەران هەیە، تەنانەت لە ناوچە کوردییەکانیش، لە دوا هەڵبژاردندا، نیوەی دەنگەکانی لەدەست داوە. ئاک پارتی دوا هەڵبژاردنی شارەوانیییەکانی دۆڕاند، گەر دۆخەکە وەک ئێستا بەردەوام بێت، چاوەروان دەکرێت هەڵبژاردنەکانی داهاتوش بدۆڕێنێت و چیرۆکی سەردەمی حوکمی ئەردۆغان کۆتایی بێت. پیربوونی تەیب ئەردۆغان، وەک تارماییەکی ترسناک، بەسەر سەری سەرکردەکانی ئاک پارتییەوە وەستاوە. سەرکردەکانی ئاک پارتی، بە خوودی ئەردۆغانیشەوە دەزانن لە تورکیا هیچ گەرەنتییەک نییە، ئەوەی ئەمڕۆ سەرۆکە و وڵات بەڕێوە دەبات، ڕەنگە سبەینێ لە زینداندا چاو بکاتەوە.

لێدان لە کورد لە دۆخی ئێستادا، بەکارهێنانی هەمان کارتە کۆنە نوێکەیە، ئەو کارتە پێشتریش بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و ڕەزامەندی نەتەوە پەرستە تورکەکان بەکار هاتووە و ئیستاش بەکار دێت. 

دووەم: وا پێدەچێت تا ئێستا پ کە* ک، ئامادە نەبێت داواکانی ئاک پارتی بۆ  خولێکی نوێی دانوستاندن قبوڵ بکات، پێشتر ئاک پارتی لە هەموو ئاگربەستە یەیکلایەنەکانی قەندیل سوودمەند بووە، ئاگربەستە یەکلایەنەکان  یارمەتیدەرێکی باش بوون، بۆ سەرکەوتنە یەک لە دوا یەکەکانی ئاک پارتی.  ئێستا وا پپێدەچێت، قەندیل لە هەڵەکانی خۆی فێربووبێت و چیدی نەیەوێت بێ بەرامبەر و گەرەنتی، ئاگربەست ڕابگەیەنێت، یان بچیتە دانوستاندنی نوێوە.

سێیەم: هەندێک دەنگ و  لیدوانی ڕۆژنامەوانی لێرە و لەوێ دەبیستین، گوایە ئەردۆغان لاوازە و توانای کۆنترۆڵکردنی دادگای نەماوە! گوایە ئەردۆغان دەخوازێت لە کورد نزیک ببێتەوە بەڵام نەتەوەپەرستەکان  رێگەی نادەن! 

ئەو دەنگ و دنگۆیانە هیچ نین بێجگە لە لێڵکردنی دیمەنە سیاسییەکە.

 لە مێژووی تورکیای نوێدا، ئەردۆگان تاکە کەس بووە، توانیبێتی ئەرگەنەکۆن بخاتە کونەوە و ناچاری کاری ژێرزەمینیی بکات. بەشێک لە تواناکانی ئەرگەنەکۆن، ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی تۆڕی دادوەرانی تورک بوو، کە دواجار ئەردۆغان توانی هەڵێبوەشێنێتەوە و بەو جۆرەی خۆی دەخوازێت، دادوەرو دادگاکان ڕێکبخاتەوە. شاراوە نییە تا ئێستاش دەیان دادوەری نزیک لە ئەرگەنەکۆن لە زیندانەکانی ئەردۆغاندان، دەیان دادوەری تریش ئاوارەی وڵاتان بوون.

ڕەنگە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم بانگەشە ناڕاستەوخۆیە بۆ ئەردۆغان، کورتەی پەیامی ئەردۆغان بێت بۆ کورد!

 ئەردۆگان دەیەوێت بە کورد بڵێت: گەر بە دانوستاندن و کارکردن لەگەڵ من ڕازی نەبن، سبەی نەتەوەپەرستەکان دێن و کەنعان ئیفرینێکی نوێتان لێ پەیدا دەبێت!

18/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر