بارزانی‌و گەمەی دەوڵەتی کوردی!

شوان حەمە
بڕیاری ئەنجومەنی سیناتی ئەمریکا بەڕەتکردنەوەی پرۆژەیاسایەک بۆ پڕچەککردنی راستەوخۆی پێشمەرگە، جارێکیتر ئارەزوی سیاسی ئەمریکا، لەبەزۆرلکاندنەوەی باشووری کوردستان بەدەوڵەتی عێراقەوە دەردەخات. 

بە گوێرەی بڕیارەکە حکومەتی عێراق چەکەکان لە ئەمریکا وەردەگرێت‌و دواتر ئەو چەکانە دەدرێت بە پێشمەرگە.

پڕچەککردنی پێشمەرگە، گەر جارێک بۆ کورد پێوست بێت، ئەوا چەندینجار بۆکۆشکی سپی‌و ئیدارەی ئۆباماو هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکانی ئەو وڵاتە پێوستە، بڕیارەکەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاش هەر لەو چوارچێوەدایە. 

کاتێک ئەنجومەنی سیناتی ئەمریکا بەدەنگی (نەخێر) ڕێگە لەپەیوەندی ڕاستەوخۆی پەنتاگۆن‌و پێشمەرگە دەگرێت، ئیتر دەرفەتێک بۆ بەفەلسەفەکردنی پەیوەندییەکانی کوردو ئەمریکا نامێنێت. 

ئەوەی لەم ساتەوەختە مێژووییە هەستیار‌و پڕ لەگۆرانکاریەدا تا ئاستی نیگەرانی پرسیار دروست دەکات، نەبوونی کاریگەریی دیبلوماسی کوردیی‌‌و ڕۆڵ‌و لێدوانەکانی مەسعود بارزانییە!

سەرەتای مانگی ڕابردوو مەسعود بارزانی سەردانی ئەمریکای کرد. هێشتا بارزانی نەگەیشتبووە ئەمریکا، میدیاکانی پارتی (بەمیدیای حیزبی‌و میدیای سێبەرەوە) جارێکیتر پرسی دەوڵەتی کوردیان وروژاندەوە، هەمانکات سەردانەکەی بارزانیان بەپرسی دەوڵەتی کوردیەوە بەستەوە! 

بەگوێرەی سەرچاوەکان پێش چەند هەفەتەیەک، زۆرینەی سیناتۆرە ئەمریکیەکان ئامادەبون بە (بەڵێ) دەنگ بەپڕچەککردن ڕاستەوخۆی پێشمەرگە بدەن، بەڵام لەچەند رۆژی ڕابردوودا ئیدارەی ئۆباما هەوڵیداوە کاریگەری لەسەر دەنگی سیناتۆرەکان دابنێت‌ تا زۆرینە بە (نەخێر) دەنگ بەدژی پرۆژەیاساکە بدەن.

لە درێژەی هەوڵەکانی ئدارەی ئۆبامادا، جون کیری نامەیەکی بۆ ئەنجومەنی سینات نوسیوە. جون کیری لەو نامەیەدا باس لەدوا سەردانی بارزانی دەکات‌و دەڵێت، بارزانی ڕایگەیاندووە کە گرنگ گەیشتنی چەکە، گرنگ نییە ڕاستەوخۆ چەک بدرێت بەپێیشمەرگە، یان لەڕێی حکومەتی عێراقەوە بێت.

ئێستا بەبەڵگە ئاشکرابوو کە نەک تەنها پرسی دەوڵەتی کوردی لەئەجەندای دوا سەردانی بارزانیدا نەبووە! بەڵکە ئەوەی بارزانی بەئەمریکیەکانی وتووە، هیچ فەلسەفەیەکی دیبلوماسی پشتبەستوو بەفیکری دەوڵەتداریی لە پشتەوە نییە. 

هەرای میدیاکانی پارتی لەسەرەتای مانگی ڕابردووداو لەسەروبەندنی سەردانەکەی بارزانی بۆ ئەمریکاو جارێکیتر وروژاندنی پرسی دەوڵەتی کوردی، تەواو پێچەوانەی ئەو ئەنجامانەیە لەئێستادا دەیانبینین.

ئەمجارەش وەک زۆرجاریتر ئاشکرا دەبێت کە ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیەی بارزانی جاروبار بانگەشەی بۆ دەکات، تەنها بۆگەمەی سیاسی ناوخۆی کوردستانەو بەهیچ شێوەیەک ناچێتە سەر مێزی دانوستانی کورد‌و هاوپەیمانکانی!

18/06/2015



وتارەکانی تری نوسەر