نزیکبوونەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیتی نیشتمانی و مەرگی مستەفای سەلیمی!

شوان حەمە

ڕەنگە بۆ زۆرێک لەچاودێران تا ئێستا ئەو پرسیارە بێوەڵام مابێتەوە، ئایا بۆ لەناو هەموو ‌هێزە سیاسییە کوردییەکاندا، تەنها حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لێدوان و هەڵوێستی جیاوازی سەبارەت بەدەستگیرکردنەوەی مستەفای سەلیمی هەیە!

 

بەشی زۆری حیزب و لایەنە سیاسیەکان دەڵین سەلیمی لەڕێگەی ئاسایشی پێنجوێن لەسەیرانبەنەوە ڕادەستی جمهوری ئیسلامی ئێران کراوە. بەڵام حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران تاکە حیزبی کوردییە دەڵێت سەلیمی لەدەروبەری بانە دەستگیرکراوەتەوە!

 

ئایا بۆچی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئەو هەڵوێستەی هەیە؟

 

کورت و کرمانج.. (حدکا) هەوڵ دەدات یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەڕادەستکردنەوەی سەلیمی بە ئێران بێبەری بکات!

 

پرسیاری دووەم: ئایا بۆ (حدکا) هەوڵ دەدات یەکێتی بپارێزێت؟

 

وەڵامی پرسیارەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

 

١. (حدکا) هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی پتەو بکات، کەمێک لەبارزانی دوور بکەوێتەوە و کەمیکیش لەیەکێتی نزیک بێتەوە.

 

٢. لەسەردەمی کوڕان و کوڕەزاکانی تاڵەبانیدا بۆ (حدکا) ڕوون نییە ئایندەی حیزبەکە و پاراستنی گیانی سەرکردایەتی و ئەندامان و خێزانی ئەندامەکانی لەکۆیە چی بەسەر دێت!

 

٣. ڕاستە (حدکا) پەیوەندییەکانی لەگەڵ مەسعود بارزانی باشە، بەڵام بارزانیش هێدی هێدی دەسەڵاتەکانی لەناو پارتی و لەهەرێم و لەعێراق و لەناوچەکە کەم دەبێتەوە. چاوڕوان دەکرێت هاوشێوەی یەکێتی، لەداهاتووی نزیکدا کوڕانی بارزانی جێگەی باوانیان بگرنەوە. بۆ (حدکا) ڕوون نییە نەوەی دووەمی بارزانی چۆن لەحیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان دەڕوانن و سنووری پاراستن و دەستبەرداربوونیان چ جۆرە هێڵێکە !

 

(حدکا) هەوڵ دەدات سەنگەرێک، یان حەشارەگەیەک لەرێگەی یەکێتییەوە دەستبخات تا لەداهاتوودا بوونی خۆی لەباشوور وپەیوەندییەکانی لەگەڵ ناوخۆی ڕۆژهەڵات بپارێزێت.

 

٤. مستەفای سەلیمی پێشتر نزیکەی دوو ساڵ پێشمەرگەی (حدکا) بوە، بەڵام گەڕاوەتەوە ئێران و خۆی ڕادەستی جمهوری ئیسلامی کردووەتەوە. دواتر (حدکا) سەلیمی زیندان کردووە و پاش ماوەیەک ئازادی کردووە. بۆ (حدکا) ڕەنگە مستەفای سەلیمی بۆ گۆڕینەوە بە دەستکەوتێکی حیزبی و سیاسی شیاو بێت، بەڵام (حدکا) هەرگیز ڕێگە نادات کەسێکی وەک سەلیمی ببێتە هۆی زیاترتێکدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیدا!


14/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر