یەکێتی شاخ قووت دەدات

شوان حەمە
"وا مەزانە گۆیژە نزمە چونکە تەبعی عالییە"

فایەق بێ کەس

نازانم دڵڕەقی کوڕەکانی مام جەلال دژ بە شاری سلێمانی لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە! بەڵام دەزانم هیچیان لە ڕۆژگارە سەختەکانی سلێمانیدا نەژیاون. دەزانم ئاگاداری شیعرەکانی نالی و بێکەس و پیرەمێرد و شیخ ڕەزای تالەبانی و شاعیر و نووسەر و ڕۆشنبیرەکانی تر نین، چەند عاشقی سلێمانی بوون و چیان بۆ ئەم شارە  نووسیوە.

بافڵ تاڵەبانی لە یەکێک لە دیدارەکانیدا دەڵیت، "لە کاتی نەخۆشییەکەی مامدا جەند مانگ لەگەڵیدا بووم، لەو چەند مانگەدا هەموو شتێکی بۆ باس کردووم".

 دوای هەواڵی هەڵکۆڵینی شاخی گۆیژە لە خۆم پرسی: تۆ بڵێی ئازاردانی سلێمانی و سڕینەوەیە شوێنەوارە مێژوویەکانی و بەتاڵانبردنی خاک و گرد و شاخەکانی ئەم شارە، بەشێک بن لە وەسێتەکانی مام جەلال؟ 

باوەڕ ناکەم مام جەلال وەسێتێکی لەو جۆرەی کردبێت، لەبەر هیچ نا، لەبەر ئەوەی مێژووی جەلال تاڵەبانی، لە پێشمەرگایەتییەوە تا سەرۆککۆمار، قەرزداری شاری سلێمانی و خوێنی رۆڵەکانی ئەم شارەیە.

ئایا بە ڕاست ماڵی مام جەلال فێڵ لە خەڵکی سلێمانی دەکەن، وا بەشی سەرەوەی شاخی گۆیژە بە نەخشەی کوردستانی گەورە و ناوی سلێمانی دەڕازێننەوە، بەڵام بەشی خوارەوەی شاخەکە وێران و تاڵنفرۆش دەکەن؟

ئایا بەڕاست بافڵ تاڵەبانی ئەو کەسایەتییە بەهێزەیە، یەکێتی ڕیکلامی بۆ دەکات، یان لەبەردەم کۆمپانیا  قازانجویستە بێ هەست و نانیشتمانییەکاندا، وەک سازشکارێکی لاواز، دەست لەسەر سنگە!

بافڵ لاواز بێت یا بەهێز ،هێچ لەو ڕاستییە ناگۆرێت کە ماڵی مام جەلال بەرپرسن لە شیواندنی سلێمانی و بە تاڵانفرۆشتنی خاکەکەی!  
 لەبیرم دێت لە سەر دەمی  شاخدا دەگوترا : یەکێتی تەقلە بە فیل لێ دەدات!
ئەی ئێستا دەبێت بڵیین چی؟

دەبێت بڵێین، یەکێتی شاخ قووت دەدات.

27/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر