ژینا یان مەهسا!..کوردو سیستمی جیهانی!

شوان حەمە

ژینا ئەمینی بە ژیانی خۆی، دەرفەتێکی بەڕووی جیهاندا بۆ درووست کردین، بەڵام ئایا کورد چۆن لەگەڵ ئەو دەرفەتەدا سیاسەت دەکات!؟
دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، کوردانی ئەوروپا، بۆ پشتیوانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لە چەندین وڵات، گردبوونەوە و ڕێپێوانیان ڕێکخست.

ئەمجارەش وەک هەموو پرسەکانیتر، کورد بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوو.

بەرەی یەکەم لە حیزبە دیارەکانی "کوردایەتی" پێکهاتوون! حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەکان و سازمانی خەبات، بە پشتیوانی پارتی دیموکرات. 

بەشداربوانی چالاکیەکانی ئەم بەرەیە تەنها کوردن و زۆرینەی ڕەهای بەشداربوانیش پیاون. ئامانجی ئەم بەرەیە لە گردبوونەوەکانی ئەوروپا، تەنها پرۆتێستکردنی کوشتنی ژینا سەقزی نییە، بەڵکو وێناندنی ڕووداوەکەیە، وەک بەڵگەیەک بۆ ستەمی نەوەیی بەسەر کوردەوە.
بەرەی دووەم، لە پژاک و لایەینگرانی پەکەکە و کۆمەڵە ـ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و لایەنگرانی کوڕی شای پێشووی ئێران و حیزبە گرووپە چەپەکانی ئەوروپا پێكهاتوون.

دروشمی ئەم بەرەیە، پشتیوانیکردنە لە مافی ژنان و ئازادییەکان و پێکەوەژیانی ئارەزوومەندانەوە ئاشتیانەی گەلانی ئێران.  بەشداربوانی ئەم بەرەیە، تا ئاستێکی بەرچاو تێکەڵێکی هاوسەنگن لە ژنان و پیاوان.

ڕووداوەکانی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە وێنە گەورە جیهانییەکەیدا، جارێکیتر پارادۆکسی کورد و سیاسەتی نێوەدەوڵەتی زەقکردەوە. 
ڕەنگە بێئەوەی پرسیار بکەین، لە نائاگایی ئێمەدا وەڵامی ئەو پرسیارەمان وەرگرتبێتەوە: ئایا بۆ مەهسا ئەمینی نازناوی "ژینا"ی بۆ خۆی هەڵبژاردووە! 

وەڵامەکە لە خودی پرسیارەکەدایە؛ لەبەر ئەوەی ژینا ناوە فارسییە سەپێنراوەکەی خۆی لا پەسەند نەبووە و ناوێکی کوردی، ژینا (ژین و ژیان)ی بۆ خۆی هەڵبژاردووە. 

درووست ئەم هەستەی ژینا، خواستی سەربەستانەی زۆرینەی کوردی ڕۆژهەڵاتە، بەتایبەت نەوە نوێکان. لە ڕۆژهەڵات هەر یەک بە جۆرێک و هەر یەک بە هۆکارێک، هەوڵ دەدات دەستکاری بەشێک لەو سەپێندراوانە بکات، کە فەرهەنگی کۆلۆنیالیستی فارسی، زۆرجار بە یاسا، بەسەریدا سەپاندووە، تا لە ڕێی ئەو دەستکارییەوە، بەشێک لە شوناس و ئازادی خۆی بەدەست بێنێتەوە. 

تا ئێرە پرسەکە لە چوارچێوەی مافی و ئازادیدایە و پرسێکی ڕەوایە.

كێشە ئەوکاتە دروست دەبێت کە پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، بەهەمان هەستی ژیناوە سیاسەت دەکەن!

 ببینە لە سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، تا سەرۆکی ئەمریکا و تەواوی دەزگا نێوەدەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، پرسی ژینا وەک بەشێک لە پرسی ژنانی ئێرانی و پرسی ئازادیەکان لە ئێران دەبینن، نەک وەک پرسێکی کوردیی قۆناغبەستوو بە ستەمی نەتەوەیی. ڕێکەوت نییە هەموان ناوی مەهسا لە جێی ناوی ژینا بەکار دێنن! تینەگەیشتن لەم هێڵە نێونەتەوەییە، کە لانیکەم حەفتاوپێنج ساڵە سیستمی جیهانی لەسەر دامەزراوە، تێنەگەشتنە لە سیاسەت! سەد ساڵە ئێمە لە تێگەشتنی  خۆماندا خۆمان بەگیر هێناوە! ئێمە لە بری ئەوەی بەروە جیهان بڕۆین، لەهەر تراجیدیایەک بەسەرمان دێت، شان‌ و سینگی خۆمان دەهێنینەوە یەک و لەناو کوردبوونی خۆماندا، خۆمان گرمۆڵە دەکەین! دواتر لە ناو ماڵە داخراوەکەی خۆمانەوە هاواری جیهان دەکەین!

ڕاستە ئێمە هەستی بەهێزا و ئامادەیی قوربانیدانمان هەیە، بەڵام دواجار ئەو سەمایەی ئیمە دەیکەین، سەمایەکە لەناو بازنەیەکی گەمارۆدراو بە ئاگر، وەک هەموو جار، ڕەنگە خۆمان بسوتێنێت و بەتەنیا جێبمێنین!
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بە سیاسەتی سەدساڵی ڕابردوودی خۆماندا بچینەوە و بیر لە ئەلتەرناتیڤێک بکەینەوە؟
........

25/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر