کلارنێتە تورکییەکەی پارتی!

شوان حەمە

پارتی چەندین کەناڵی تەلەفزیۆنی هاوشێوەی کوردماکس و کۆڕەک تی ڤی هەیە.

ڕاستە ئەو کەناڵانە بەشێک نین لە ئۆرگانی حیزبی، بەڵام ئەجەندا و شێوازی کارکردنیان، کۆپیکردنی ستایلی کەناڵە تورکییەکانە، کە دواجار دەچێتە بازنەی ئەجێندای پارتی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەردۆگان و پارتی داد و گەشەپێدان.

ئاشکرایە خاوەندارییەتی بەشێک لەو کەناڵانە بۆ ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی دەگەڕێتەوە.

لەو کەناڵانە، تەنانەت حەیران بە حەیرانیی خۆی، کە ڕەگ و ڕیشەی دەشتی هەولێرە و وەک بەشێکی گرنگی هونەری کوردی، لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەیە، لەم هەوڵە کۆلۆنیالیستە هونەرییە دەرباز نەبووە. 

گۆرانییەکانی هونەرمەندی گەورە، مامۆستا تایەر تۆفیق، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر چەندین هونەرمەندی تری کورد هەبووە، لەو کەناڵانەی پارتی بە کلارنێت و ستایلی تورکی دەگوترێتەوە.

بەڵێ ڕاستە  تورکان، بەتایبەت لەسەر دەستی گەورەدز ئیبراهیم تاتلیساس، دەیان و سەدان گۆرانی کوردی و نەتەوەکانی تریان تورکاندوە، ڕەنگە نەتەوەکانی تریش سوودیان لە تورک وەرگردبێت، بەڵام کارەسات لەوەدایە ئەو کەناڵانەی پارتی، موسیکە کوردییە تورکێندراوەکە دەهێنن و بە هەمان هەناسە و ستایلی تورکییەوە، جارێکیتر کوردییە ئۆرژیناڵەکەی پێ دەشێوێنن.

ئەو کەناڵانە نەک تەنها بەرپرسن لە تێکدان و گۆجکردنی هونەری کوردی، بەڵکو بەرپرسیارن لە گۆڕینی سروشتی گوێگری کورد و پەلکێشانی نەوەی نوێ، بە ئاڕاستەی موسیکی تورکی.

من دەستم لە وەزارەتی ڕۆشنبیری شتوە، لەوە بێهیواترم وەزیرەکەی یەکێتی نیشتمانی، دوو ر نزیک خۆی لەم جۆرە پرسە فەرهەنگی و نەتەویییانە بدات!

 بەڵام بۆم پرسیارە: ئایا موسیکزانان و کلتورناسان و ڕۆشنبیرانی ئێمە بۆ هێندە بێخەم و بێدەنگن؟

07/01/2024



وتارەکانی تری نوسەر