سلێمانی قیبلە و دوامەنزڵ

شوان حەمە

کاتێک برایم پاشای بابان (١٦٩٩ـ ١٧٨٤ ) شاری سلێمانی دروستکرد و کردی بە پایتەختی میرنشینی بابان، بڕیارێکی ئەمیری چارەنووسسازی دەرکرد. 

بە گوێرە بڕیارەکە هەر پێشەگەرێک بگوێزێتەوە بۆ سلێمانی و کاری پێشەیی بکات، لە باج و خەراجی میرنشینەکە دەبەخشڕێت. 

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بڕیارە ئەمیرییەکە، پێشەگەران تاک تاک و دەستە دەستە دەستە، هەمانکات و گروپی ئاینی جیا جیا، ڕوویان لە سلێمانی کرد. ڕێکەوت نییە بەشێک لە گەڕەکە کۆنەکانی شار بە ناوی پیشەگەرانەوەیە، وەک گەڕەکەکانی سابونکەران، قەزازەکان، جولەکان، گاوران تاد.

تا ئێستاش بەشێک لەبنەماڵە دێرینەکانی سلێمانی، هەڵگری نازناوەکانی وەک سنەیی و مەریوانی و چەندین نازناوی ترن ، وەک ئاماژە بۆ شوناسی بنەماڵەکان، بەر لە دامەزراندنی سلێمانی. 

لەم ساڵانەی دوایدا جۆرێک لە ڕەشبینی لای بەشێک لە ڕۆشنبیران و خوێندەوارانی شار دروست بوو بوو، گوایە سلێمانی وەک جاران نەماوە و ئیدی نابێتەوە بە سلێمانییەکەی جاران. هەر ئەو کات بابەتێکم بە ناوی "سلێمانی خەونەکە زیندووە" لە میدیاکان بڵاوکردەوە. لەو نوسینەدا ئاماژەم بە سیحرێکی سلێمانی کردبوو، چۆن بەشێک لە شوناسی تازە دانیشتوانی شارەکە وەردەگرێت و لەبەرامبەردا، بەشێک لە شوناسی خۆی لە کەسایەتی و بیرکردنەوەیاندا جێگیر دەکات. 

کورت و کرمانج، سلێمانی هەمان شارەکەی جارانە و هەر واش دەمێنێتەوە.

مەرگی هونەرمەندی کورد تاهیری خەلیلی و پێشتریش مەرگی هونەرمەندی کورد، ئیسماعیل سابوری، کە پێش مەرگیان، بڕیاریان دابوو لەو شارە نیشتەجێ بن دوا ڕۆژەکانی تەمەنیان لە سلێمانی بەسەر بەرن، نە ڕێکەوتە نە ڕوواوی ڕێکخراو، بەڵکو ڕووداوگەلێکە ڕەهەندی دەروونی و شوناسی و نەتەوەی و نیشتمانی، بەتایەت لای هونەرمەندان و نوسەرانی دەرەوەی سلێمانی هەیە. 

ئایا تا ئێستا کەس ئەو پرسیارەی کردووە بۆ گەورە هونەرمەندانی کورد، مامۆستایان مەزهەری خالەقی و ناسری رەزازی ساڵانێکە بە خواست و ئارەزووی خۆیان لە سلێمانی دەژین؟ سلێمانی نەک تەنها بۆ ڕۆژهەڵاتییەکان و پارچەکانیتری کوردستان، بەڵکو بۆ کوردانی شارەکانی تری باشووری کوردستانیش، هەمیشە قیبلە و مەنزڵ بووە. نموونەی مامۆستا نوسەر و ڕۆشنبیری گەورە مامۆستا شێرزاد حەسەن و شاعیری دیار و بە توانا تەڵعەت تاهیر و چەندینی تر. بجێێ خۆیەتی ئاماژە بە یەکێک لە شوێنە دیارەکانی سلێمانی بکەم، کە خەڵکی شار بە  "سەعە تاکۆیی" دەیناسن، کە دەگەڕێتەوە  بۆ کەسایتی دیاری سلێمانی سەعید تەها کۆیی. کۆیی وەک ئاماژە بۆ شاری خۆشەویستی کۆیە.

سوپاس بۆ سلێمانی، سوپاس بۆ ئەو ڕێز و حورمەتەی تەرمی هونەرمەندی کورد تاهیری خەلیلیان پێبەڕێکرد. 

بە کاربەدەستانی سلێمان دەڵێم: تکایە لەبەر سیاسەت، گیانی یەکتر قبوڵکردن و تایبەتمەندیی فرەکلتوری و فرەدەنگیی سلێمانی تێکمەدەن. ئیتر کاتی هاتووە ڕێز و ستایش بۆ هونەرمەندی گەورەی کورد، مامۆستا ئەحمەد سالار دەربڕن و لەسەر ئاستی کارگێڕێ و خەڵکی شار پێشوازی لێ بکەن.

28/11/2023



وتارەکانی تری نوسەر