هاوپەیمانیی حیزبی، یان پشتیوانی لە گەندەڵی!

شوان حەمە
دوای هەڵمەتی سۆسیال میدیا و چالاکییەکان بۆ پاراستنی شاخی گۆیژە، بەشێک لە لایەنگرانی پژاک و پەکەکە، هەڵمەتێکی پێچەوانەی ڕانەگەیندراویان دەستپێکردووە.

لەو هەڵمەتە پێچەوانەیەدا، چالاکوان و نووسەر و ژینگەپارێزان، بە بێهەڵوێست و دووفاق تۆمەتبار دەکرێن! گوایە ئەو کەسانەی بەرگری لە شاخی گۆیژە دەکەن، پێشتر بێهەڵوێست بوون و هیچ جۆرە ناڕەزایەتییەکیان، دژ بە لەشکرێکی و وێرانکاری سوپای تورکیا لە باشووری کوردستان دەرنەبڕیوە.

ئەم بیانووە تەواو ناڕاستە! میدیای ئەهلی لە باشووری کوردستان، نزیکەی بیست چوار ساڵە، هەواڵ و چالاکی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد لە باکووری کوردستان، بۆ باشوورییەکان دەگوێزێتەوە، دەیان چاوپێکەوتن و سەدان وتار و هەزاران هەواڵی پەیوەنددار بە باکووری کوردستان و دواتریش ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردووەتەوە. 

چالاکوانان و میدیاکارانی باشوور، بۆ پشتیوانی باکوور و ڕۆژئاوا، دەیان جار خۆپیشاندان و گردبوونەوەیان ئەنجام داوە، چەندین جار  ڕاگەیاندنی واژۆکرایان ئاڕاستەی نەتەوەیەکگرتووەکان و پەرلەمانی ئەوروپا کردووە.

لە ئێستاشدا چالاکییە تۆمارکراوەکانی گەریلا و ڤیدیۆی خستنەخوارەوەی درۆنەکان، لە میدیاکانی باشوورەوە بڵاو دەکرێنەوە.

پێویستە ئەندامان و لایەنگرانی پژاک و پەکەکە، ئەم هەڵمەتە پێچەوانەی ڕابگرن، ئەوان نابێت ببن بە بریکاری گەندەڵییەکانی سلێمانی.

نابێت لە پێناو بەرژەوەندی حیزیی خۆیان، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، پشتیوانی لە وێرانکردنی ژینگە و چاوچنۆکی سەرمایەدارانە بکەن.

04/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر