ئیزیدیەکان و مەترسیە بەردەوامەکانی جینۆسایدی کورد

سالار مه‌حمود
مرۆڤ تووشی شۆک دەبێ کاتێ ئەو هەموو خەمساردیە دەبینێ بەرامبەر کەیسی جینۆساید بەگشتی و جینۆسایدی ئیزیدیەکان بەتایبەتی.
ئاخر ھێشتا بە ھەزاران کچ و ژنی ئەم گەلە بە زۆر براون و لەلای بەناو مرۆڤە ھەوەسبازە مێژوو رەشەکانی داعش و داعش فیکرەکانن و نەھێنراونەتەوەو ئازاد نەکراون!

پێویست بوو لە دۆسیەی گفتوگۆی دوێنێ و ئەمڕۆو سبەی نێوان هەرێم و بەغدا بابەتی قەرەبووی قوربانیانی جینۆسایدی کوردستان بکرێتە داخوازی سەرەکی.

دەبوو ناوەندە نێودەوڵەتیەکان عیراق کار بکات بۆ ئاوەدانکرنەوەی شەنگال و دەوروبەری.

دادگایی کردنی تاوانباران دەستپێ بکات. داعشە گیراوەکان لەبەردەم دادگادا ئامادە بکرێن.

با دۆخی هەستیاری دەڤەری شەنگال ببیتە مایەی تەبایی هێزە کوردستانیەکانی ئەو دەڤەرەو چیتر برینیان نەکولێنرێتەوە.

تورکیا تەماحی لە داگیرکاری چیای شەنگال و ئەو ناوچەیە هەیە. 

ئەو دەڤەرە ھێشتا بەھۆی ناکۆکی کوردەوە خوێنی لێ دەچۆڕێ و نا ئارام و نا ئاوەدانە.

بەردەوامی ناکۆکی ناوخۆیی دەرفەت دەڕەخسێنێ تورکیا ئەو مەرامەی بەدی بهێنێت. مەرامی پاوانخوازیی و پشێوی.

ئیزیدیەکان پێکهاتەیەکی گرنگی کوردستانن خاوەندارێتی کردن لە دۆسیەو ناسنامەیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەرکێکی نیشتمانی و ئینسانی و نەتەوەییە. 

پێویستە سود لە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی 2379 لە ساڵی 2017 وەربگیرێت سەبارەت بە جینۆساید ناساندنی تاوانی شەنگال و دەوروبەری.

با وەک زەنگێکی مەترسیدار ئەو راستیەش بەرچاو بخەمەوە، کەهێشتا مەترسی جینۆساید لەسەر ئیزیدی و کاکەیی و پێکهاتەکانی تر لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم بەردەوامە.

03/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر