بە پێی دەفتەری بیرەوە رییەکانی رۆژانەم کە دەنوسم رۆژی ئەوەندەی دەستدرێژییەکەی روسیا ،ئەمڕۆ هەینی جەنگی سەپێنراوی روسیا بەسەر یۆکرایندا پێی نایە (444 )ەمین رۆژیەوە .
کاتی خۆی لەساڵی ١٩٧٩ خوێندکارە ئێرانیەکانی سەر بە خەتی ئیمام دەستیان گرت بەسەر بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریکادا لە تاران و ،پەنجاو دو دیپلۆماتکاریان وەك بارمتە بۆ ماوەی 444 رۆژ لە ناو بارەگای باڵیۆزخانەکەدا هێشتەوە ( لە 4 ی نۆڤامبری 1979 تا 20 ی یەنواری 1981)لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ نێوانی ئەو دو وڵاتە ئاڵۆز و خراپە و ئێران خراوەتە نێو بازنەیەکی گەمارۆ دراوی ئەمریکایی . دەبێت روسەکانیش روبەڕوی هەمان گەمارۆ نەبنەوە؟!، بەو پێ یەی ئەوانیش وەك پەیڕەوانی خەتی ئیمام بەگژ بەرژەوەندیی و خواستەکانی واشنتندا دەچنەوە !. پەیڕەوانی خەتی ئیمام بەو رەفتارەیان ویستیان بە ئەمریکا بڵێن کۆمارەکەی خومەینی خاوەنی پێگەی بەهێزی خۆیەتی و دەبێت واشنتن بە کەم سەیری نەکات و بەهێزێکی خاوەن هەژمون و کاریگەری ناوچەکە و جیهان مامەڵەی لەتەکدا بکات .تا ئێستاش ئەو بیرکردنەوەیەی ئێرانییەکان بەردەوامە بۆیە 444رۆژەکە درێژ بوەتەوە بۆ ئێستا کە دەکاتە شانزدە هەزار رۆژ و دو مانگ .روسیای پوتینیش بۆ ئەوەی هەژمون و پێگە بە میرات بەجێ ماوەکەی سۆڤیەتی جاران بهێڵێتەوە لە بەرامبەر ئەمریکادا ، بە بیانوی جیا جیا یۆکراین و تەواوی ئەوروپا و جیهانیشی کردە باخچەی پشتەوەی ئیمپراتۆری یە ئۆلیگاریشیەکەی و دەستدرێژیی کردە سەر ئەو وڵاتە خاوەن سەروەریی و سەربەخۆیە . سەرەنجام نەك گەل و خاك و حکومەتی ئەو وڵاتە گیرۆدەی نەهامەتیی بون بەڵکو ئاسەوارەکانی ئەو دەستدرێژییەی روسیا تەواوی جیهانیشی گرتەوە .
وەك چۆن پەیڕەوانی خەتی ئیمام بە بارمتەگرتنی دیپلۆماتکارە ئەمریکاییەکان گوایە هێزی کۆمارە تازەکەیان نیشاندا ، بەڵام لە قوڕبەسەریی و بەش مەینەتیی بۆ گەلانی ئێران و ناوچەکەش زیاتریان نەچنیەوە .
پوتنیش بۆ زیندوکردنەوەی پێگەی هێز و تواناکانی سۆڤیەتی هەڵوەشاوە ،لەسەر بنەمای قسەی یەکێك لە تزارەکانی روسیا کە {وتبوی "هەست بە سەقامگیریی ئاسایش ناکەم تا سپا چواردەوری سنورەکانی نەچنی بێت "!}، خۆی خستە ناو ئەو کێڵگە مینەوە گوایە رێ لە هەژمونی ئەمریکا و ناتۆ دەگرێت . راستییەکەش ئەوەیە مەحاڵە خۆی و گەلی روسیای بە سەلامەتی لەم قەیران و گۆبەندە دەربچن ،لە هەمان کاتدا گەورەترین و ئاڵۆزترین قەیرانیشی بۆ تەواوی ئەوروپا و جیهان دروست کرد کە سێ 444 رۆژ ی تریش چارەسەر ی بۆ نادۆزرێتەوە .
ئەگەر خەیاڵ پڵاوییەکەی پوتین و هاوشێوەکانیشی سەربگرێت و ئەمریکا جیهانی تاك جەمسەریشی بۆ نەچێتە سەر ،ئەوا روسیا لە مەودای دوردا بە جۆرێك نابوت و مایەپوچ دەبێت کە بە سەد گروپی ڤاگنەری سەربازیی و دەیان پرۆژەی مارشاڵیش لەروی باڵا دەستی سەربازیی و ئاوەدانکردنەوە هەڵناستێتەوە.
دیارە جیهانیش هەر لە ئەوروپاوە تا ئەفریقا و ئاسیا و خۆرەڵاتی ناوەڕاستیش بە ئاسەوارەکەیەوە دەناڵێنن .چونکە روسیا وا نەزانانە بەردەکەی هاویشت کە وا بە ئاسانی لەو دەریای خوێن و دۆزەخەی جەنگە بێ هودەکەی دەرناهێنرێتە دەرەوە .بۆیە 444 رۆژەکە بۆ زیاتریش درێژ دەبێتەوە جارێ هیچ ئاسۆیەك بەدی ناکرێت ،تەنانەت ئەگەر چینیەکانیش بیانەوێت ببنە یاری کەرێك لە مەیدانەکەدا . بەڵکو تاکە رێگە پاشەکشێی پوتینە لە یۆکراین رەنگە دواتریش نیمچە دورگەی کریما ی سەر دەریای رەشیشی بێتە سەر ،بە هەمان شێوەکەی کە پاشەکشێ کرا بە سەدام حسێن لە کوەیت ،دواتریش رزگاری نەبو لەو قوڕە خەستەی قاچی تێی کەوتبو .