كۆیلایەتی ئارەزومەندانە

موعتەسەم نەجم
زارەوەی كۆیلایەتی و مانا و گوزارشتی كۆیلەبوون، لە ئەمرۆدا زۆر جیاوازە لە مانا مێژوویەكەی. كۆیلە لە زەمەنی ئەمرۆدا بە كۆمەڵێك پایەی جیاز و یاسای تایبەتی خۆی بونیاد دەبێتەوە. ئەم خوڵقاندنە وەك پرۆژەو پرۆسەیەكی سیاسی بە پێی پێویستیەكانی ئەمرۆی دەسەڵاتە دیكتاتۆریەكان بونیاد دەنرێتەوە. جەوهەری ئەم مانایە لە پرسی موڵكایەتیكردنی جەستەی كەسێك دوور دەكەوێتەوە و لە پرۆسەی پاوەنكردنی عەقڵ و بیروباوەری كەسەكە نزیك دەبێتەوە.

خوڵقاندنی كەسایەتیەكی رازی لە دەسەڵاتی رەهای دیكتاتۆریەت لە رێگای قبوڵكردنی هەموو جۆرە زوڵم و نادادیەك لە لایەن تاكی ئاسایەوە دەبێتە جەوهەری پێناسەكردنی كۆیلەی هاوچەرخ. لەم دۆخەدایە، كە تاكی كۆیلە لە تەواوی مافەكانی خۆی بۆ بەرژەوەندی دەسەڵات خۆش دەبێت و رازی دەبێت بە بەردەوامبوون وەك تاكێكی بێ ماف و بەشێك لە مێگەلێكی گەورەی كۆمەڵگا.

سەرۆك لە پرۆسەی پاوانكردنی دەسەڵات و ملكەچكردنی كۆمەڵگادا ئامانجی سەرەكی گەیشتنە بە گۆرینی كۆمەڵگا، بە مێگەل و دروستكردنی كۆیلەی ئارەزومەند. كاتێك سیستمی دیكتاتۆری كار لەسەر داخستنی هەموو هەلەكانی بەردەوامبوونی ژیانی شەرفمەندانەی تاكەكانی كۆمەڵگا دەبێتەوە، لەسەر بنەمای تیۆری ( التأطير) دەیخاتە بەرامبەر تەنیا دوو هەڵبژاردەوە، دەبێت رازی بێت بە مەرگ یان ملكەچبون. زۆرینەی تاكە ئاسایەكانی كۆمەڵگا هەڵبژاردەی مانەوەو  ملكەچبوون هەڵدەبژێرن. لەم پرۆسەیەدا تاكەكانی كۆمەڵگا ئازاد دەكرێن لە نێوان هەڵبژاردنی مەرگ یان ژیانی چەرمەسەری و ئەشكەنجەدان لە بەرامبەر بە كۆیلەبووندا. لە راستیدا ئەم هەڵبژاردەیەیە، كە دواتر دەبێتە بناغەی دروستبوونی كۆیلایەتی ئارەزومەندانە و رەخساندنی زەمینەی بەردەوامبوونی سیستمی دیكتاتۆری. 

توێژینەوە لە پرۆسەی دروستكردنی كۆیلەیەكی ئارەزوومەند، ئەو راستیەی سەلماندوە، كە تەسلیمبوون و زەلیلكردن و چەوسانەوەی میللەتێك بە تێكرایی لەگەڵ ئەوەی ریشاڵێكی مێژووی هەیە، بەڵام لە ئەمرۆدا بە شێوەیەك گەشەی پێكراوە، بووەتە پرۆسەیەكی سەردەمیانەی دەسەڵاتە تۆتالیتاریەكانی ئەمرۆی مرۆڤایەتی، بۆیە لە یەك كاتدا پرسێكی زۆر ئاڵۆز و  هاوكات زۆر گرنگیشە. لە ئەمرۆدا یەكێك لە كێشە سەرەكیەكانی وڵاتانی دواكەوتوو و دیكتاتۆر ئەوەیە، میللەتەكانیان زۆر بە ئاسانی دەبنە كۆیلەیەكی ئارەزوومەند و هیچ هەڵوێست و پەرچەكردایەكیان لە دژی چەوسانەوەی خۆیان و بە تاڵانبردنی ماڵ و موڵكی گشتی و برسیكردنی تەواوی توێژەكانی كۆمەڵگا نابێت. لە شرۆڤەكردنی ئەم واقعە نامۆیە بە سروشتی مرۆڤی دانا، دەخوازێت روناكبیران و بیرمەندان توێژینەوەیەكی دروست و زانستی بۆ پرسی ترسنۆكی و كاڵفامی و خۆبەكەمزانین... هتد، زۆرینەی تاكەكانی كۆمەڵگا، بكەن

رازیبوون بە دەستبەرداربوون لە مافی ئازادی و ژیانی شایستە بە مرۆڤ لە پێناو مانەوە لە ژیانێكی كولەمەرگی و ژێردەستەی و چەوسانەوەدا، پرسێكە پێویستی بە توێژینەوەو شرۆڤەكردنێكی ورد و زانستایانە هەیە. ئەمە لە هاوشانی پێویستی توێژینەوەو شرۆڤەكردنی پرۆسەی راهێنانی خەڵك لە سەر ژیانی ژێردەستەی و كۆیلەبوون و قبوڵكردنی دەسەڵاتی دیكتاتۆری و گەندەڵ.  لەم بازنەیەدا توێژینەوە لە سروشت و كەسایەتی و سایكۆلۆجیای تاك لەم وڵاتانە دەبنە پێویستیەكی گرنگی ئەم توێژینەوانە. لە پرۆسەی جێبەجێكردنی كۆیلەی ئارەزوومەندا، دەسەڵاتی دیكتاتۆری كار لە سەر خوڵقاندنی ترسێك لە ناخی تاكەكاندا دەكات. ترس لەگۆڕانكاری و ریفۆرم لە هاوشانی ترس لە گەورەی باجی یاخیبوون لە دەسەڵات و كاركردن بە ئاراستەی گۆڕینی ئەو واقعە جێگیرەی سەرۆك دەیەوێت.

19/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر