میللەتی دەبەنگ و ترسنۆك

موعتەسەم نەجم
  رازیبوون بە هەموو جۆرە چەوسانەوەو زوڵمێك تەنیا لە پێناو مانەوە بە ژیانێكی سەگەمەرگی. تەنیا لەو میللەتانە دەوەشێتەوە تێكشكاوی بونیادیان هەیە و مێژوو سەروەر بووە لە شكاندنی شكۆ و باوەریان. ئەم میللەتانە هەموو كات دەبنە قوربانی ترسنۆكی بونیادی هزریان. كورد ئەو میللەتەی لە مێژووی سەدان ساڵەیدا ئەوەندەی بە دەستی فەرمانرەوای ناوخۆیەوە زوڵمێلێكراوەو چەوساوەتەوە، ئەوەندە بە دەستی داگیركەرانیەوە زوڵمی لێنەكراوە. بەردەوام قوربانی دووبەرەكی و شەڕی ناوخۆی نێوان سەرۆكە خێڵەكی و چاوچنۆكەكانی بووە. 
      كورد لە ئەمرۆدا زەلیلی دەستی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنێكی كوردیە، بە هۆی كەمی ووشیاری و ترسنۆكیەوە هەموو زوڵم و نادادیەكی كوردی قبوڵ دەكات. سیستمی سیاسی كوردی، كە لە واقعدا نمونەی نیە مۆدێلێكە تەنیا بۆ كورد خوڵقێنراوە. ئەم دەسەڵاتە بەردەوام لە پرۆسەی تەفرەدان و چەوسانەوەی میللەتدا زۆر سەركەوتوو بووە. سیناریۆ گاڵتەجاری و بێتامەكانی زۆر بە ئاسانی بەسەر ئەم میللەتەدا سەپاندوە. هەموو كاتێك دروشم و سیناریۆكان لە كۆتایدا دەبنە ئامرازێك بۆ تەفرەدانی خەڵك و بەرزكردنەوەی پێگەی گەندەڵی و نادادی زیاتر.  ئەم سیستمە بەوەی هیچ پێگەیەكی جەماوەری نەماوە زۆر لاواز بووە لە بەرامبەر نەیارانی كورد و داگیركەرانی بەردەوام زیاتر ملكەچی خواست و داواكاریەكانی نەیارانی كورد و داگیركەرانی كوردستان دەبێت، بەڵام لە پێناو مانەوەو بەرژەوەندی خۆیاندا چ بە سەر ئەم میللەتەدا بێنن بە رەوای دەبینن.  
       یەكێك لە سیناریۆ هەرە دیارەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی كوردی خوڵقاندنی قەیران و بەرپاكردنی شەڕ و ململانێی سیاسی نێوانیانە. هەر كاتێك پێویست بێت لایەنە كوردیەكان سیناریۆی شەڕ و ناۆكی ناوخۆی نێوانیان ئامادەیە و دەیخنەوە سەر شانۆی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەم میللەتە.
            دەگێرنەوە، رۆژێك لە دارستان كەمتیار و رێوی لە سەر پاشماوەی خۆراكی بەردەم شێر ناكۆكی دەكەوێتە نێوانیانەوە. ناكۆكیەكان قوڵدەبێتەوەو دەگاتە دۆخی هەڵگیرسانی شەڕ. هەر لایەك دۆست و لایەنگر و هەواداری خۆی كۆدەكاتەوەو شەڕێكی خوێناوی بەرپا دەبێت. دوای ماندووبون، هەردوولا دەگەنە ئەو باوەرەی، كە پێویستە شەڕ راگرن و دانوستان بكەن. هەر لە یەكەم دانیشتندا لیژنەیەك دادەمەزرێنن بۆ ئەنجامدانی ئاماری قوربانیەكان و زیانەكانیان. دەرئەنجام دەردەكەوێت قوربانیەكانی هەردوو لا تەنیا لە ئاژەڵی كەروێشكە(میللەتە)، بۆیە بە پێكەنین و لە دوای خوانێكی چەور، رێكەوتنەكەیان واژوو دەكەن و بە دادوەری پاشماوەكان لە نێوان هەردوولایەندا دابەش دەكەن. ئەمە رێك ئەو چیرۆكەیە، كە گوزارشت لە رەوشی ئەمرۆی میللەتی كورد دەكات.
      لە بەغداد شەڕی نێوان حزبە كوردیەكان، بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە لە سەر بەشە بوجە و مافە دارایەكانی هەرێم بۆ چەند مانگە دەستی پێكردوە. جگە لە ناكۆكیەكانی نێوان ناوەند و هەرێم موزایەدەی نێوان لایەنە كوردستانیەكان وەك سیناریۆیەكی نوێ دەستی پێكردوە. شەڕ و ناكۆكی نێوان لایەنە كوردستانیەكان لە راگەیاندنەكاندا گەیشتوەتە ئاستی ئێسك شكاندن. دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هەریەكەو بە لایەكدا گوریسەكە رادەكێشێت، هەمو میللەتیش بوەتە تەماشاكەر و سەری لێتێكدراوە.
لە كۆی سیناریۆكەدا سێ لایەن بوونی هەیە.
دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنێكی گەندەڵ و پۆپۆلیست
 میللەتێكی تێكشكاو و ترسنۆك
     توێژێك لە نوێنەری كۆیلەی لاینە سیاسیەكان، گروپێك لە كادری زەبۆكی هەموو حزبەكان، كە بە بەردەوامی وەك داشی دامە دەجوڵێندرێن.
     حزبەكانی دەسەڵات، كەوتونەتە پیلان و فرت و فێڵ و دانوستان و رێكەوتنی ژێر بە ژێر لە گەڵ دۆست و نەیاردا، كار بۆلوشدانی مافەدارایەكانی خەڵكی هەرێم دەكەن. هەموو ئەوانەی تا دوێنێ نەیار و دوژمن و داگیركەر بوون، ئەمرۆ دەبن بە دۆست و خەمخۆری میللەتی كورد.
       ئۆپۆزسیۆنێك لەو پەڕی نەشئەی پۆپۆلیستیدایە، دۆخێك خودا بە تەنیا بۆ ئەمی خوڵقاندوە، لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیدا ئامادەیە شین و وشكی ئەم وڵاتە بفرۆشێت، لە كۆتایشدا تەنیا شەریكە دزی فەرمانرەوای كوردی دەبێت.
        میللەتێكی تێكشكاو و ترسنۆك، بە بەرچاوی خۆیەوە مافەكانی دەخورێت و سوكایەتی بە پیرۆزیەكانی دەكرێت، نەك هەر هیچ هەڵوێستێكی نیە، بگرە مێشیش میوانی نیە.
       كۆیلەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، كە لە كرۆكدا لە خامی كۆیلایەتی دروستكراون و بەرگی بێرێزی و خۆپەرستیان لە بەر كراوە، ئەركیان تەنیا گێرانی رۆڵێكە، كە دروستكەرانیان بۆیان دیاری دەكەن. لەم جۆرە كۆیلانە تیایاندایە ئەوەندە لێهاتوانە رۆڵەكەی دەبینێت. ملكەچی بۆ ئاغاكانی وایكروە بە بەردەوامی لە سەر تەختەی شانۆگەریەكە دەمێنێتەوە و بەردەوام رۆڵی نوێی پێدەدرێت.


25/09/2023



وتارەکانی تری نوسەر