جیهان بە گشتی لە ئەمرۆدا لە دۆخێكی زۆر ناجێگیر و هەستیار و قەیراناویدا ژیان دەگوزەرێنێت. رەنگە ئەم ساتە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا زۆر بە دەگمەن دووبارە بوبێتەوە. پێشبینیەكان بۆ دۆخی ژیان لە چەند ساڵی نزیكی داهاتوودا زۆر مەترسیدار و دژوارە. مەترسیەكانی شەڕ تێكەڵ بە مەترسی سەرهەڵدانی برسێتی و قاتوقری و تێكچونی ژینگەی زەوی و گۆڕانی كەش و هەوا دەبێت. بەواتە قەیرانێكی ستراكچەری هەڕشە لە سەر مانەوە و بەردەوامبوونی ژیانی مرۆڤایەتی بە گشتی دەكات. لەم واقعدا وڵاتانی پێشكەوتوو و گەلانی وشیار زۆر بە جدی ئەم مەترسیانە وەردەگرن و خۆیان بۆ رووبەرووبونەوەی ئامادە دەكەن، هەر وڵاتێك لەمانە بەرنامە و ستراتیجی خۆی بە پێی توانایی بەرانگاربوونەوەی ئامادە دەكات. هاوكات گەلانی دواكەوتوو و بێ ئاگا و بێ گوێدانە هەموو ئەو مەترسیانە سەرقاڵی گلەی و گازندەكردنە لە دەسەڵاتە تۆتالیتار و گەندەڵەكانیان. هەر ئەمەیش هۆی سەرەكی ئەوەیە، كە بەردەوام ئەم گەلانە دەبنە قوربانی یەكەمی رووداو و كارەساتە گەورەكان. كەمی وشیاری و نزمی عەقڵی چارەسەری بۆ قەیران و كێشەكانیان و خوێندنەوەی ناتەندروست بۆ پرۆسەی چارەسەری كێشە و قەیرانەكان لە ریشەوە، هۆیەكی سەرەكی نەهامەتیەكانی ئەم گەلانەیە. لەم بازنەیەدا ئێمەی كورد قوربانی دەستی نەیاران و سەركردە لۆكاڵیەكانی خۆمان و كەمی وشیاری و نزمی عەقڵی گشتین.
دروستبوونی قۆناغێكی نوێی شۆرشی پیشەسازی، هاوشان لە گەڵ سەرهەڵدانی قەیرانێكی ئابووری ستراكچەری، گەیشتنی چەند هێزێكی ئابووری، سیاسی ، سەربازی نوێ وەك چین و روسیا بە بازنەی لوتكەی دەسەڵاتی جیهان و ركەبەرایەتیكردنی ئەمریكا و رەتكردنەوەی سیستمی تاك جەمسەری ئەمریكا، هۆی سەرەكی داروخانی سیستمی جیهانی و لەقكردنی پێگەی باڵای ئەمریكایە لە لوتكەی ئەو سیستمە جیهانیە. داروخانی پایەكانی سیستمی نێودەوڵەتی و دروستبوونی جۆرێك لە ئەنارشیزمی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری، بارودۆخێكی زۆر تایبەت و هەستیاری بۆ تەواوی گەلانی جیهان خوڵقاندوە، جیهان لە قۆناغی راگواستندا بارێكی خوڵقاندوە، هەل و مەترسیەكان بۆ تەواوی گەلانی جیهان هاوشانی یەكتر بوونیان هەیە. بەرجەستەبوونی گۆڕانكاری لە سیستمی سیاسیدا تەنیا گۆڕان لە سیستمی ئابووریدا ناخوڵقێنێت، بەڵكو تەواوی سیستمی كۆمەڵایەتی و شێوازی ژیانكردنیش دەگۆرێت. لەم دۆخەدا پێویستە لە سەر گەلان لە سەر ئاستی تاك و كۆمەڵگا و سیستمی فەرمانرەوای خۆی بۆ ژیانكردن لە گەڵ ئەو گۆڕانكاریانەدا ئامادە بكات. دەرهاویشتەكانی قۆناغەكانی پێشووی شۆرشی پیشەسازی و سیاسەتی وەحشیگەرای سەرمایەداريی لە ئەمرۆدا بوەتە هۆی پیسبوونی ژیگە و سروشت بە شێوەیەكی زۆر مەترسیدار، كە هەرەشەیەكی زۆر جدیە لە سەر ئایندەی ژیانكردن لە سەر گۆی ئەم زەویە. لەمانەیش مەترسیدارتر ئەوەیە زۆربەی ئاماژەكان ئەوە دەسەلمێنن، كە لە ئەمرۆدا پرۆسەی هەڵگیرسانی شەڕ و نەهامەتی و نەخۆشی و ..تاد، سیاسەتێكی ستراتیجی سەرمایەداری بێت بۆ كەمكردنەوەی قەبارەی مرۆڤ لە سەر ئەم هەستارەیە. هەندێك لە توێژینەوەكانی بواری سروشت و ژینگە باس لە بەرجەستەبوونی جۆرێك لە گۆڕانكاری لە كەش و هەوای زەوی دەكەن، كە رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی چەندین كارەساتی گەورەی هاوشێوەیی سۆنامی و ژیانی بەشێكی زۆر لە مرۆڤەكان بخاتە مەترسیەوە. رەنگە زۆر ناوچە و وڵات، كە تا ئەمرۆ ژینگەیەكی باش بە پیتی هەیە بۆ ژیانكردن لە ئایندەیەكی نزیكدا بە تەواوەتی خاپوور بێت یان بكەوێتە ژێر ئاوەوە، هەندێك وڵاتیش بەهۆی وشكەساڵیەوە ژیان و گوزەران تیادا زۆر دژوار و نارەحەت بێت.
لە بواری گۆڕانكاریە سیاسیەكاندا سەركەوتنی هێزی نوێی جیهانی و بوونی بە ركەبەرێكی بەهێزی ئەمریكا لە لوتكەی دەسەڵاتی جیهانی تاك جەمسەری چەندین ناوچەی جیهانی كردوەتە كەلەبەری دروستبوونی شەڕ و پێكدادان. لەم گۆڕانكاریانەدا وڵاتان بە گشتی بەرەو دابەشبوون لە نێوان دوو بەرەی هێزدا خۆیان ساغ دەكەنەوە. بەرەی ئەمریكا – بەریتانیا و بەرەی چین و رووسیا. دیارترین ئەو ناوچانەی بوونەتە خاڵی پێكدادانی ئەم هێزانە، رۆژانە دۆخی ناكۆكیەكانیان زیاتر بەرەو توندبونەوەو و بەرجەستەبوونی گرژی زیاتر دەچن، هەندێك لەم ناوچانە راستەوخۆ و ناراستەخۆ گەیشتونەتە دۆخی شەڕ، بە نمونە ئۆكرانیا و سوریا و یەمەن، تا ئاستێكی نزیك عێراقیش، هەندێگ ناوچەیتریش لە لێواری هەڵگیرسانی شەڕەكەدان وەك دەریای باكوری چین.
ململانێی زلهێزەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەراست زۆر ئەستەمە بە بێ شەڕ و كارەسات كۆتای بێت، هەرچی بەرەی رووسیا -چینە بەردەوام لە پێشرەوی و زیاتر سەغڵەتكردنی بەرەی ئەمریكادان. بە تایبەتی لە سوریا و عێراق لە رێگای ئێرانەوە دەسەڵاتی بەرەی ئەمریكایان بە شێوەیەك سنوردار كردوە، مەترسی داروخان و پاشەكشێی لێدەكرێت، بەڵام لەواقعدا مەترسیە گەورەكە لەوەدایە زۆر ئەستمە ئەمریكا و بەریتانیا دەست لە خۆرهەڵاتی ناوەراست هەڵگرن بۆ بەرەی چین-رووسیا-ئێران، چونكە ئەم ناوچەیە بۆ ئەمریكیەكان ئەوەندە گرنگە، رەنگە بە شكستێهنانیان تیادا نەك تەنیا رۆڵی رابەرایەتی زەوی لە دەست بدەن، بگرە نەتوانن وەك جەمسەرێكی هێز لە هاوشانی چینیشدا لە سیستمی نوێی جیهانیدا بمێننەوە، بۆیە من پێموایە ئەمریكیەكان، ئەگەر شەڕی جیهانی سێیەمیان هەڵگیرساندبێت، دەستبەرداری خۆرهەڵاتی ناوەراست نابن. لەمەر بەڵگەكانی گرنگی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست بۆ ئەمریكا هەندێك لە بیرمەندانی سیاسی جیهانی پێیانوایە، لە بنەرەتدا هەڵگیرسانی شەڕی ئۆكراینا و گوشارەكانی ئەمریكا لە سەر چین لە رێگای تایوانەوە بۆ دورخستنەوەیانە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست. بەم بۆچونە بێت لەو ساتەدا گرنگی ناوچەی خۆرهەڵات لە پلەی یەكەمی ململانێی نێوان زلهێزەكانە. چڕبوونەوەی ناكۆكیەكان لەم ناوچەیە ئاماژەن بۆ گرنگی خۆرهەڵاتی ناوەراست لە وێناكردنی ئایندەی سیستمی نێودەوڵەتی و شێوە و ستراكچەری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكانی قۆناغی داهاتووی سیستمی نێودەوڵەتی نوێ و فۆرمی ژیانكردن لە تەواوی بوارەكانی سیاسەت و كۆمەڵایەتی و ئابووری و كەلتوری.
لە بازنەی دووەمی شەڕ و پێكدادانە نیودەوڵەتیەكان لە ئەمرۆدا زۆر بە روونی دەستێوەردانی هەردوو وڵاتی هەرێمایەتی گەورەی وەك ئێران و توركیا بەردەوام زیاتر لە كشاندان بۆ دەستپێشخەری لە داگیركردنی عێراق و ڵاتانی ناوچەكە. ئێرانیەكان لە گەڵ ئەوەی لە ئەمرۆدا بە هۆی یەكانگیربوونی قەیرانی سیاسی و ئابووری لۆكاڵی لە گەڵ توندبوونەوەی شەڕ و ناكۆكیە دەرەكیەكانی توشی جۆرێك لە پشێوی و راپەرینی جەماوەری گەلەكەی بوەتەوە، كە پێشبینی، تا ئاستی رووخانی رژێمەكە، بۆی دەروات، بەڵام هەر سورن لەسەر پرۆسەی هەناردەكردنی شۆرشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنورەكانی خۆیان و سەپاندنی ئەجندای ئێرانیزم بە سەر تەواوی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەراستدا. لە لایەكیترەوە توركەكان زۆر بە خێرایی و چڕی كار لە سەر كشان بەرەو هەموو ئەو ناوچانە دەكەن، كە پێشتر گەرای سیاسیان لێدا داناوە. ئێرانیەكان لە چەندین وڵاتی ناوچەكە پێگەی سەربازی بەهێزیان هەیە دیارترینیان، عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەنە.
لە عێراقدا راستەوخۆ كەوتوەتە بەرامبەر ئەمریكا و شەڕی هەژمونی نێوانیان بەردەوام لە تەشنەكردن و فەراوانبووندایە. من بۆخۆم پێموایە لەم شەڕەدا ئێرانیەكان سەركەوتوو نابن و ناچار دەكرێن بە كشانەوە. هاوكات لە بەرەی توركیادا چەندین بنكەی سەربازی توركیا لە باشوری كوردستان دامەزراون و هەندێك لە پێشبینیەكان بۆ ئەوە دەچن، كە توركیا لە ساڵی 2023 دا بەرنامەی داگیركردنەوەی ولایەتی موسڵ دووبارە بكاتەوە، لەم پرۆسەیەشدا شەریكی لۆكاڵی هەیە. لێرەیشدا من بۆخۆم پێموایە توركەكانیش لەم ستراتیجەیاندا سەركەوتوو نابن.
ساڵی 2023، هەموو پێشبینیەكان پێمان دەڵێت ساڵی برسێتی و شەڕ و نەهامەتیە بۆ تەواوی گەلانی جیهان و بۆ ئێمەی كوردیش كارەسات دەبێت، لە مەیش سەمەرەتر ئەوەیە تا ئەم ساتەیش دەسەڵاتی كوردی تەنانەت قسیەكیشیان بۆ خەڵك نیە، وەك ئەوەی خۆی بۆ ئەوە ئامادە بكات، كە كارەساتەكە خوڵقا ئەم هەڵیبێت و میللەتەكەی گورگان خوارد بكات.
زۆرێك لە وڵاتانی دواكەوتوو وەك ئەزعەفولئیمان هانی گەلەكەیان دەدەن، كە بە هەموو شێوەیەك دانەوێڵە تۆو بكەن و كشتوكاڵ بكەن و خۆیان بۆ رووبەرووبنەوەی برسیێتی لە سەر ئاستی گشتی ئامادە بكەن. رەنگە كەسانێك هەبێت تا ئەمرۆ ئەم بۆچونەیان بەلاوە ناواقعی بێت من تەنیا ئەوە دەڵێم لە ساتی داخستنی سنورەكانی وڵاتانی دەوروبەر لە سەر كوردستان بە تایبەتی توركیا چی روو دەدات، ئێمە ئەزمونی داخستنی پێشوترمان هەیە و كاریگەریەكەیمان بینیوە. داخستنی سنورەكان لە نێوان وڵاتاندا لە ساڵی 2023ەوە تەنیا بە هۆی سیاسەتەوە نیە، بەڵكو هاندەر و پاڵنەری ئەم برسێتی و نەهامەتیەیە، كە پێشبینی دەكرێت روو لە تەواوی مرۆڤایەتی بكات.
پوختەی سەرنج گۆڕانكاریەكی گەورەی ریشەی بەرێوەیە، مرۆڤایەتی لە تەواوی مێژووی خۆیدا نەیبینوە، مەزنی و قوڵی ئەم گۆڕانە ئەو بارەی خوڵقاندوە تەنیا میللەتانی پێشكەوتوو و گەلانی وشیار لە جەوهەر و ئاراستەی گۆڕانكاریەكان تێبگەن. لەم پرۆسەی گۆڕاندا چەندین هێزی گەورە توشی روخان و شكست دەبن، هاوكات ئەستێرەی چەندینی تر لە هەڵاتنەوە نزیكن. ئەو گەلانەی لە پێشەوەی شەمەندەفەری گۆڕانكاریەكانن، دەتوانن بە باشی دۆخی نوێی جیهان و ئاراستەی رووداوەكان بخوێننەوە، بۆیە زۆر جدین لە خۆئامادەكردن بۆ رووبەرووبنەوەی مەترسیەكان و دانانی بناغەی خۆیان لە واقعێكی تەواو گۆڕاو و نوێدا. گەلانی وشیار و دەسەڵاتی نیشتمان پەروەر لەم قۆناغەدا زۆر بە راشكاوانە و لەخۆبردەیەوە كار بۆ یەكخستنی بیرو دنیابینی و جوڵانەوەی سیاسی و خواستەكانی دەكات. كار لە سەر یەكریزی و یەكخستنی بەرەی ناوخۆی و بەرەی دەرەكی دەكات. بە باشی یاسا و رێساكانی گەمە سیاسیەكانی جیهانی نوێ دەخوێنێتەوەو و شەنوكەوی بۆ دەكات. گەلانی نەزان و دەسەڵاتی نارەشید خۆیان و میللەتەكەیان بەرەو نەهامەتی و كارەسات راپێچدەكەن.