قسەیەک بۆ پاشگەزبوونەوەکەی شاسوار عبدالواحد

هیوا حسن
چونەژوورەوەی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لە دانیشتنەکەی رۆژی شەممەی رابردوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پاشان ئەو بەرگریە سەختەی کە سەرۆکی جوڵانەوەکە لە دیدارێکی هەندێک لەکوردانی تاراوگە دەیکرد لە هەڵوێستیان و شانازیکردن بەوەی ئەوان خاوەنی بڕیاری خۆیانن و نابنە پاشکۆی هیچ هێزێکی ترو پەرلەمان ئەکەنە شوێنی بەدەستهێنانی داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان و ئامادە نین وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن دەرگای پەرلەمان دابخەن، تاڕادەیەک یاریەکی جوانی نێو گۆڕەپانی سیاسی عێڕاق بوو ، بەڵام ئەوەی ڕێسەکەی کردەوە بەخوری ئەوبوو  24سەعات بەسەر قسەکانی تێنەپەڕی، شاسوار عبدالواحد بە بەهانەیەکی زۆر لاوازو بێ بنەماو دوور لەعورفی سیاسی کە گوایە تاکو رۆژی چوارشەممە هەندێک لە خاڵەکانی ئەو ڕێکەوتنەی کە لەگەڵ سەدرا کردویەتی جێبەجێ نەکرێت ناهێڵێ پەرلەمانتارەکانی بەشداری دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێڕاق بکەن ، ئاخر ئەوەی کەمێک لەئەلف و بێی سیاسی بزانێت درک بەو راستیە ئەکات کە لەهیچ کوێی دونیا نەبووە رێکەوتنێک لەو ماوە کەمەدا جێبەجێ بکرێت چجای لە دۆخێکی ئاڵۆزو پڕ لە کێشمەکێشی وەک عێڕاق لەبەر ئەم هۆکارانەی چوارەوە:
1ـ وەک ئاشکرایە دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەر ڕێکەوتن و هاوپەیمانیەک  واژۆ بکرێت ئەوا جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنانە ئەکەوێتە دوای پێکهێنانی حکومەت ،چونکە لایەنی سەرەکی و براوەی یەکەم لەدوای پێکهێنانی حکومەت و گرتنە دەستی دەسەڵات ئەوکات ئەتوانێ بڕگەو مادەکانی ئەو ڕێکەوتنە جێبەجێ بکات ئەویش لە دۆخێکی ئارام و سەقامگیردا.
2 ـ ماوەی واژۆی ڕێکەوتنەکەو پەشیمان بوونەوەی شاسوار حەفتاو دوو سەعاتی تێنەپەڕاند ، ئاخر بەچی مەنتقێک ڕێکەوتنێک لەو ماوە کەمەدا جێبەجێ بکرێت لەکاتێکدا هێشتا ئاسۆی پێکهێنانی حکومەت و رووداوە سیاسیەکان روون و دیار نییە و بەجۆرێک لەجۆرەکان بەبنبەست گەیشتووە.
3 ـ هەر لەگەڵ واژۆکردنی رێکەوتنامەکە هەموو چاودێرانی سیاسی و خودی شاسواریش ئەیانزانی کە جێبەجێ کردنی ئەو ڕێکەوتنامەیە لەم دۆخە سیاسیە پڕ لەگێژاوەدا نزیکە لەمەحاڵەوە.
دەرەنجام ئەوە دوپات بووەوە کە ئەو نوسراوەی فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەناوی رێکەوتنەوە بڵاوی کردەوە هیچ بنەمایەکی ڕێکەوتنی تێدا نەبووە، بەپێچەوانەوە رووداوەکان و جوڵەکانی شاسوار عبدالواحد سەلماندی کە هەموو ئەو سیناریۆیانەی بەناوی ڕێکەوتن و پاشان چونەژوورەوەی دانیشتنی پەرلەمان جگە لەیاریەکی دۆڕاو و پرسێک بۆ بازرگانی هیچ پەیوەندیەکی بە ڕێکەوتن و کاری سیاسی و پەرلەمانیەوە نەبووە.

29/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر