هەڵبژاردنی پێش وەختەی عێڕاق لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 دەرەنجامی کۆمەڵێ قەیران و خۆپیشاندانەکانی بەغدا کرا بەمەبەستی چارەسەرکردنی بەشێک لەو قەیرانانە،بەڵام روداوەکانی دوای هەڵبژاردن بەجۆرێکی دیکە کەوتەوە ،لەبری باشکردنی دۆخی سیاسی و ژیانی هاووڵاتیانی عێڕاقی کەچی بینیمان لەماوەی هەشت مانگی دوای هەڵبژاردن جگە بە بنبەست گەیشتنی پرۆسەی سیاسی و خراپتربوونی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان هەڵبژاردن نەبووە هۆی گۆڕانکاری جددی لە دامەزراندنی حکومەتێکی نوێی تۆکمەو بتەو کە بتوانێت باری سیاسی و ئابوری ووڵات سەقامگیر بکات.
ئێمە ناڕۆینە ناوەڕۆکی ئەو ڕێگریانە ناوخۆیی و هەرێمایەتیەی کە نەیان هێشت کوتلەی زۆرینە حکومەت پێک بهێنێت ، مەبەستمانە شیکاریەک بۆ یاریەکانی موقتەدا سەدر بکەین کە بزانین دەرەنجامەکەی چی لێ دێت و ووڵات بەرەو کوێ دەبات؟ وەک ئاشکرایە سەدر وەک گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی لەگەڵ هاوپەیمانیەکانی لە بەشێک لەسونەو کورد نەیانتوانی نیسابی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دواتر بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێڕاق پێک بهێنن، ئەوەبوو سەدر قۆناغ بەقۆناغ کارتەکانی خۆی ڕاکێشا، یەکەم هەنگاوی 45 رۆژ مۆڵەتی دایە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەو پاشان 15 رۆژی دایە سەربەخۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەت،پاشان لەبڕیارێکی چاوەڕوان نەکراودا سەرجەم پەرلەمانتارەکانی لە پەرلەمان کشانەوەو چووە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی،هەرچەندە هەندێ شرۆڤەکاری سیاسی پێیان وابوو سەدر شکستی خواردووە بۆیە لەپەرلەمان کشایەوە، من بەپێچەوانەوە ئەیبینم کە سەدر هێشتا کارتی بەهێزی تری بەدەستەوەیەو لەکات و ساتی خۆیدا وەک فشارێک بەروی نەیارانیدا بەرزی ئەکاتەوەو گۆڕەپانەکە بۆ نەیارانی واتا چوارچێوەی هەماهەنگی چۆڵ ناکات و خۆیشی لەدوورەوە تەماشەکەر نابێت؟
ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە بۆ ژیانی سیاسی و کەسایەتی موقتەدا سەدر ئەو راستیەمان بۆ رون ئەبێتەوە کە ئەم سەرکردە لاوە جگە لەوەی پێشتر کەسێکی ڕاڕاو گۆڕانکاری لە هەڵوێستەکانیدا هەبووە کە ئەمە بە خاڵی لاوازی ئەو سەرکردەیە دائەنرا ، بەڵام لەبیرمان نەچێت خاڵە بەهێزەکانی سەدر شایەتی ئەوەمان بۆ ئەدات کە بڵێین سەدر تاکە سەرکردەیە لەعێڕاقدا ئەتوانێت هاوکێشەکان بەلایەکی دیکەدا بەرێت پێچەوانەی ئەوەی ئێران و هەندێ لە ووڵاتانی دیکە کاری بۆ دەکەن.
رێگای بەردەم چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان هەروا ئاسان نابێت بەبێ سەدر بتوانن حکومەتی نوێ پێک بهێنن، ئەگەر گریمان پێکیشی بهێنن هاوکێشەکە دوای پێکهێنانی حکومەت قورس و زەحمەت و پڕ ئاستەنگ ئەبێت بۆ سەرۆک و وەزیرەکانی کابینەی نوێی حکومەت .
ئەوەی شارەزای دۆخی سیاسی عێڕاق بێت ئەزانێت کە میلیشیاکان چی کاریگەریەکیان هەیە لە دانانی لەمپەر لەبەردەم دەسەڵات و دام و دەزگاکانی حکومەتدا بە تایبەتی هێزەکانی سەرایە سەلامی سەر بە موقتدا سەدرو ئەو هێزوحەشاماتەی لەدەوری ئەم رەوتە سیاسیەدا کۆبووەتەوە کە لەتوانیاندا هەیە نەهێڵن دەسەڵاتەکانی حکومەتی نوێ بچێتە دەرەوەی ناوچەی سەوزەوە،هەروەک بینیمان چۆن جەماوەرەکەی کۆنتڕۆڵی تەواوی هۆڵی پەرلەمانیان کرد لەکاتی خۆپیشاندانەکان بەناوی تشیرینیەکانەوە ، کەواتە یاریەکەی سەدر لەدوای پێکهێنانی حکومەتەوە دەست پێ دەکات لەرێگای خۆپیشاندنی جەماوەری و دروستکردنی لەمپەر لەبەردەم دام و دەزگاکانی حکومەت و قۆستنەوەی قەیران و نەهامەتیەکانی گەلانی عێڕاق وەک کارتێکی فشار، بەکورتی و بەکوردی ئەگەر سەدر نەیتوانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێک بهێنێت، بەڵام لەتوانایدا هەیە نەیەڵێ حکومەتی داهاتوو لەسەر پێیەکانی خۆیدا بووەستێ و ئەتوانێ لەماوەیەکی کەمدا تەواوی پرۆسەی سیاسی پەک بخات ،بێگومان لەوەها دۆخێکشدا ووڵات دوچاری شڵەژان و دروستبونی دەیان قەیرانی دیکە ئەبێتەوە کە زەرەرمەندی یەکەم هاووڵاتیانی عێڕاق ئەبێت، لەوەها دۆخێکیشدا تەنها چارەسەر ناچارکردنی حکومەتە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وختە، بەدڵنیاییەوە لەهەڵبژاردنی داهاتووشدا ڕێژەی دەنگەکانی تەیاری سەدر بەشێوەیەک بەرزئەبێتەوە کە چاوەڕوان نەکراو ئەبێت و ئەوکات ئەگەر هاوکێشە ئیقلیمیەکان لەبار بێت ئەتوانێ حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی کە خۆیان ئیدیعای بۆ دەکەن پێک بهێنێت، کەواتە سەدر ئەزانێ چی ئەکات و دامەکان بەچی ئاراستەیەک ئەجوڵێنێ بۆ بەرژەوەندی خۆی. ئەمەی سەرەوە راوبۆچونی خۆمە ڕەنگە گۆڕانکاریەکان و هاوکێشە سیاسیەکان بە ئاراستەیەکی دیکەدا بڕوات.