قوربانی لای دەزگاکانی ڕاگەیاندن چییە؟

هیوا حسن
سەرەتا بابێین بزانین قوربانی واتای چییەوئەدرێتە پاڵ کێوە؟ وەک ئاشکرایە لەزمانی کوردی و لە ئاخاوتنی رۆژانەی هاووڵاتیاندا قوربانی بە کەسێک ئەوترێت کە لە روداوێکدا گیان لەدەست ئەداو کۆچی دوایی ئەکات ، بەڵام ئەوەی بریندار ئەبێت پێی ناوترێ قوربانی ، بۆ نمونە ئەوترێ لەفڵانە روداودا ئەوەندە کەس مردووەو ئەوەندەش بریندار بووە، ئەمە ئاخافتنی رۆژانەی خەڵکە بۆ روداوەکان.

بەڵام بەداخەوە لەهۆیەکانی راگەیاندنەوە داڕشتنی ئەم هەواڵانە بەجۆرێکی دیکەیە بەشێوەیەک هەواڵەکە چەند قات هێندەی خۆی گەورە ئەکرێتەوە بێ گوێدانە ئەوەی ئەم شێوازە لەبڵاوکردنەوەی هەواڵ کاریگەری خراپی هەیە لەسەر سایکۆلۆجی هاووڵاتی کە خۆی گیرۆدەی دەیان کێشەو قەیرانی رۆژانەی ژیانی خۆی و خێزانەکەیەتی.

 کاتێک باسی روداوێکی هاتوچۆ ئەکرێت کە لەو روداوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوەو سییانی دیکەش بریندارە کەچی کاکی هەواڵساز ئەڵێ لەروداوێکدا پێنج کەس بوونەتە قوربانی کاتێک ئەڕۆیتە ناوەڕۆکی هەواڵەکەوە بەو شێوەیە نییەو تەنها دوو کەس مردنەو سیانەکەی دیکە بریندار بوونە،واتا ئەوان بریندارو مردوش هەر بە قوربانی ئەژمار ئەکرێت لەکاتێکدا وەک پێشتر باسمان کرد قوربانی تەنها بۆ کەسی مردووە، واتا نابێت بریندار بە قوربانی ئەژمار بکرێت تەنها لەحاڵەتێکدا بریندارو مردوو بە قوربانی ئەژمار ئەکرێت کە دۆسیەی روداوەکە رەوانەی دادگا بکرێت یان وەک رەخنەیەک هۆکاری روداوەکە بە دەسەڵاتداران و بەرپرسی تایبەتمەند بەو کێشەیە رابگەیەنرێت.

لەکۆتاییدا ئەڵێم ئەسڵەن هیچ پێویست ناکات روداوی رۆژانە بکرێتە مانشێتی هەواڵەکان و بیدەن بەگوێی خەڵکیدا مەگەر روداوەکە زۆر دەگمەن و کاریگەر بێت و بابەتی سیاسی لەپشتەوە بێت.

21/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر